دوای ئەوەی رۆژی دووشەممە نەوتی خاوی تەکساس بۆ گرێبەستی مانگی ئایار دابەزینێکی مێژوویی تۆمارکرد و دابەزی بۆ ژێر سفر، ئەمڕۆ سێشەممە خامی برێنت کە ریفرانسێکی جیهانییە و دوو لەسەر سێی مامەڵە نەوتییەکانی جیهان پەیوەستە پێوەی ژمارەیەکی پێوانەیی تۆمار کرد بە ١٣،٢٤$ مامەڵەی پێوەکرا کە بەپێی ڕاپۆرتی S&P Globall Platt لە ساڵی ٩٩٩ ئەمە نزمترین ئاستە .
ئەمە مانای ئەوە دەگەیەنێت ئێستان سەرچاوە کانی نەوتی ئەوروپا لە ژێر ١٠$ وە مامەڵەی پێوە دەکرێت. هەریەک لە بۆنی لایتی نەیجیریا و ئۆراڵی روسیا و نەوتی عێراق و هەرێم وچەندین وڵاتی تریش بەداشکاندن لەژێر نرخی خاوی برنتەوە نەوتەکانیان دەخەنە بازاڕەوە .لەلایەکی ترەوە مامەڵەکان بۆ گرێبەستی مانگی حوزەیرانی برێنت لە ٢٤% دابەزی و لە ١٩.٣٣$ دا داخرا.
سەبارەت بە مامەڵەی نەوتی تەکساسیش بۆ مانگی حوزەیران رۆژی سێشەممە ٤٣% دابەزی و بە ١١.٥٧$ داخرا. وەزیرانی نەوتی وڵاتانی هاوپەیمانی ئۆپیک پلەس بەبێ ئەوەی پێشتر بەرنامەیان بۆ دانابێت ئەمڕۆ تەلەفۆن کۆنفرانسێکیان ئەنجامدا، بۆ تاوتوێکردنی دابەزینی نرخی نەوت، بەڵام هیچ رێوشوێنێکی نوێ یان رانەگەیاند.
بەهۆی کاریگەریەکانی ڤایرۆسی کرۆناو مانەوەی خەڵک لەماڵەوە و بەکارنەهێنانی هۆکانی گواستنەوەی زەمینی و ئاسمانی و تایبەت و گشتی، بەتایبەت لەوڵاتە گەورە بەکار بەر و پیشەسازیاکانی جیهان لەناویاندا ئەمەریکا و هیندستان، کە لە هەرە گەورە بەکاربەرەکانی جیهانن ، ئەمە جگە لە زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا و پڕ بوونی کۆگای پاڵاوگەکانی نەوت، بۆیەخواست لەسەر نەوت و بەرهەمە نەوتییەکان بەرێژەیەکی بێوێنە لەمێژودا دابەزیوە و خستنەڕوش هەربەردەوامە، لەئاکامدا کۆگاکانی ئەمبارکردنی نەوت لە جیهاندا بەرەو پڕ بوون دەچن و تەنانەت کەشتیگەلێکی زۆریش نەوت ئەمبار دەکەن لەدەریادا. کۆمپانیای رۆیاڵ ڤۆپال کە گەورەترین کۆمپانی تایبەتی ئەمبارکردنە دەڵێت نزیکین لەوەی هیچ شوێنی ئەمبارکردنمان نەمێنێت.
زیاد لە ٣٦ کەشتی نەوت هەڵگر لە کەناراوەکانی کالیفۆرنیان بە زیاتر لە ٢٠ ملیۆن بەرمیل نەوتەوە کە ٢٠% پێداویستی جیهانە و هیچ شوێنێک نییە بۆی بڕۆن تا بارەکانیانی لێ بەتاڵبکەنەوە.
مارتن راتس شیکەرەوەی ستراتیجی نەوتە لە کۆمپانیای مۆرگان ستان دەڵێ “وەختێک سەیری خواست و خستنە روو دەکەین هیچ دیار نییە کاتێک گرێبەستەکانی مانگی حوزەیران تەواو دەبن هەمان سیناریۆی مانگی ئایار (هەمان سیناریۆی دابەزینی نرخی دوێنێ) دوبارە نەبێتەوە. چونکە ئەمبارەکانی کوشینگ کە خامی تەکساسی بۆ دەروات بارودۆخی زۆر جیاواز دەبێت”.
بۆیە بەڕای شیکەرەوەکانی نرخی نەوت ،دەبێت خیراو یەکسەر بەرهەم کەمبکرێتەوە ئەگینا نرخی نەوت بەرزبونەوەی وا ئاسان نابێت.
- سوود لە بلومبێرگ وەرگیراوە