ڕوونبین
کۆمپانیایەکی ئەمریکی ئامێرێکی نوێی داهێنا بۆ بەرهەمهێنانی وزە لە با، کە لەسەربانی باڵەخانەکان دادەنرێت، هەروەها دەتوانێت 50% کارەبا زیاتر بەرهەم بهێنێت لە پانێڵی وزەی خۆر، بەهەمان تێچوون.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی ئیندیپێندنتی بەریتانی، یەک یەکە لە سیستمە نوێیەکە دەتوانێت هەمان بڕی وزەی 16 پانێڵی خۆر بەرهەمبهێنێت.
لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ئەو سیستەمە نوێیە لەلایەن کۆمپانیای نوێی “Aeromine Technologies” لە ویلایەتی تەکساس لە ئەمریکا داهێنراوە و دیزاینێکی نوێیە کە جیاوازە لە شێوەی تەقلیدی تۆرباینەکانی با کە پانکەی سوڕاویان هەیە، بەو پێیەی دیزاینێکی نەجووڵاو جێگەیان دەگرێتەوە، لە ڕێگەی سیستەمێکی داینامیکی هەواییەوە، کە ئەو سیستەمە ژاوەژاو ی زۆر کەمە یان نزیکە لەوەی هیچ ژاوەژاوی نەبێت .هەروەها سەلامەتە بۆ باڵندە و گیانلەبەرە کێوییەکانی تر.
لە ڕاپۆرتەکەدا لە زاری بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکە، دەیڤید ئاسارنۆ، ڕایگەیاندووە، “سیستەمە نوێیەکە یارییەکە دەگۆڕێت، بەهایەکی نوێ زیاد دەکات بۆ بازاڕی بەرهەمهێنانی کارەبای سەربان کە بە خێرایی گەشە دەکات، یارمەتی کۆمپانیاکان دەدات بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی خۆڕاگری و بەردەوامیی لە ڕێگەی سەرچاوەیەکی وزەی نوێبووەوە”.
ئاماژەی بەوەشکردووە، “تەکنەلۆژیای نوێی وزەی با لە سەربانەکانەوە بەرهەمدەهێنێت،ئەمەش ئەو بەربەستە کۆنانەی کەبەهۆی تۆرباینەکانی بای سووڕاوە و پانێڵە خۆرەکانی کە توانایان کەمترە سنوردار دەکات”.
لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە یەکەی سیستمە نوێیەکە پێویستی بە 10%ی ڕووبەری پێویستی بۆ پانێڵی خۆر هەیە، هەروەها توانای بەرهەمهێنانی کارەبای هەیە بە درێژایی ساڵ 24 کاتژمێر لە ڕۆژێکدا.
کۆمپانیای ئایرۆمین تەکنەلۆجی دەڵێت، “ئەو تەکنەلۆجیایە نوێیە بازدانێکی گەورەیە بۆ پێشەوە، لەبری ئەو تۆرباینە کۆنانەی با کە بۆ زۆربەی سەقفەکان ناگونجێت، هەروەها لەسەر بنەمای سود وەرگرتن لە با، تەنانەت بای مامناوەندیش، بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا بۆ باڵەخانە گەورەکان بەکاردێت “. وەک کۆگاکان، نوسینگە و بینای نیشتەجێبوون.” ».
کۆمپانیاکە لە دامەزراوەیەکی بەرهەمهێنان لە ویلایەتی میشیگان تاقیکردنەوە لەسەر سیستەمە نوێیەکە ئەنجام دەدات، هەروەها دەشڵێت، لە داهاتوودا دەتوانرێت ئەو سیستەمە نوێیە لەسەربانی باڵەخانە گەورەکانی نیشتەجێبوون و وێستگەی بارگاویکردنەوەی ئۆتۆمبێلی کارەبایی بەکاربهێنرێت.