روونبین
ئەمڕۆ ٩ ی کانوونی یەکەم رۆژی جیهانی رووبەڕوبونەوەی گەندەڵییە، لەم بارەوە نەتەوە یەکگرتووەکان لەیادی ٢٠ ساڵەی رێکەوتننامەی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیدا دەڵێت:
٢٠ ساڵ بەسەر ڕێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان دژی گەندەڵی: بەرەو جیهانێکی یەکگرتوو دژی گەندەڵی
جیهان ئەمڕۆ ڕووبەڕووی یەکێک لە گەورەترین ئاڵانگارییەکان دەبێتەوە کە چەند نەوەیە ڕووبەڕووی بووەتەوە، گەندەڵی ئەو ئاڵانگاریەیە کە مەترسی لەسەر خۆشگوزەرانی و سەقامگیری مرۆڤەکان لە سەرانسەری جیهاندا دروست دەکەن.
گەندەڵی دیاردەیەکی ئاڵۆزی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوورییە و هەموو وڵاتان دەگرێتەوە. گەندەڵی دامەزراوە دیموکراسیەکان تێکدەدات و گەشەسەندنی ئابووری خاو دەکاتەوە و بەشدارە لە ناسەقامگیری حکومەت.
گەندەڵی کاریگەری نەرێنی لەسەر هەموو لایەنەکانی کۆمەڵگا هەیە، بەو پێیەی لە نزیکەوە تێکەڵ بە ململانێ و نائارامییەکانە، هەڕەشە لە گەشەسەندنی کۆمەڵایەتی و ئابووری دەکات و بناغەکانی دامەزراوە دیموکراسیەکان و سەروەری یاسا دەشکێنێت.
گەندەڵی نەک هەر دوای ململانێ دێت، بەڵکو زۆرجار یەکێکە لە هۆکارە بنەڕەتییەکانی تێکدانی سەروەری یاسا، گوڕوتین بە ململانێکان دەدات و ڕێگری لە پرۆسەکانی ئاشتی دەکات، هەروەها هەژاری زیاد دەکات ئاسانکاری بۆ بەکارهێنانی تاوانکاری و زیادکردنی سەرچاوەکانی دابینکردنی بودجە بۆ شەڕی چەکداری دەکات.
ڕێگریکردن لە گەندەڵی و بەرزکردنەوەی شەفافیەت و بەهێزکردنی دامەزراوەکان زۆر گرنگە بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی گەشەپێدان.
ئامانج لە یادکردنەوەی ڕۆژی جیهانی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی بۆ ساڵی ٢٠٢٢ تیشک خستنە سەر پەیوەندیی نزیکی نێوان بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و ئاشتی و ئاسایش و گەشەپێدانە. لە ناوەڕۆکی ئەو پەیوەندییەدا ئەو بیرۆکەیە هەیە کە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم تاوانە ماف و بەرپرسیارێتی هەموو کەسێکە و هاوکاری و بەشداریکردن ئەوەیە کە مرۆڤ و دامەزراوەکان بتوانن کاریگەرییە نەرێنییەکانی ئەم تاوانە تێپەڕێنن. ڕۆڵی دەوڵەتان، بەرپرسانی حکومەت، فەرمانبەرانی حکومی، جێبەجێکردنی یاسا، میدیا، کەرتی تایبەت، کۆمەڵگەی مەدەنی، ئەکادیمیا، خەڵکی گشتی و گەنجان گرنگە بەتایبەتی لە یەکخستنی جیهان لە دژی گەندەڵی.
ساڵی ٢٠٢٢ دەستپێکی هەوڵەکانە بۆ ئاهەنگگێڕان بە بۆنەی بیستەمین ساڵیادی ڕێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیIACD. وە لە ماوەی ساڵی داهاتوودا، ئێمە بیر لە دروستکردنی جیهانێکی باشتر دەکەینەوە بەو پاڵنەرە بەکۆمەڵەی کە ڕێککەوتننامەکە دابینی دەکات، و لە هەمووی گرنگتر سەیری ئەو بۆشاییانە دەکەین کە ماونەتەوە بۆ دڵنیابوون لەوەی کە ئەم ڕێککەوتننامەیە میکانیزمێکی بەهێزی ڕاستەقینەدەبێت لە ساڵانی داهاتوودا.
هەرێمی کوردستانیش بەدەر نییە لەم نەخۆشییە کوشندەیە کە زۆربەی زۆری دامودەزگاکانی حوکومڕانیی هەرێمی تەنیوە. حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی هەرێم دروشمی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و چاکسازییان بەرزکردووەتەوە بەڵام ئەوەی لە واقیعدا دەبینرێت لە ئاستی چاوەڕوانیدا نییە. دەرەنجامی ئەودروشمانەی بەرز کراوەتەوە لە چاکسازی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی زۆر هەستی پێناکرێت.
کورتەیەکی مێژووی
گەندەڵی دیاردەیەکی ئاڵۆزی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوورییە و هەموو وڵاتان دەگرێتەوە. گەندەڵی دامەزراوە دیموکراسیەکان تێکدەدات و گەشەسەندنی ئابووری خاو دەکاتەوە و بەشدارە لە ناسەقامگیری حکومەت.
گەندەڵی بە شێواندنی پرۆسەی هەڵبژاردن و شێواندنی سەروەری یاسا و دروستکردنی تاڵاوی بیرۆکراتی کە سەرچاوەی سەرەکییان داواکاری بەرتیل بێت، بناغەکانی دامودەزگا دیموکراسیەکان تێکدەدات. گەشەسەندنی ئابووری بەهۆی نەبوونی هاندانی وەبەرهێنانی ڕاستەوخۆی دەرەکییەوە کۆسپی بۆ دروست دەبێت، ئەمە جگە لەوەی کە کۆمپانیا بچووکەکان لە ناوخۆی وڵاتدا ناتوانێت تێچووی پێویست بۆ “دەستپێکردنی کار ” دەستبخات بەهۆی گەندەڵیەوە.
لە 31ی تشرینی یەکەمی 2003، کۆمەڵەی گشتی، ڕێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکانی بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی گەندەڵی پەسەند کرد و داوای لە سکرتێری گشتی کرد کە نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ماددە هۆشبەرەکان و تاوان وەک سکرتارییەت بۆ کۆنفرانسی وڵاتانی ئەندام لە ڕێککەوتننامەکە دەستنیشان بکات (بڕیارنامەی 58/4). لەو کاتەوە ١٨٨ لایەن خۆیان پابەند کردووە بە بڕگەکانییەوە، ئەمەش دانپێدانانی جیهانییە بە گرنگی حوکمڕانی باش و لێپرسینەوە و پابەندبوونی سیاسی نیشانداوە.
هەروەها کۆمەڵەکە ڕۆژی ٩ی کانوونی دووەمی وەک ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دەستنیشان کرد، بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵک لە گەندەڵی و ڕۆڵی رێکەوتنامەکە لە بەرەنگاربوونەوە و ڕێگریکردن لێی. ڕێککەوتنەکە لە کانوونی دووەمی ٢٠٠٥ کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە.
لەگەڵ بیستەمین ساڵیادی ڕێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان دژی گەندەڵی لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣، ئەم ڕێککەوتنە و ئەو بەهایانەی کە پەرەی پێدەدەن لە جاران گرنگترن، پێویستە هەمووان هەوڵەکانیان یەکبخەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم تاوانە. بەرنامەی پەرەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان، نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ماددە هۆشبەرەکان و تاوان و سکرتاریەتی کۆنفرانسی دەوڵەتانی ئەندام لە رێکەوتنامەکەدا لە پێشەنگی لیستی ئەو لایەنانەدان کە هەوڵی زۆر دەدەن بۆ دەستەبەرکردنی جیهانێکی دوور لە گەندەڵی.
#یەکگرتن دژی گەندەڵی