نووسینی چێن ئایگو/ رویترز
سەرچاوە بازرگانییەکان ڕایانگەیاندووە، داشکاندنەکان لەسەر نەوتی خاوی ئێران کە هەناردە دەکرێت بۆ چین بۆ نزمترین ئاستی لە ماوەی نزیکەی پێنج ساڵی ڕابردوودا دابەزیوە، ئەمەش بەهۆی کەمبوونەوەی هەناردەکردنی نەوتی ئێران کە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخەکان لە کاتێکدا ترسی ئەوە هەیە کە گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەتوانێت دابینکردنی نەوت پەکبخات.
ئەم داشکاندنە کەمترینە لەو کاتەوەی کە کۆمپانیا سەربەخۆکانی پاڵاوگە نەوتییەکانی چین کە بە “پاڵاوگەی دەفری چا” ناسراون، لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠١٩ دەستیان بە کڕینی نەوتی ئێران کردووە بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەی پاڵاوگە دەوڵەتییەکان بەجێیان هێشتووە لەترسی ئەو سزایانەی کە پێشتر ئەمریکا بەسەر ئێراندا سەپاندبووی .
بەرزبوونەوەی نرخی نەوت یان دابەزینی ڕۆیشتنی نەوتی ئێران کە 10%ی هاوردەکردنی نەوتی خاوی چین پێکدەهێنێت، کاریگەری نەرێنی لەسەر بەرهەمهێنان لە پاڵاوگە سەربەخۆکان دەبێت و قازانجەکانیان کە لەئێستادا کەمە زیاتر دەشێوێنێت لە کاتێکدا کە خواستی سووتەمەنی لە چین لاوازە.
داشکاندن بۆ نرخی نەوتی “سووکی ئێران” گەیشتووەتە کەمتر لە 4 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، بە داشکاندن بۆ پێوەرە جیهانییەکانی “برێنت”، هاوکات نرخی نەوتی “قورسی ئێرانی” گەیشتووەتە 7 دۆلاری کەمتر، بەپێی چوار سەرچاوەی ئاگادار لە مامەڵەی نەوتی ئێران.
وەزارەتی نەوتی ئێران دەستبەجێ وەڵامی داواکارییەکی بۆ لێدوان نەدایەوە.
دوو لەو کەسانە ئاماژەیان بەوەکردووە، گرێبەستێک لە نیوەی یەکەمی مانگی تشرینی یەکەمدا بە داشکاندنی 3.80 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک بۆ گەیاندنی ¹(DES) بۆ گەیاندنی لە مانگی تشرینی دووەم دا، داواشیان کردووە ناویان ئاشکرا نەکرێت بەهۆی هەستیاری مامەڵەکانەوە.
هەروەها ئۆفەر هەبوو بۆ بارکردنێک کە پێشبینی دەکرێت لە مانگی کانوونی دووەمدا بە داشکاندنی ٣ دۆلار بگاتە دەستمان، بەپێی بەڕێوەبەرێکی بازرگانی لە پاڵاوگەیەکی سەربەخۆ کە بنکەکەی لە شاری شاندۆنگە.
بەڕێوەبەری پاڵاوگەکانی دەفری چا زیاتر دەڵێت: ئۆفەر زۆر کەم هەیە بۆ گەیاندن لە مانگی نۆڤەمبەر یان کانوونی دووەمدا بەو پێیەی لە لایەنی ئێرانەوە بیستوومانە کە کێشەی بارکردن هەیە.
بازرگانان ڕایانگەیاندووە، داشکاندنی نەوتی سوکی ئێران لە سەرەتای ئەمساڵدا لە دەوروبەری 5 بۆ 6 دۆلار سەقامگیر بووە، دوای ئەوەی لە کۆتایی ساڵی 2023دا داشکاندنەکان دوو ژمارەیی بوون.
بەرپرسێکی دیکەی بازرگانی لە پاڵاوگەی شاندۆنگ وتی فرۆشیاران نرخەکانیان “بەرزکردووەتەوە” بەهۆی کەمبونەوەی بارکردن، هەروەها بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی سعودیە لە مانگی ئۆکتۆبەردا.
داتاکانی کۆمپانیاکانی بەدواداچوونی تانکەرەکان کەپلەر و ڤۆرتێکسە باس لەوە دەکەن کە بارکردن لە بەندەرەکانی هەناردەکردن، لەنێویاندا ناوەندی دوورگەی خارک لە ئێران، لە مانگی تشرینی یەکەمدا بە بەراورد بە مانگی ئەیلول بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە و خاوەن کەشتیەکان نیگەرانن لە ئەگەری هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەکانی ئێران کە ئەمەش ڕووی نەداوە.
موی ئێکس، شرۆڤەکاری کەپلەر دەڵێت: “ترس لە تۆڵەسەندنەوەی ئیسرائیل ڕۆڵی هەبوو, بەڵام کاریگەرییەکەی کەمتر بوو لەوەی بازاڕ چاوەڕێی دەکرد.”
شرۆڤەکارانی ڤۆرتێکسا ڕایانگەیاندووە، لە نیوەی یەکەمی مانگی تشرینی یەکەمدا کاریگەری لەسەر بارکردن هەبووە، قەبارەی بارکردن بە ڕێژەی یەک لەسەر سێ بۆ 16 ملیۆن بەرمیل دابەزیوە لە ڕێژەی ئاسایی نزیکەی 24 ملیۆن بەرمیل.
سەرچاوەیەکی شەشەم کە ئاشنایە بە دامەزراوەکانی هەناردەکردنی نەوتی ئێران، ڕایگەیاند لێچونی بۆرییەک لە ناوچەی دۆکینگ لە دوورگەی خارک بەشدار بووە لە خاوبوونەوەی بارکردن.
پاڵاوگەکانی دەفری چا یەکێک لە خراپترین قۆناغەکانی دا تێدەپەڕێت لەو کاتەوەی لە ساڵی ٢٠١٦ دەستیان بە هاوردەکردنی نەوتی خاو کردووە، کەمێک زیاتر لە ٥٠%ی توانای کارکردنیان هەیە و هەندێکیشیان بە زەرەر کاردەکەن، بەپێی بازرگانەکان.
سەرچاوەی یەکەم لە پاڵاوگەکانی شاندۆنگ وتی: “ئێمە بەزەحمەت قازانج دەکەین و زەرەرێکی گەورەمان لە بەرهەمهێنانی گازۆیلدا هەیە”.
زۆرجار نەوتی ئێران لەلایەن بازرگانانەوە پۆلێن دەکرێتەوە بۆ ئەوەی وا دەربکەوێت کە لە مالیزیا، عومان، یان وڵاتانی دیکەوە هاتبێت بۆ دەربازبوون لە سزاکانی ئەمریکا، لەکاتێکدا پەکین چەندین جار بەرگری لە بازرگانی نەوت لەگەڵ ئێران دەکات بەوەی بازرگانییەکی شەرعی و و پابەندبوون بە یاسا نێودەوڵەتییەکان.
DSE -1 واتە فرۆشیار نەوتەکە دەیگەیەنێتە دەستی کڕیار لەو شوێنەی کڕیار دیاری دەکات.