راپۆرتی ڕۆیتەیرز
داتاکانی سەرچاوە پیشەسازییەکان و بەرهەمهێنەرانی سەرەکی دەریخستووە، پشکی ئۆپێک لە هاوردەکردنی نەوتی هیندستان لە ساڵی ٢٠٢٣/٢٠٢٢ بە شێوەیەکی زۆر خێرا دابەزیوە و گەیشتووەتە نزمترین ئاستی لە ماوەی لانیکەم ٢٢ ساڵدا، بەهۆی نزمی نرخی نەوتی ڕووسیاوە. ئەمساڵ دەکرێت بەهەمان هۆکار پشکەکانی ئۆپیک زیاتر کەم ببێتەوە.
ئەندامانی ڕێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپێک) کە زۆربەیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقان، لە ساڵی دارایی کە لە مانگی ئازاری ٢٠٢٣ دا کۆتایی دێت ، پشکیان لە بازاڕی نەوتی هیندستان بۆ ٥٩% دابەزیوە، لە کاتێکدا لە ساڵی٢٠٢١ /٢٢ دا نزیکەی ٧٢% بووە.
داتاکان دەریانخستووە کە ڕووسیا بۆ یەکەمجار پێش عێراق کەوت و پلەی یەکەمی گرت وەک گەورەترین وڵاتی دابینکەری نەوت بۆ هیندستان و عێراق لە پلەی دووەمدا دەرکەوت، بەمەش سعودیە لە ساڵی دارایی ڕابردوودا بۆ پلەی سێیەم دابەزیوە.
پشکی ئۆپێک کەمبووەتەوە، لە کاتێکدا هیندستان لە رابردوودا بەدەگمەن نەوتی ڕووسیای کڕیوە بەهۆی زۆری تێچووی گواستنەوەیەوە بەڵام، ئێستا گەورەترین کڕیاری نەوتی نەوتی دەریایی ڕوسیایە، دوای لەشکرکێشی مۆسکۆ بۆ سەر ئۆکرانیا لە شوباتی ٢٠٢٢ دا.
گرافیک؛ پشکی هەناردەی ئۆپێک لە هاوردەی نەوتی هیندستان بۆ نزمترین ئاست دابەزیوە.
داتاکان دەریانخستووە کە هیندستان لە ساڵی ٢٠٢٣/٢٠٢٢ رۆژانە نزیکەی یەک ملیۆن و ٦٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی لە ڕووسیاوە هاوردەکردووە، کە نزیکەی لەسەدا ٢٣ی کۆی هاوردەکردنی نەوتی هیندستان پێک دەهێنێت کە ٤.٦٥ ملیۆن بەرمیل بووە لە ڕۆژێکدا.
بڕیاری ئۆپێک و هاوپەیمانەکانی کە گروپێکە بە ئۆپێک+ ناسراوە لە مانگی ئایاردا بۆ کەمکردنەوەی بەرهەمهێنان لە مانگی ئایار دا وادەکات لەمساڵدا فشاری زیاتر بخاتە سەر پشکی ئۆپێک لە هیندستان کە سێیەم وڵاتی هاوردەکاری نەوتە لە جیهاندا ئەگەر دابینکردنی نەوتی ڕووسیا بەردەوام بێت لە بەرزبوونەوە.
ئیحسان ئەلحەق، شرۆڤەکاری کۆمپانیای ڕیفینیتیڤ وتی: نەوتی خاوی ڕووسیا هەرزانترە بە بەراورد بە نەوتی هاوشێوەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وا دیارە ئۆپێک بە کەمکردنەوەی بەرهەمهێنان ئازاری خۆی دەدات. “پشکی لە بازاڕی ئاسیادا زیاتر دەشێوێنێت”.
وەرگرتنی زۆری نەوتی ڕووسیا، پشکی وڵاتانی کۆمۆنوێڵسی دەوڵەتانی سەربەخۆی (CIS) بەرزکردەوە بۆ ٢٦.٣٪، هەروەها پشکی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقای بۆ نزمترین ئاستی ٢٢ ساڵ کەمکردەوە، بە ڕێژەی ٥٥٪ و ٧.٦٪ بەدوای یەکدا. (گرافیک: ڕێڕەوی بازرگانی نەوت)
داتاکان دەریانخستووە کە پشکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ساڵی ٢٠٢٢/٢٠٢١ دا ٦٤% بووە، لە کاتێکدا پشکی ئەفریقا ١٣.٤% بووە. پشکی ئەمریکای لاتین لە ساڵی ٢٠٢٣/٢٠٢٢ بۆ نزمترین ئاستی لە ماوەی ١٥ ساڵدا دابەزی کە ٤.٩% بوو.
داتاکان دەریانخستووە کە هاوردەکردنی نەوتی هیندستان لە ساڵی ٢٠٢٣/٢٠٢٢ بە بەراورد بە ساڵی پێشوو بە ڕێژەی ٩٪ بەرزبووەتەوە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی پاڵاوگەحکومییەکان کارەکانیان چڕترکردووەتەوە بۆ پڕکردنەوەی خواستی ناوخۆیی لەسەر سووتەمەنی دوای ئەوەی پاڵاوگە تایبەتەکان ڕوویان لە هەناردەکردن کردووە لەبری ئەوەی سووتەمەنی بە نرخێکی کەمتر لە بازاڕی ناوخۆدا بفرۆشن .
داتاکانی حکومەت دەریدەخەن کە پاڵاوگە ناوخۆییەکان بە کۆی گشتی نزیکەی ٦٪ نەوتی خاویان زیاتر لە ساڵی ٢٣/٢٠٢٢ پرۆسێس کردووە بە نزیکەی ٥.١٣ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا. (گرافیک: هاوردەکردنی نەوتی هیندستان لە ناوچە جیاوازەکانەوە)
داتاکان دەریانخستووە کە هیندستان لە مانگی ئازاردا نزیکەی پێنج ملیۆن بەرمیل نەوتی ڕۆژانە بارکردووە، ئەمەش بە بەراورد بە مانگی ڕابردوو کەمێک زیادیکردووە، نەوتی ڕووسیا نزیکەی ٣٦٪ی کۆی هاوردەکردن پێکدەهێنێت.
حەق وتی: بڕیاری ئۆپێک بۆ کەمکردنەوەی بەرهەمهێنان هاوکاری ڕوسیاش دەکات، ئاماژەی بەوەشکرد، پلانی کەمکردنەوەی بەرهەم نرخی نەوتی جیهانی بەرزکردەوە لە هەمانکاتدا داشکاندنی نەوتی ڕوسیا بەرامبەر بە پێوەرەکانی برێنت و دوبەی کەمکردەوە.
نرخی هەندێک لە بارەکانی ڕووسیا زیاتر لە ٦٠ دۆلارە بۆ هەر بەرمیلێک – ئەمەش سنورەکە (سەقفێکە) کە لەلایەن گروپی حەوت و یەکێتی ئەوروپا و ئوسترالیا سەپێنراوە بۆ ئەوەی داهاتی مۆسکۆ کەم ببێتەوە و لە هەمان کاتدا ڕێگە بە بازرگانان دەدەن دەستیان بە کەشتییە ڕۆژئاواییەکان و بیمە بگات.