ڕوونبین
وەزارەتی نەوتی ئێران نووسینگەیەکی لە بەغدا کردەوە بۆ فراوانکردنی هاوکارییەکانی وزەی نێوان هەردوو وڵات.
عەباس بەهەشتی، لێپرسراوی نووسینگەی عێراق لە وەزارەتی نەتی ئێران کە بەنیازە ئۆفیسەکانی لە بەسرە و کوردستان بکاتەوە، وتی: “نووسینگەی بەغدا سەرجەم فەرمانگەکانی دیکە بەڕێوەدەبات کە وەزارەت پلانی هەیە لە ئایندەیەکی نزیکدا بیکاتەوە”.
ئەمەش هاوکات بوو لەگەڵ سەردانەکەی محەمەد شیاع ئەلسودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ تاران.
له هەڕانەوەیدا بۆ به غدا، ئه لسودانی وتی “سه ڕدانه که مان بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران ته واو کرد. گفتوگۆی جددیمان له گه ڵ بەرپرسانی یێراندا کرد . چاوه ڕوانی هاوکاریی و بەرەو پێشچوونی زیاتری دوو قۆڵی لە ئایندەدا ده که ین لە مەلەفەکانی ئاسایش، ئابووری، کولتوور و گەشتیاری ”.
حکوومەتی ئێستای ئێرانی بە سەرۆکایەتی ئیبراهیم ڕەئیسی، پەیوەندی و هاوکارییە ناوچەییەکانی لە پێشینەی کارەکانیدا داناوە. هەربۆیە چەند وەزارەتێکی ئێران نوسینگەیان بۆ عێراق و بەشێک لە وڵاتانی دراوسێ کردۆتەوە.
زۆرینەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی عێراق و ئێران لە کەرتی وزەدایە. عێراق تا ٤٠ ملیۆن مەتر سێجا گاز لە ئێرانەوە هاوردە دەکات، کە نزیکەی لەسەدا ٥٠ی بەرهەمهێنانی کارەبای عێراق دابین دەکات.
گازی ئێرانی لە ڕێگەی دوو بۆرییەوە لە باشوور، لە سنووری بەسرە – شەلامچە و لە ناوەڕاست لە نەفتخانە دەگوازرێتەوە بۆ عێراق. ئەو دوو بۆرییە دەتوانن تا 70 ملیۆن مەتر سێجا گاز بگوازنەوە بۆ عێراق، بەڵام ئێران بەهۆی سزاکانی ڕۆژئاواوە ناتوانێت ئەو بڕە بەتەواوی دابین بکات.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی نەوتی عێراق بە ئەلمۆنیتەری ڕاگەیاند، لەم دواییانەدا هەردوو وڵات کاریان بۆ ئاڵوگۆڕی گاز لەگەڵ تورکمانستان کردووە و بەپێی ئەو ئاڵوگۆڕە غازی تورکمانی لە باکووری ئێران بەکاردەهێنرێت و ئێرانیش لە بەرامبەردا هەمان بڕی زیادە دابین دەکات بۆ عێراق.
هەروەها ئێران کارەبا هەناردەی عێراق دەکات و کۆمپانیای ماپنای MPNA ئێرانی لە ڕێگای مۆلیدەیەک لە ڕومەیلەی باشووری بەسرە کارەبا بە عێراق دەدات.
هەروەها ئێران و عێراق خاوەنی چەندین کێڵگەی نەوتی هاوبەشن کە زۆربەیان لە ناوچەی باشووردان و ئەمەش پێویستی بە هاوکاریی نێوان هەردوو وڵات هەیە. عێراق دەستی باڵای هەیە لە بەکارهێنانی ئەو ناوچانە بەهۆی ئەو سزایانەی بەسەر ئێراندا سەپێنراوە.
وەزارەتی نەوتی ئێرانیش دەیەوێت لە دروستکردنی پاڵاوگە و مۆلیدە لەگەڵ عێراق رۆڵی هەبێت، بەڵام تا ئێستا شتێکی کەمی بەدیهاتووە. بەگوێرەی سەرچاوەیەک لە وەزارەتی نەوتی ئێران کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت قسەی کردووە، فەرمانگە نوێیەکان کار لەسەر ئەو پرۆسەش دەکەن.
هاوکات ئەم نوسینگەیە هاوکاردەبێت بۆ فرۆشتنی نەوتەکەی لە ڕێگەی عێراقەوە وەک ڕێگەیەک بۆ دەربازبوون لە سزاکان. ئەمە لە ماوەی ڕابردوودا چەندین جار ڕوویداوە و ڕەنگە دەستپێبکاتەوە و تەنانەت فراوانتریش بێت، بەتایبەتی لە سەردەمی حکومەتی نوێی عێراقدا کە زۆرینەیان لە گروپ و میلیشیاکانی سەر بە ئێران پێکهاتوون.