روونبین
هەناردەی گازی ئێران بۆ تورکیا بەڕێژەیەکی زۆر کەمدەکات، وڵاتەکەش هۆشداریی دەدات بۆ سەرهەڵدانی قەیرانی گاز لە وێستگەکانی کارەبا و کارگەکان.
کۆمپانیای (بوتاش) بۆ گواستنەوە و بازرگانیی گاز و نەوت لە تورکیا رۆژی شەممە بڵاوی کردەوە؛ ئێران ئاستی هەناردەی گازی بۆ ئەو وڵاتە بە رێژەی زیاتر لە ٧٠٪ کەم کردوەتەوە و ئەوەش دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی قەیرانی کەمیی گاز لە کارگەکان و وێستگەکانی کارەبا.
لە لایەکی دیکەوە وەزارەتی وزەی تورکیا لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرای کردوە؛ ئێران هەناردەی گازەکەی بۆ ئەو وڵاتە لە یەکەم ڕۆژی ساڵی نوێوە کەمکردووەتەوە، هۆکارەکەی تەکنیکییە و پەیوەستە بە تۆڕەکانی گواستنەوەی گازی ئەو وڵاتەوە. ئاماژەی بەوەشکرد، دەسەڵاتدارانی تورکیا داوایان لە ئێران کردووە کە کێشەکە بە زووترین کات چارەسەر بکات.
ئێران لە ساڵی رابردوشدا بەهەمان شێوە لەمانگی کانوونی دووەمدا بەهۆی لێچونی گازەوە بۆ ماوەی نزیکەی دوو هەفتە هەناردەی گازی بۆ تورکیا ڕاگرت ، ئەمەش تورکیای ناچارکرد دابینکردنی کارەبا بۆ پیشەسازی ببڕێت.
بۆتاش ئاماژەی بەوەشکرد، تورکیا ڕێوشوێنی خۆپارێزی گرتووەتەبەر بۆ ئەوەی لە وەرزی زستاندا پەکخستنی بەکارهێنانی گاز لە سەرتاسەری وڵاتدا ڕونەدات بۆ ئەومەبەستەش گازی کۆگاکان بۆ دابینکردنی خواست بەکاردەهێنرێت.
بەپێی داتاکان ئێران دووەم گەورەترین دابینکەری گازی تورکیایە لە دوای ڕووسیا، لە ساڵی ٢٠٢١دا بڕی ٩.٤٣ ملیار مەتر سێجا گازی بۆ تورکیا ناردووە. بە شێوەیەکی گشتی ئێران بڕی ١٠٪ی گازی تورکیا دابین دەکات و وڵاتەکەش بە سەرەکیترین کڕیاری گازی ئێران لەقەڵەم دەدرێت.
چاودێران پێیان وایە ئێران لە وەرزی زستاندا بەهۆی سەرما و سۆڵەوە روبەڕوی کەمی زیاتر لە ٢٥٠ ملیۆن مەتر سێجا گاز دەبێتەوە و بۆ قەرەبوکردنەوەی ئەو بڕە لە گاز، ناچارە هەناردەکردنی گاز بۆ تورکیا و هەندێکجاریش بۆ عێراق کەمبکاتەوە.