لەپەیوەندیەکی تەلەفۆنیدا ڕۆژی سێ شەممە ٢٠٢٠/٦/٩ وەزیری نەوتی عێراق احسان عبدالجبار لەگەڵ هاوتا سعودیەکەی شازادە عبدالعزیز بن سلمان دڵنیایی دا کە عێراق پابەند دەبێت بە و ڕێژەیەی بۆی دانراوە لەلایەن هاوپەیمانی (ئۆپیک+)وە .
بەپێی ڕاگەیاندنی وەزارەتی نەوتی عێراق لە پەیوەندیە تەلە فۆنیەکەدا باسی بەرەو پێشەوە چونەکان لەبازاڕی نەوتدا کرا و هەوڵی بەرهەم هێنەرانی نەوت لە چوارچێوەی هاوپەیمانی( ئۆپیک + ) بۆ گەڕاندنەوەی سەقامگیری و هاوسەنگی بۆ بازاڕی نەوت بەرز نرخێنرا. وەزیری نەوتی عێراق جەختی کردەوە لە پشتگیری عێراق بۆ هەوڵی ئەندامان لەم بواردا. لەهەمان کاتدا پابەندبونی تەواوی عێراقی بەو ڕێژەیەی بۆی دیاری کراوە لە مانگەکانی حوزەیران و تەموز و ئەو ڕێکەوتننامەی ماوەکانی دواتریش بۆ هاوتا سعودیەکەی ڕاگەیاند. هەروەها وتی لەگەڵ ئەو ئاڵانگاری و نارەحەتیە دارایی و ئابوریا نەی دێتە پێشمان، عێراق پشتگیری لە ئەو هەنگاوانە دەکات کە (ئۆپیک+) دەیگرێتە بەر تاوەکو بەهۆیەوە سەقامگیری و هاوسەنگی بۆ بازاڕی جیهان بگەڕێتەوە. .
وەزارەتی نەوت و وەزیری نەوت تائێستا ڕوونیان نەکردوەتەوە کە چۆن دەتوانن پابەندبن بەکەم کردنەوەی ئەو ڕێژەیە کە بۆیان دیاری کراوە و ١ ملیۆن و ٦١ هەزار بەرمیلی ڕۆژانەیە جگە لە ڕێژەی قەربوەکەی مانگی ئایار. بەپێی ڕاپۆرتی بلومبێرگ ئاستی پابەند نەبونی عێراق ڕۆژانە ٥٢٠ هەزار بەرمیل بووە لەمانگی پێشودا . ئەوەش دەزانین لەساڵانی ڕابوردودا عێراق ١٠٠٪ نەیتوانیوە پابەند بێت بەو ڕێژەیەی بۆی دیاری کراوە.