شیکاری:رۆیتەرز
- ئامادەبونی بەرپرسانی کۆمپانیاکانی نەوت، بە ئامانجی دروستکردنی متمانەیە لەنێوان لایەنەکان ودڵنیا کردنەوەیانە.
- “جیاوازی گه وره له گەڵ ڕابردوودا ئه وه یه که به شداری سۆمۆ وا ده کات نه وتی خاوی کوردی به تەواوی بتوانێت به بازاڕ بکرێت”.
کاتێک بەرپرسانی عێراقی و کورد لەم هەفتەیەدا لە بەغدا کۆبوونەوە لەسەر ناکۆکییەکی درێژخایەن کە هەناردەی نەوتی هەرێمی نیمچە سەربەخۆی کوردستانی عێراقی ڕاگرتووە،سەرچاوەیەکی ئاگادار ڕایگەیاند، ئامادابوونی بەرپرسانی کۆمپانیا نەوتییەکان جەخت لەسەر چارەسەری نوێ دەکاتەوە.
سێ سەرچاوەی ئاگادار لە گفتوگۆکان بە ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاند لە ژوورەکەدا ڕۆژی دووشەممە ڕوسیل هاردی، بەرپرسی گەورەترین بازرگانی نەوتی جیهانی ڤیتۆل، شانبەشانی بەرێوەبەری کۆمپانیای پێتراکۆ و ئینێرگۆپۆل و نوێنەرانی کۆمپانیای بەرهەمهێنەری ئەمریکی کەی ئێچ ئێن ئینێرجی HKN و کۆمپانیای نەوتی کوردی کار گروپ ئامادەبوون.
بەرپرسی ئەو کۆمپانیایانە کە ڕۆڵی سەرەکی لە بەرهەمهێنان و پەرەپێدانی نەوتی کوردیدا دەگێڕن، بۆ پێشکەشکردنی بیرۆکە لەسەر باشترین ڕێگەی بەرەوپێشچوون لەوێ بوون، دوای ئەوەی بەهۆی وەستانی هەناردەی باکوری عێراق لە رێگەی
تورکیاوە راگیرا، کەرێژەی 0.5%ی دابینکردنی نەوتی جیهان پێک دەهێنێت نرخ بەرزبوویەوە.
عێراق، دووەم وڵاتی بەرهەمهێنەری نەوتی ئۆپێک، بەشێکی زۆری نەوتەکەی لە کەنداوەوە لەڕێگەی بەندەری بەسرەوە هەناردە دەکات.
بەرپرسێکی وەزارەتی نەوتی عێراق کە ئاگاداری کۆبوونەوەکەیە ڕایگەیاند، ئامانج لە ئامادەبوونیان دڵنیاکردنەوەی کۆمپانیاکان بووە کە گرێبەستەکانیان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان مسۆگەرە.
رۆژی سێشەممە ٤ی نیسان، بەغدا و حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕێککەوتنێکی کاتییان واژۆ کرد بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی باکوور لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ کۆتاییهێنان بە ناکۆکییە سیاسی و ئابوورییە دەیان ساڵەکان.
ئەو پێشهاتە وەک پێشکەوتنێکی گەورە تەماشاکرا، دەریدەخات بەغدا و هەولێر سوورن لە یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییەکانی تایبەت بە نەوت و قەرزەکان و دواجار جیاوازییە سیاسی و ئابوورییەکانیان.
سه ڕچاوه یه کی ئاگادار له دانوستانه کان ڕایگه یاند: “هه موو لایه ک هه وڵ دەدەن سازش بکه ن. ئەمەش شتێکی گه وره یه بۆ سیاسه تی ناوخۆی عێراق ، حکوومه تی فیدراڵی ده یه وێت وڵات بە یەکەوە بهێڵێتەوه دوای ساڵانێک کێشه و گرفت “.
دوو سەرچاوە ڕایانگەیاند، کۆبوونەوەی ڕۆژی دووشەممەی نێوان بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق، شانبەشانی کارگێڕانی کۆمپانیاکانی نێودەوڵەتی، بە ئامانجی دروستکردنی متمانە لەنێوان هەموو لایەک.
کۆمپانیای کار KAR پشتڕاستی کردەوە کە لە کۆبوونەوەکەدابووە، بەڵام ڕەتیکردەوە هیچ لێدوانێکی زیاتر بدات. پێتراکۆ ئامادەبوونی خۆی لە دانوستانەکانی بەغدا پشتڕاستکردەوە و ڕایگەیاند، لە ئێستادا چاوەڕوانی پێشهاتی زیاترە. ڤیتۆڵ ڕەتیکردەوە هیچ لێدوانێک بدات. کۆمپانیای HKN Energy و Energopole و حکومەتی هەرێم وەڵامی داواکارییەکانی بۆ لێدوان نەدایەوە.
لە 25ی ئازاردا دۆخەکە گەیشتبووە لوتکە، کاتێک تورکیا نزیکەی 450 هەزار بەرمیل نەوتی خاوی عێراقی لە ڕۆژێکدا لە ڕێگەی بۆرییەکەوە لە ناوچەی سنووری فیشخابورەوە ڕاگرتبوو بۆ بەندەری جەیهان دوای ئەوەی عێراق دۆسیەیەکی ناوبژیوانی بردەوە.
بەغدا ئاماژەی بەوەشکرد، تورکیا ڕێککەوتنێکی پێشێلکردووە بە ڕێگەدان بە حکومەتی هەرێم بۆ هەناردەکردنی نەوت بۆ جەیهان بەبێ ڕەزامەندی ئەو، ئەمەش یەکێکە لە چەند خاڵێکی ناکۆکی نێوان حکومەتی فیدراڵی و دەسەڵاتی کوردی لە هەولێر، کە لە ساڵی ٢٠١٧دا داوای سەربەخۆیی کرد کە بووە هۆی ململانێیەکی کورت.
هەرجۆرە چارەسەرکردنێکی کێشە نەوتیەکە، دەبێتە هۆی زیادبوونی متمانەی پیشەسازیی نێودەوڵەتی بە کابینەی محەمەد ئەلسودانی، سەرۆک وەزیران، کە لە مانگی تشرینی یەکەمی ڕابردوو دەستبەکاربوو و کۆتایی بە ساڵێک لە بنبەستە سیاسییەکان لە بەغدا هێنا.
لە هەوڵێکدا بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق، سیاسەتمەدارانی نزیک لە ئەلسودانی و بەرپرسە سەرەکییەکانی وزە دەڵێن، دەیەوێت متمانە بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی بگەڕێنێتەوە و ئامادەیی بەغدا نیشان بدات بۆ هاوکاری لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت، لەوانەش بەشداریکردن لە سەرجەم بۆنە گەورەکانی وزە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ.
سەرچاوەکەی وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند، ئامادەبووانی کۆبوونەوەکەی ڕۆژی دووشەممە ڕێککەوتوون لەسەر ئەنجامدانی گفتوگۆی زیاتر لەسەر چۆنیەتی دەستکاریکردنی گرێبەستەکان لەگەڵ حکومەتی هەرێم بە شێوەیەک کە پێشێلی میکانیزمی هەناردەکردن و بەبازاڕکردنی کۆمپانیای بەبازاڕکرنی دەوڵەتی عێراق سۆمۆ نەکات.
سەرچاوەیەکیش ڕایگەیاند، هەروەها باس لە نرخی نەوتی خاوی هەرێمی کوردستان و ئاراستەی بازاڕی نەوتی هەرێم کراوە.
رۆژی پێنجشەممە دوو سەرچاوە بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیان، هێشتا ڕۆیشتنی نەوت لەڕێی بۆرییەکانی باکوری عێراق دەستیپێنەکردووەتەوە، لەکاتێکدا عێراق چاوەڕێی وەڵامدانەوەی تورکیایە، هەرکاتێک هەناردە دەستی پێکردەوە ئەوا کۆمپانیای سۆمۆ دەسەڵاتی بەبازاڕکردن و هەناردەکردنی نەوتی حکومەتی هەرێم دەبێت.
سەرچاوەکان دەڵێن، داهاتی فرۆشی نەوتەکە لە هەژمارێکی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی هەرێم لە بانکی ناوەندی عێراق دادەنرێت، بەغداش ئاگاداری دەبێت.
سه ڕچاوه یه کی ئاگادار له دانوستانه کان ڕایگه یاند: “جیاوازی گه وره له گەڵ ڕابردوودا ئه وه یه که به شداری کۆمپانیای سۆمۆ وا ده کات نه وتی خاوی کوردی به ته واوی بتوانێت به بازاڕ بکرێت”.
کوردستان پێشتر پشتی بە بازرگانانی نەوت و ژمارەیەکی کەمی پاڵاوتگە بەستبوو کە ئامادەبوون ئەمەترسیە بگرنە ئەستۆ لە ئەگەری شەڕی یاسایی لەگەڵ حکومەتی ناوەندی عێراق بکەن.
ئەوەی وێنەکە زیاتر ئاڵۆزتر دەکات، کوردستان ملیارەها دۆلاری لە کۆمپانیا بازرگانییەکان و بەرهەمهێنەرانی نەوت قەرز کردووە، لەناویاندا دروستکردنی بۆرییەکی نوێ بۆ تورکیا، بەڵێنی دانەوەی قەرزەکانی لە هەناردەکردنی نەوتی داهاتوو دابوو.
بۆیە کاتێک لە مانگی ڕابردوودا هەناردەکردنی نەوتی کوردستان لە ئەنجامی بڕیارەکەی دادگای ناوبژیوانی ڕاگیرا، هەروەها دانەوەی بە بەهای شەش ملیار دۆلار قەرزەکانی “Trading House ” راگیرا، لەوانە ڤیتۆڵ، پێتراکۆ و ئینێرگۆپۆل.
بەغدا دەمێکە ڕەتیدەکاتەوە دان بە بوونی قەرزەکانی هەولێردا بنێت، کە لە دوای و ناردنی بودجەوە کەڵەکەبوون.
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی کوردستان رۆژی سێشەممە ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی هەوڵەکانیان بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکی بەرفراوانتر، بەغدا و حکومەتی هەرێم چوارچێوەیەکیان بۆ ڕەشنووسی یاسای بودجە داڕشتووە، لەگەڵ دەستپێکردنی گفتوگۆ لەسەر یاسایەکی نوێی فیدراڵی نەوت و گاز.
هەروەها بەسیم ئەلعەوادی وتەبێژی حکومەتی فیدراڵی ڕایگەیاند، رێکەوتنەکە مادەیەکی تایبەت بە چوار کۆمپانیای نێودەوڵەتی و پابەندبوونە یاساییەکانیان لەگەڵ حکومەتی هەرێم لەخۆدەگرێت.