روونبین
هاوبەشەکانی ڕووسیا لە هاوپەیمانی ئۆپێک+ ئاماژەیان بەوە کردووە کە بۆ پڕکردنەوەی ئەو کەمکردنەوەیەی مۆسکۆ ڕایگەیاندووە، ئاستی بەرهەمهێنان بەرز ناکەنەوە .
گروپی ئۆپێک+ بە سەرۆکایەتی سعودیە سەرەڕای پلانەکانی کرێملین بۆ کەمکردنەوەی ٥٠٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا وەکو کاردانەوەیەک بەرانبەر بە سزا نێودەوڵەتییەکان، ئاستی بەرهەمی وەکو خۆی دەهێڵێتەوە.
دوای ئەو ڕاگەیاندنەی ڕووسیا، نەوت بەرزبونەوەی بەخۆیەوە بینی و نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت بە ڕێژەی ٢.٨٪ بەرزبووەوە و گەیشتە ٨٦ دۆلار و ٩٠ سەنت. دواتر بەڕێژەی بۆ ١.٤٪ دابەزی و بۆ نزیکەی ٨٥.٦٥ دۆلار کەمبویەوە.
سعودیە و ئەندامانی تری هاوپەیمانییەکە ئاماژەیان بەوە کردووە، ئامانجیان پابەندبوونە بەو ئامانجانەی کە لە کۆتایی ساڵی ڕابردوودا بۆ ماوەی ساڵی ٢٠٢٣ دانراون، پێیان وایە دەتوانن بە شێوەیەکی بەرفراوان هاوسەنگی و سەقامگیری لە بازاڕەکانی نەوتی جیهانیدا دروست دەکەن.
ئەمریتا سێن، هاوبەشی دامەزرێنەری کۆمپانیای ڕاوێژکاری ئینێرجی ئەسپێکتس، ڕۆژی هەینی، دوای سەردانی بۆ سعودیە، بە کەناڵی بلومبێرگ تیڤی ڕاگەیاندووە، “بەڕاستی باوەڕمان وایە کە ئۆپێک+ بەرهەمهێنان بۆ تەواوی ساڵەکە وەکو خۆی دەهێڵێتەوە”. هەروەها وتی “دوای قسەکردن لەگەڵ چەند بەرپرسێک لە ڕیاز، ئاماژەکان وابوو کە بەرهەمی نەوت ئەمساڵ وەک خۆی بمێنێتەوە – هیچ گۆڕانکارییەک لە سیاسەتی ئۆپێک+دا نەکرا، گرنگ نییە چ ناجێگیرییەک لە نرخەکاندا دەبینین.”
لە کاتێکدا ئەمریکا و بەکارهێنەرانی دیکە چەندین جار داوایان لە ڕێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپێک) کردووە کە هەر بۆشایییەک ڕووسیا بەجێی هێشتووە، پڕبکەنەوە، بەڵام تا ئێستا ئەو گرووپە هیچ هەنگاوێکی بەو ئاراستەیە نەگرتووەتە بەر. ئۆپیک هێشتا نیگەرانە لەوەی زیادبوونی دابینکردنی نەوت دەتوانێت زیادەڕۆیی لە دابینکردنی بازاڕدا بکات و مەترسی بۆ داهاتی نەوتی وڵاتانی ئەندامی دروستبکات.
بۆب مەکنالی، سەرۆکی گروپی Rapidan Energy Group و بەرپرسی پێشووی کۆشکی سپی دەڵێت: گومانم هەیە هاوبەشەکانی ئۆپێک+ی ڕووسیا توشی سەرسوڕمان بووبن لە بڕیارەکە و پێشبینی ناکەم کەمکردنەوەی دابینکردن سیاسەت و هەڵوێستیان بگۆڕێت.
بەرپرسانی ئۆپێک ئاماژەیان بەوە کرد کە هێشتا نیگەرانن لەوەی کە دووبارە سەرهەڵدانەوەی حاڵەتەکانی پەتای کۆڤید لە چین دەتوانێت بوژانەوەی ئابووری ئەو وڵاتە لە ڕێڕەو دەربهێنێت. هەیسەم ئەلغەیس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لەم هەفتەیەدا ڕایگەیاند، نەخۆشییەکە “ئەهریمەنێکە” کە مەترسی لەسەر ئابووری جیهانی دروست دەکات.