- ئۆپێک پێشبینییەکانی بۆ گەشەی خواست لەسەر نەوت لە ساڵی ٢٠٢٥ بۆ یەک ملیۆن و ٥٤٠ هەزار بەرمیل کەمدەکاتەوە
ڕێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپیک) بەگوێرەی ڕاپۆرتی مانگانەی خۆی کە ئەمڕۆ بڵاویکردووەتەوە، پێشبینییەکانی بۆ گەشەی خواستی جیهانی لە ساڵی 2024دا بە ڕێژەی 107 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا کەمکردووەتەوە و گەیشتووەتە 1.8 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا.
هەروەها ڕێکخراوەکە پێشبینیەکانی بۆ گەشەی خواست لەسەر نەوتی ئۆپێک+ بە نزیکەی 100 هەزار بەرمیل کەمکردەوە و لە هەمان ساڵدا گەیشتە 0.5 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا.
لەلایەکی دیکەوە ئۆپێک خەمڵاندنەکانی بۆ گەشەی پێداویستییەکانی دەرەوەی ئۆپێک+ لە ساڵی 2024دا وەک خۆی هێشتەوە، بەو پێیەی پێشبینی دەکات بگاتە 1.23 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، لە کاتێکدا چاوەڕوانییەکانی بۆ گەشەی ئەو پێداویستیانە بۆ ساڵی 2025 بە جێگیری ماوەتەوە لە 1.11 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا.
هەروەها ئۆپێک خەمڵاندنەکانی بۆ گەشەی خواستی جیهانی نەوت لە ساڵی 2025 کەمکردەوە بۆ یەک ملیۆن و 540 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا، ئەمەش ئاماژەیە بۆ چاوەڕوانییەکان بۆ دابەزینی ڕێژەی خواست لە ماوەی داهاتوودا، هەروەها ڕەنگدانەوەی ئەو ئاستەنگە ئابوورییە بەردەوامانەیە کە ڕووبەڕووی ئابووری جیهانی و بازاڕی وزە بە گشتی دەبێتەوە.