-
لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣دا بۆ سێیەم ساڵ لەسەریەک بەرهەمهێنانی نەوتی جیهان بەردەوام بوو لە بەرزبوونەوە و ئاستی پێش پەتای کۆرۆنای تێپەڕاند، سەرەڕای کەمکردنەوەی دابینکردنی نەوتی ئۆپێک+.
بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکانی بازاڕی نەوت، هاوپەیمانی ئۆپێک+ درێژەی بە ڕێککەوتنەکەی دا بۆ کەمکردنەوەی دابینکردنی بە ڕێژەی دوو ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٣، پێش ئەوەی تا ساڵی ٢٠٢٤ درێژیبکاتەوە، هەروەها چەند وڵاتێکی هاوپەیمانیەکە لە مانگی ئایاری ٢٠٢٣ەوە ڕەزامەندییان دەربڕی لەسەر کەمکردنەوەی خۆبەخشانە، بە سەرۆکایەتی سعودیە و ڕووسیا.
بەڵام سعودیە لەوێدا نەوەستا، بەڵکو لە مانگی تەمموزەوە دەستپێکردنی کەمکردنەوەی خۆبەخشانەی زیاتری بەرهەمهێنان بە بڕی یەک ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا جێبەجێکرد، بەو پێیەی شانشینی سعودیە بەرپرسیارێتی لە ئەستۆدایە بۆ دەستەبەرکردنی سەقامگیری بازاڕی نەوت بە هاوکاری ئەندامانی ئۆپێک و هاوپەیمانەکانی، بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز.
لەبەرامبەردا بەرزبوونەوەی بەرچاوی بەرهەمهێنانی نەوتی ئێران بەدیهاتووە و گەیشتووەتە بەرزترین ئاست لەماوەی 5 ساڵدا، بەتایبەتی کە هاوشانی لیبیا و ڤەنزوێلا لە ڕێککەوتننامەی ئۆپێک+ بەخشراوە.
لە دەرەوەی وڵاتانی ئۆپێک، بەرهەمهێنانی نەوتی ئەمریکا لە چاوەڕوانییەکان زیاتر بوو، بەتایبەتی لە ماوەی نیوەی دووەمی ئەمساڵدا، لە مانگەکانی ئاب و ئەیلوولی ٢٠٢٣ ئاستی پێوانەیی تۆمارکرد لە سەرووی ١٣ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا.
لەگەڵ ئەوەی وڵاتانی ناوهاوپەیمانی ئۆپیك پلەس بەرهەمیان کەمکردەوە بەڵام دابینکردنی زیاتر لە چاوەڕوانکراوی ئەمەریکا، و زیادبوونی بەرهەمهێنانی بەرازیل و ئێران – لەگەڵ خاوبوونەوەی خواستدا – ڕێگری لە کورتهێنانی گەورەی بازاڕی نەوت لە ماوەی چارەکی کۆتایی ساڵی ٢٠٢٣دا کرد.
بەرهەمهێنانی نەوتی جیهانی لە ساڵی ٢٠٢٣
خەمڵاندنە سەرەتاییەکان ئاماژە بە بەرزبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت و سووتەمەنی شل لە جیهاندا دەکەن کە لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣دا ١٠١.٦٢ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدابووە، کە بەرزترین ئاستە تا ئێستا، لە کاتێکدا لە ساڵی ٢٠٢٢دا ٩٩.٩٩ ملیۆن بەرمیل بووە، وە ٩٥.٧٠ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا لە ساڵێ ٢٠٢١ دا، بەپێێ هەڵسەنگاندنەکانی ئیدارەی زانیاری وزەی ئەمریکا.
لە سەردەمی پەتای کۆرۆنا (٢٠٢٠)دا ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت و شلەمەنیەکانی دیکە لە جیهاندا بۆ ئاستی ٩٤ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا دابەزیبوو، بە بەراورد بە ساڵی پێشتری (٢٠١٩) ١٠٠ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، واتە لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣دا توانیبووی ئاستی پێش پەتاکە تێپەڕێنێت، تەنانەت لەگەڵ کەمکردنەوەکانی هاوپەیمانی ئۆپێک+یشدا، بەپێی چاودێریکردنی یەکەی توێژینەوەی وزە.
لەسەر بنەمای مانگانە، ئیدارەی زانیاری وزە مەزەندە دەکات کە بەرهەمی جیهانی نەوت و سووتەمەنی شل لە ماوەی مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣دا بگاتە ١٠١.٩٢ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا،بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، بەومانایەدێت لە ئاستی پێوانەیی کە لە مانگی پێشوودا تۆمارکرابوو کە ١٠٢.٥٣ ملیۆن بەرمیل بوو کەمتربێت.
بەرهەمهێنانی نەوت و شلەمەنی لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٣دا بە ١٠٠ ملیۆن و ٦٧٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا دەستیپێکرد، و بە ئاراستەی هەڵکشان ڕێی گرتەبەر تا لە ماوەی مانگی نیساندا گەیشتە ١٠١.٤٩ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، پێش ئەوەی لە مانگی ئایاردا بۆ ١٠٠.٨٠ ملیۆن بەرمیل دابەزێت، ئەوکاتەی کە کە ٩ وڵات لە ئۆپێک+ لە وڵاتانی ئۆپێک+ هاوپەیمانییەکە خۆبەخشانە بەرهەمیان کەمکردەوە، بە سەرۆکایەتی سعودیە و ڕووسیا.
بەرهەمی جیهانی لە مانگی حوزەیران جارێکی دیکە بەرزبووەوە و بۆ یەکەمجار ئاستی ١٠٢ ملیۆن بەرمیلی رۆژانەی تێپەڕاند، پاشان دوای بەرزبوونەوە و دابەزین بە خێراییەکی کەم گۆڕانکاری بەسەردا هات تا لە مانگی تشرینی دووەمدا گەیشتە ئاستێکی پێوانەیی نوێ (١٠٢.٥٣ ملیۆن)، وەک ئەو گرافیکەی خوارەوە دەری دەخات:
لەڕووی بەرهەمهێنانی نەوتی خاوەوە، ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی لەساڵی ٢٠٢٣دا گەشەی نەوتی خاو بۆ ٩٦.٤ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا دەخەمڵێنێت، لەکاتێکدا ساڵی ڕابردوو ٩٤.٩ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا بووە، لەگەڵ بەرزبوونەوەی بۆ بەرزترین ئاست لە چارەکی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣دا بۆ نزیکەی ٩٧ ملیۆن بەرمیل.
لە کاتێکدا ئاژانسی وزە پێشبینی دەکات کۆی گشتی دابینکردنی نەوتی جیهانی – کە سووتەمەنی و بەرهەمی بەدەست هاتوو لە کارەکانی پرۆسێسکردن لەخۆدەگرێت – لە ساڵی ٢٠٢٣دا بۆ ١٠١.٩ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەرزبێتەوە، لە کاتێکدا لە ماوەی ساڵی پێشوودا ١٠٠.١ ملیۆن بەرمیل بووە، وە بۆ ساڵی سێیەم بەردەوام بێت لە بەرزبوونەوەی لەسەر یەک، دوای ئەوەی لە ماوەی ساڵی پەتاکەدا لە داکشاندا بوو .
پێدەچێت وڵاتانی دەرەوەی هاوپەیمانی ئۆپێک+ لە ساڵی ٢٠٢٣دا پێشەنگی گەشەی دابینکردنی جیهانی بن، بە بڕی ٢.٢ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، ئەمریکا دوو لەسەر سێی ئەم زیادبوونە پێکدەهێنێت، بەپێی ئەوەی یەکەی لێکۆڵینەوەی وزە لە خەمڵاندنەکانی ئازانسی وزەی نێودەوڵەتی چاودێریی کردووە.
لەبەرامبەردا، دابینکردنی نەوتی وڵاتانی ئۆپێک+ بەرەو دابەزین دەڕوات بە نزیکەی ٤٠٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا لە ساڵی ٢٠٢٣، کە دەگاتە ٥١.٨ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا – لەنێویاندا ٣٤.١ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا لە 13 وڵاتی ئۆپێکەوەیە – بەهۆی کەمکردنەوەی دابینکردنی نەوت کە لەلایەن سعودیەوە لە ساڵی 2023 جێبەجێکرا ئەمەش پشکی بازاڕی جیهانی هاوپەیمانییەکەی بۆ ٥١٪ کەمدەکاتەوە، کە نزمترین ئاستە لە دوای دامەزراندنیەوە لە ساڵی ٢٠١٦.
کاتێک سەیری ئەدای مانگانەی ساڵی ٢٠٢٣ دەکەین، خەمڵاندنەکانی ئیدارەی زانیاری وزەی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکەن کە بەرهەمهێنانی نەوتی خاو و سووتەمەنی شل لەلایەن ئۆپێکەوە لە ساڵی ٢٠٢٣ لە ماوەی مانگەکانی ئازار و نیساندا گەیشتە بەرزترین ئاستی، کە لە سەرووی ٣٤ ملیۆن بەرمیل بووە لە ڕۆژێکدا، پێش دەستپێکردنی کەمکردنەوەی خۆبەخشانەی بەرهەمی نەوت لە لایەن ئەندامانەوە لە مانگی ئایاردا، لەو کاتەوە بەرهەمهێنان دەستی بە دابەزین کرد و لە مانگی کانوونی یەکەمدا گەیشتە ٣٣ ملیۆن، بەپێی دوایین پێشبینییەکان.
بە پێچەوانەی ئەم ڕەوتە دابەزینە، بەرهەمهێنانی نەوت و سووتەمەنی شل لە دەرەوەی ئۆپێک لە ساڵی ٢٠٢٣ بە ٦٦.٨٥ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا دەستیپێکرد، و ڕێڕەوێکی بەرەو سەرەوەی گرتەبەر تاوەکو لە مانگی نۆڤەمبەردا گەیشتە بەرزترین ئاستی ٦٩.٤١ ملیۆن، لەگەڵ ئەوەی خەمڵاندنەکان لە ماوەی مانگی کانوونی یەکەمدا ئاماژە بە کەمبوونەوە بۆ ٦٨.٨٦ ملیۆن بەرمیل دەکات، وەک لەم وێنەیەی خوارەوەدا دەردەکەوێت:
بەرهەمهێنانی نەوتی خاو لە ئۆپێک
یەکەی توێژینەوەی وزە مەزەندە دەکات کە تێکڕای بەرهەمهێنانی نەوتی خاوی ئۆپێک لە ساڵی ٢٠٢٣دا بۆ ٢٨.١٢ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا دادەبەزێت، لە کاتێکدا لە ساڵی ٢٠٢٢دا بریتی بووە لە ٢٨.٨٥ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا ، کە یەکەم دابەزینە لە ماوەی ٣ ساڵدا، ئەمەش هاوتەریبە لەگەڵ سیاسەتی کەمکردنەوەی دابینکردنی نەوتی خاو ی وڵاتانی ئەندام.
سەبارەت بە ئەدای مانگانە، بەرهەمهێنانی نەوتی ئۆپێک لە ماوەی مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٣ لە ٢٨.٧٩٨ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا دەستیپێکردووە، پێش ئەوەی بەرزترین ئاستی ئەمساڵ لە مانگی شوباتدا تۆمار بکات کە ٢٨.٧٨٣ ملیۆن بەرمیل بووە، دواتر ڕێڕەوی دابەزینی گرتەبەر تا گەیشتە نزمترین ئاست لە ساڵی ٢٠٢٣ بە ٢٧.٣٥ ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا لە مانگی تەمموزدا، یەکەم مانگی دەستپێکردنی کەمکردنەوەی خۆبەخشانەی زیادە لەلایەن سعودیەوە بە بڕی یەک ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا.
بەرهەمهێنانی نەوتی ئۆپێک لە چەند مانگی دواتردا بە ڕێژەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە (هەرچەندە ئاستی ٢٨ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدای تێپەڕ نەکرد) بە سەرکردایەتی وڵاتانی ئەفریقای وەک ئەنگۆلا و نەیجیریا، لەگەڵ ئێران کە لە ڕێککەوتنی کەمکردنەوەی دابینکردنی نەوت بەخشراون، بەهۆی سزاکانی ئەمریکاوە.
لە مانگی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ بەرهەمهێنانی ڕێکخراوەکە گەیشتووەتە ٢٧.٨٣٧ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا – دوایین مانگ کە ئۆپێک ڕایگەیاندووە – لە کاتێکدا یەکەی توێژینەوەی وزە پێشبینی دەکات لە ماوەی مانگی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣دا بۆ ٢٧.٧٩ ملیۆن بەرمیل دابەزێت.
ئەم گرافیکەی خوارەوە بەرهەمی مانگانەی نەوتی خاو لەلایەن وڵاتانی ئۆپێکەوە لە ماوەی نێوان ساڵانی ٢٠١٩ بۆ ٢٠٢٣ نیشان دەدات:
وەک هەمیشە بەرهەمهێنانی سعودیە کاریگەرترین بوو لە گۆڕانکارییەکانی بەرهەمهێنانی ئۆپێک لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣دا، بەتایبەتی کە لە پێشەنگی کەمکردنەوەی خۆبەخشانەی دابینکردن بوو لە ڕووی بڕەوە بۆ سەقامگیرکردنی بازاڕ، ئەمەش وایکرد بەرهەمهێنانی بەزۆرترین رێژە کەمبکاتەوە لەنێو ئەندامانی ڕێکخراوەکەدا.
بەرهەمهێنانی نەوت لە سعودیە لە ساڵی ٢٠٢٣ بە ١٠ ملیۆن و ٢٩٥ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا دەستیپێکرد، مانگانەش بەرزبووەوە تا گەیشتە بەرزترین ئاست بۆ ساڵی ٢٠٢٣ و لە مانگی نیسانی ٢٠٢٣دا گەیشتە ١٠ ملیۆن و ٤٩٦ ملیۆن بەرمیل، پێش ئەوەی دابەزی بۆ نزمترین ئاست لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢١ەوە، کە گەیشتە ٩ ملیۆن و ٩٧٦ ملیۆن بەرمیل لە مانگی ئایاردا، لەگەڵ دەستپێکردنی کەمکرنەوەی خۆبەخشانەی بەرهەم.
لە مانگی نیسانی ٢٠٢٣، سعودیە لەگەڵ ٨ وڵاتی هاوپەیمانی ئۆپێک+، کەمکردنەوەی کتوپڕی خۆبەخشانە لە دابینکردنی بە کۆی گشتی یەک ملیۆن و ٦٥٧ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا ڕاگەیاند، کە لە مانگی ئایاری ٢٠٢٣ەوە دەستپێدەکات تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٣ – پێش ئەوەی دواتر درێژیبکاتەوە تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٤ – و وەک ڕێوشوێنێکی خۆپارێزی وەسف کرا کە ئامانج لێی پشتگیریکردنە لە سەقامگیری بازاڕەکانی نەوت.
جگە لە ڕێککەوتنی کەمکردنەوەی دابینکردنی ئیجباری بۆ وڵاتانی ئۆپێک+ بە بڕی دوو ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، سعودیە و ڕووسیا بەشدارییان لەم کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانەدا کردووە بە ڕێژەی نزیکەی ٥٠٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا بۆ هەریەکەیان، دواتر ئیمارات ١٤٤ هەزار، کوێت ١٢٨ هەزار، کازاخستان ٧٨ هەزار ، جەزائیر ٤٨ هەزار، و سوڵتانشینی عومان ٤٠ هەزار.و گابۆن ٨ هەزار.
بەگەڕانەوە بۆ پێشهاتەکانی بەرهەمهێنانی نەوتی سعودیە، لە مانگی تەمموزی ٢٠٢٣ بەردەوام بوو لە دابەزین بۆ ٩.٠٥ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، کە نزمترین ئاستە تۆماریکردبێت لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠٢١ەوە، دوای ئەوەی شانشینی سعودیە ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر کەمکردنەوەی خۆبەخشانە زیادەی یەک ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، و دواتر جێگیر بوو کەمێک لە خوار ٩ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا لە ماوەی مانگەکانی دواتر تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٣، وەک لە وێنەی خوارەوەدا دیارە:
بە پێچەوانەی سعودیە، ئێران ئەو وڵاتەی ئۆپێک بوو کە زۆرترین بەرهەمی نەوتی زیاد کرد، بەو پێیەی لەگەڵ لیبیا و ڤەنزوێلا بەخشرابوون لە کەمکردنەوەی دابینکردنی نەوت، بەرهەمی تاران لە ماوەی مانگی کانوونی دووەمدا گەیشتە ٢ ملیۆن و ٥٥٤ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا، و بە درێژایی ساڵ ڕەوتێکی بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی .
ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی خاوی ئێران لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠٢٣ گەیشتە ٣.١٢٨ ملیۆن و خەمڵاندنەکانی یەکەی توێژینەوەی وزە لە مانگی کانوونی یەکەمدا دەگاتە ٣.١٣ ملیۆن کە بەرزترین ئاستە لە ساڵی ٢٠٢٨ەوە تۆماریکردبێت، دوای دووبارە سەپاندنەوەی سزاکانی ئەمریکا بوو بەسەر تاران دوای کشانەوەی لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی.
گرافیکەکە کە لەلایەن یەکەی لێکۆڵینەوەی وزە ئامادەکراوە، بەرهەمهێنانی نەوتی ئێران لە مانگێکدا لە نێوان ساڵانی ٢٠١٩ بۆ ٢٠٢٣ نیشان دەدات:
جگە لە گۆڕانکارییەکانی بەرهەمهێنان، کشانەوەی ئەنگۆلا لە ئۆپێک لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠٢٣ ڕووداوێکی دیار بوو، چونکە ئەو وڵاتە ئەفریقییە ڕایگەیاند کە ڕێکخراوەکە بەجێدەهێڵێت بۆ بەرگریکردن لە بەرژەوەندییەکانی، ئەمەش دوای زنجیرەیەک ناکۆکی لەسەر پشکی بەرهەمهێنان، بەرهەمهێنانی ئەنگۆلا گەیشتە یەک ملیۆن و ١٠٠ هەزار بەرمیل بۆ هەر بەرمیلێک ڕۆژێک لە ماوەی ئەمساڵدا، وەک لە وێنەکەدا دەردەکەوێت.
بەرهەمهێنانی نەوت لە دەرەوەی وڵاتانی ئۆپێک
بەپێی هەڵسەنگاندنی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە، خەمڵاندنە سەرەتاییەکان ئاماژەن بۆ زیادبوونی دابینکردنی نەوت بۆ وڵاتانی دەرەوەی ئۆپێک بۆ ٦٧.٨ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا لە ساڵی ٢٠٢٣دا، لە کاتێکدا لە ساڵی ٢٠٢٢دا بریتی بوو لە ٦٥.٦ ملیۆن بەرمیل بووە، کە ئەمریکا، بەرازیل، گویانا و کەنەدا پێشەنگایەتییان کردووە.
ئەمریکا پێشەنگی زۆرینەی گەشەی دابینکردنی نەوتە لەنێو بەرهەمهێنەرانی دەرەوەی ئۆپێک، بەو پێیەی بەردەوامە لە رووبەڕووبوونەوەی چاوەڕوانییەکان و شکاندنی ژمارەی پێوانەیی، بەجۆرێک کۆی گشتی دابینکردنی نەوت (لەوانەش شلەی چڕ و شلەمەنی گازی) لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣دا لە ٢٠ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا تێپەڕیوە.
سەبارەت بە بەرهەمهێنانی نەوتی خاو تەنها لە مانگی ئابی ٢٠٢٣دا بەرزترین ئاستی تۆمارکردووە، کە ١٣.١٠٢ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا بووە، کە ژمارەی پێوانەیی پێشووی تێپەڕاندووە کە لە تشرینی دووەمی ٢٠١٩دا تۆمارکراوە، هەروەها بەردەوام بووە لە گەیشتن بە ئاستی پێوانەیی نوێ لە مانگی ئەیلولی ٢٠٢٣ بە ١٣.٢٣٦ ملیۆن.
بەپێی خەمڵاندنەکانی ئیدارەی زانیاری وزەی ئەمریکا، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی ئەمریکا لە مانگەکانی تشرینی یەکەم و تشرینی دووەمدا گەیشتووەتە ١٣.٢٦ ملیۆن و ١٣.٢٧ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، بەپێی خەمڵاندنەکان لە کۆتا مانگی ساڵی ٢٠٢٣دا دەگاتە ١٣.٢٦ ملیۆن بەرمیل.
ئەم گرافیکەی خوارەوە کە لەلایەن یەکەی توێژینەوەی وزە ئامادەکراوە، بەرهەمی مانگانەی نەوتی خاوی ئەمریکا لە نێوان ساڵانی ٢٠١٩ بۆ ٢٠٢٣ نیشان دەدات:
گەشەی دابینکردن بەهۆی بەردەوامی زیادبوونی بەرهەمهێنانی نەوتی بەردین( شێلەوەیە)، کە بەهۆی باشترکردنی کارایی کارکردن و ڕێژەی بەرزی بەرهەمهێنانی بیرەکان، لە هەمان کاتدا بەردەوامی لە بووژانەوەی تێکشکانی ئاوی (هایدرۆ فرەکین Hydro-fracking)و کونکردنی ئاسۆیی.
پێدەچێت بەرهەمهێنانی نەوتی بەردین(شێل) لە ئەمریکا لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣دا بگاتە ٩.٦٩ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، لە کاتێکدا لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا ٩.٢٩ ملیۆن بەرمیل بووە، وەک لەم ئامارەی خوارەوەدا دەردەکەوێت:
لەگەڵ زیادبوونی بەرهەمهێنانی بیرەکان، کەمبوونەوەی سەکۆکانی هەڵکەندنی نەوتی(ریگ) ئەمریکا لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣دا کاریگەرییەکی بەرچاوی نەبووە لەسەر ئاستی بەرهەمهێنان، بەو پێیەی ژمارەکە لە هەفتەی کۆتایی هاتنی ٢٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢دا گەیشتە ٤٩٨ ئامێری هەڵکەندنی نەوت، کە نزمترین ئاستە لە ماوەی ٦ هەفتە و نزیکەی ١٢٤ سەکۆی هەڵکەندن (ڕیگ) کەمترە لە ئاستەکانی بۆ هەمان ماوەی ساڵی ٢٠٢٢.
حەوزی پێرمیان پێشەنگی زیادبوونی بەرهەمهێنانی نەوتی بەردین (شێل) بوو لە ئەمریکا لەمساڵدا، ئەمەش بەهۆی ڕێژەی بەرزی بەرهەمهێنانی بیرەکانەوە، چونکە پێشبینی دەکرێت لە ماوەی مانگی کانوونی یەکەمدا بگاتە ٥.٩٨ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، دوای ئەوەی لە ساڵی ٢٠٢٣ لە مانگی کانوونی دووەمدا بە ٥.٦٩ ملیۆن بەرمیل دەستیپێکرد.
سەبارەت بە ڕووسیا کە یەکێکە لە گەورەترین وڵاتانی بەرهەمهێنەری دەرەوەی ئۆپێک، پێدەچێت بەرهەمهێنانی نەوت و سووتەمەنی شل لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣دا بۆ ١٠.٧٥ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا دابەزێت، لە کاتێکدا ساڵی ڕابردوو ١٠.٩٧ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا بوو، ئەمەش بەهۆی کاریگەرییەکانی سزاکانی ڕۆژئاواوە و کاردانەوەکانی لەشکرکێشی ئۆکرانیا، جگە لە کەمکردنەوەی خۆبەخشانە.بۆ بەرهەمهێنان و هەناردەکردن بە هاوکاری هاوپەیمانی ئۆپێک+.
ئەم وێنەیەی خوارەوە ڕێژەی بەرهەمهێنانی مانگانەی ڕووسیا لە نەوتی خاو و سووتەمەنی شل لە نێوان ساڵانی ٢٠١٩ بۆ ٢٠٢٣ نیشان دەدات:
بەپێی دوایین خەمڵاندنەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی خاوی ڕووسیا لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2023دا نزیکەی 30 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا کەمیکردووە و گەیشتووەتە ٩ملیۆن و ٥٠٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا، مۆسکۆ بەڵێنی داوە لە مانگی ئەیلولەوە تاوەکو کۆتایی ساڵی ٢٠٢٣ هەناردەکردنی نزیکەی ٣٠٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا کەمبکاتەوە. لەگەڵ پێشبینییەکانی دابەزینی زیاتری بەرهەمهێنان لە ماوەی مانگی کانوونی یەکەمدا، دوای ئەوەی وڵاتەکە ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر کەمکردنەوەی زیاتری نزیکەی 50 هەزار لە ماوەی ئەم مانگەدا.
پێشبینی دەکرێت لە تەواوی ساڵی ٢٠٢٣دا بەرهەمی نەوت و کۆندێنسێت لە ڕووسیا بگاتە ١٠ ملیۆن و ٩٥ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا، کە لە چاو ساڵی ڕابردوودا ١٤٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا کەمیکردووە.
راپۆرتی یەکەی توێژینەوەی وزە – ئەحمەد شەوقی