ئامادەکردنی یادگار سدیق گەڵاڵی
نرخی نەوت لەمانگی نیساندا نزمترین ئاستی تۆمارکردووە. کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی ڕایگەیاند شایستەی دارایی مانگی نیسانی بۆ هەردو کێڵگەی تاوکی و تەقتەق وەگرتووە. لە تاوکی شایستەی هەردو کۆمپانیای دی ئێن ئۆ و گەنێڵ ئەنێرجی بەیەکەوە بریتی بووە لە ٨,٥$ ملیۆن دۆلار وە لەم بڕەش پشکی گەنێڵ بریتی بووە لە ٢,١$ ملیۆن دۆلار لەکاتێکدا لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ دا پێش ئەوەی نرخی نەوت دابەزێت شایستەی ئەو دووکۆمپانیایە لە تاوکی بریتی بووە لە ٧٧,٢$ ملۆن دۆلار . هەروەها شایستەی کێڵگەی تەقتەق لەمانگی ١٠ی ٢٠١٩ دا لە ١٠,٣$ ملیۆن دۆلارەوە دابەزیوە بۆ ١,٩ ملیۆن دۆلار لە مانگی نیسان ٢٠٢٠. بەرهەمی نەوتی تاوکی و فیشخاپور بریتییە لە ١٢٠ هەزار بەرمیلی ڕۆژانە وە کێڵگەی تەقتەق ١٣,٦٥٠ بەرمیلە لە ڕۆژێکدا .
هەروەها کۆمپانیای شامارانیش رایگەیاند لە کێڵگەی ئەتروش بڕی ١,٤$ ملیۆن دۆلاری وەک و شایستەی مانگی نیسان ٢٠٢٠ وەر گیراوە ،بەهەمانشێوە شایستەی کۆمپانیاکان لە کێڵگەی ئەتروش لەمانگی تشرینی یەکەمدا بریتیبوو لە ١٦,٢$ ملیۆن دۆلار. کێڵگەی ئەتروش ئاستی بەرهەمی ٤٦،٧٠٠ بەرمیلە لەڕۆژێکدا
بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە ڕاگەیاندنی کۆمپانیای گۆڵف کیستۆنە کە دەڵێت “پشکی داهاتی(ئینڤۆیس) کۆمپانیا بۆ مانگی نیسان کە پێشکەشی هەرێمی کردووە بڕەکەی هیچ نەبووە ،لەبەرئەوەی نرخی خاوی برێنت لە ژێر ئەوداشکاندنەوەبوو کە بۆ نەوتی شێخان دەکرێت ” بەمانایەکی تر نەوتی شێخان کە بەرهەمەکەی ڕۆژانە ٥٠ هەزار بەرمیلە هیچ پارەی نەکردووە. هەروەها کۆمپانیای گۆڵف کیستۆن دەڵێت بەهۆی بەرزبوونەوەی نەوت لەم چەند هەفتەیەدا فرۆشی نەوتمان بۆ مانگی ئایار پۆزەتیڤ دەبێت. کێڵگەی شێخان کە جۆری نەوتەکەی قورسەو پێش چەند ساڵێک کۆمپانیای گۆڵف کیستۆن ڕای گەیاندبوو کە نرخی نەوتی شێخان بە ١٨$ لەژێر نەوتی برێنتەوە دەفرۆشێت، بەڵام پێگەی بلومبێرگ ڕایگەیاند کە ، لەمانگی نیساندا نەوتی کێڵگەی شێخان بە ٢١ $ لەژێر نرخی خاوی برێنتەوە بووە. هەرلەو مانگەدا نرخی نەوتی خاوی برێنت لە ژێر ٢٠$ مامەڵەی پێوە کراوە و تا ١٣$ یش دابەزی . بۆیە بەهۆی ئەودابەزینە زۆرەوە ئەو کێڵگەیە هیچ داهاتی نەبووە، لە کاتێکدا لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ دا شایستەی دارایی کۆمپانیاکانی لەم کێڵگەیە کاردەکەن و نەوت بەرهەم دێنن وەک کۆمپانیاکانی تری کێڵگەکانی تری هەرێم داهاتێکی باشی هەبوە کە بریتی بووە لە ١٦$ ملیۆن دۆلار.
بەهەمانشێوەی کۆمپانیاکانی نەوت، حکومەتی هەرێمیش داهاتی بۆ ئاستێکی پێوانەیی کەمی کردووە. لەوتاری چەژنە پیرۆزەی سەرۆکی حکومەتدا لە ٢٠٢٠٢/٥/٢٢ دا دانی نا بەوەی کە سیاسەتی هەڵەی پشتبەستن تەنها بە داهاتی نەوت هۆکاری سەرەکی ئەم قەیرانەیە. هەروەها وتی داهاتی نەوتی هەرێم دابەزیوە بۆ ٣٠$ ملیۆن دۆلار،ڕاشی گەیاند هەرێم ٢٧ملیار دۆلارقەرزارە. ئەم لێدوانەی سەرۆکی حکومەت لێکدانەوەی جیای بۆ کراو کاردانەوەی لەئاستی جیادا لێکەوتەوە. بۆیە هەر زوو حکومەت لەڕیی ڕاوێژکاری داراییی سەرۆک وەزیرانەوە روونکردنەوەی دا لەسەر قەرزەکان. چاوەڕی دەکرێت حکومەت وردەکاری قەرز و پابەندییە داراییەکان لەچەند ۆژی ئایندەدا ڕابگەیەنێت.
شایەنی وتنە لەمانگی ئازاردا حکومەتی هەرێم بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە کێشەی داهاتی بۆ دروست بوو، بۆیە بڕیاریدا شایستەی دارایی کۆمپانیاکانی نەوت بۆ مانگەکانی ١١ و ١٢ ی ٢٠١٩ و ١ و ٢ی ٢٠٢٠ دوابخات لانی کەم بۆ ٩ مانگ و بەو هیوایەی نرخی نەوت بەرزببێتەوە. ئەم دواخستنەهیچ سودێکی ناچێتە سەر، وە لە مانگی ئازارەوە مانگانە و لە ١٥ ی هەرمانگێکدا کۆمپانیاکان شایستەکانیان وەربگرن. ئەمە دوەمجارە دوای ئەو بڕیارە کۆمپانیاکان شایستەکانیان وەردەگرن.