روونبین
- بەپێی زانیارییەکانی روونبین دادگای ناوبژیوانی لەندەن وادەی دادبینی کردنی نێوان حکومەتی هەرێم و گەنێڵ ئەنێرجی دیاری کردووە.
- حکومەت بە توندی ڕەتی دەکاتەوە کە گەنێل مافی هەر قەرەبووکردنەوەیەکی هەبێت.
- حکومەت بە نیازە دژەداوای هەبێت بۆ قەرەبوکردنەوەی لەسەر ئەوەی کە گەنێڵ دەستی لە گرێبەستی هاوبەشیکردنی بەرهەم هەڵگرتووە.
دوای ئەوەی کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی لە بەرواری ٢٠ ی ئابی ٢٠٢١ دا ڕایگەیاند کە لە لایەن وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانەوە ئاگادار کراوەتەوە کە حکومەتی هەرێم دەیەوێ کۆتایی بهێنێت بە گرێبەستی هاوبەشیکردن لەبەرهەم لە کێڵگەی بنە باوی ومیران کۆمپانیاکە لە بەرواری ١٠ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١ رایگەیاند بەفەرمی لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمەوە ئاگادار کراوەتەوە کە حکومەتی هەرێم گرێبەستی هاوبەشیکردن لەبەرهەم کۆتایی پێ دێنێت.
دوای ئەوەی هەرێم گرێبەستی گەنێڵ ئێنێرجی لە هەردوو کێڵگەی گازی بنەباوێ و میران هەڵوەشاندەوە بۆردی بەڕێوەبردنی کۆمپانیاکە رایگەیاند “گەشتینە ئەو دەرەنجامەی هیچ بژاردەیەکی کردەیمان لە بەردەم دا نییە جگە لە رازی بوون بە کۆتایی هێنان بە گرێبەستی هاوبەشی لە بەرهەم وە کو دەرەنجامێک بۆ کۆتایی پێکهێنانی گرێبەستەکە لە لایەن حکومەتی هەرێمەوە، وە داوای قەرەبوو لە حکومەتی هەرێم بکات”.
بەپێی ئەو بەڵگانەی لەبەردەست روونبیندایە دادگای ناوبژیوانی لەندەن London Courts of International Arbitration مانگی شوباتی ٢٠٢٤ی دیاری کردووە وەکو وادەی دادبینیکردنی بۆ کێشەی نێوان حکومەتی هەرێم و کۆمپانیای گەنێڵ ئێنێرجی. لە داواکەدا کۆمپانیاکە داوای قەرەبووکردنەوەی زۆر دەکات، بۆ ئەوزیانە گەورەیەی لێی کەوتووە لە ئەنجامی کۆتای هێنان بەگرێبەستی هاوبەشیکردن لەبەرهەم بۆ هەردوو کێڵگەی بنەباوێ و میران لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە، گەنێڵ وادەڵێت.
کۆمپانیاکە دەڵێت” داواکانی گەنێڵ زۆر گرنگن وپێشکەشی دادگای ناوبژیوانی لەندەن دەکرێت بەپێی ئەو پرۆسانەی بۆ چارەسەری کێشەکان لە گرێبەستی هاوبەشی کردن لە بەرهەمدا دیاری کراوە.”
لە راگەیاندراوێکدا کە بەرواری١٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١ لەسەر پێگەی فەرمی حکومەتی هەرێم بەزمانی ئینگلیزی بڵاوکراوەتەوە، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان وەڵامی کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی دەداتەوە سەبارەت بەوەی لە ١٠ی کانوونی یەکەمدا ڕای گەیاندبوو داوای قەرەبوو دەکات لە دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لەندەن لە پای کۆتای هاتنی گرێبەستی هەردوو کێڵگەی گازی بنەباوێ و میران.
وەزارەتی سامانە سرشتییەکان لە ڕاگەیانراوەکەیدا لەکانوونی یەکەمی ٢٠٢١ دا دەڵێت“حکومەت نیگەرانە لەوەی کە گەنێل شکستی هێناوە لە پێشکەشکردنی هەر پێشنیارێکی باوەڕپێکراو بۆ گەشەپێدانی کێڵگەی نەوتی و گازی بنەباوی و میران و تێبینی ئەوەش دەکات کە ئەم شکستە بەشێوەیەکی بەرچاو توانای حکومەتی دواخستووە بۆ پێشخستنی ئەو کێڵگانە لە کاتی خۆیدا”.
هەروەها حکومەتی هەرێم دەڵێت “حکومەت ئاگاداری ئەو راگەیاندنەی گەنێڵە کە داوای لە سەرحکومەت هەیە لەدادگای نێوبژیوانی نێودەوڵەتی لەسەر کۆتای پێهێنانی گرێبەستەکە. حکومەت بە توندی ڕەتی دەکاتەوە کە گەنێل مافی هەر قەرەبووکردنەوەیەکی هەبێت. حکومەت بە توندی بەرگری لە هەر داوایەک دەکات کە لەلایەن گەنێلەوە دژی کراوە، وە بەنیازە دژەداوی هەبێت بۆ قەرەبوکدنەوەی لەسەر ئەوەی کە گەنێڵ دەستی لە گرێبەستی هاوبەشیکردنی بەرهەم هەڵگرتووە .
لە بەرانبەردا کۆمپانیاکە دەڵێت لەو کاتەوەی لە شوباتی ٢٠١٧ دا گرێبەستی هاوبەشیکردن لەبەرهەمدا کراوە، گەنێڵ هەموو هەوڵێکی داوە لەگەڵ حکومەتی هەرێمدا بۆ پەرەپێدان لە هەردوو کێڵگەی بنە باوی و میران و چەندین پێسنیاری پەرەپێدانی پێشکەش حکومەتی هەڕیم کردووە تاوەکو ڕەزامەندی لەسەربدات. لەگەڵ ئەوەدا هەڕێم ماوەیەکە مەبەستی خۆی بەرونی دەربڕیوە کە ڕێگەنادات بە پەرەپێدانی کێڵگەکان بەو مەرجانەی لە گرێبەستی هاوبەشیکردنی بەرهەمدا هەیە بکرێت.
روونبین پەیوەندی کرد بە کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجییەوە چەند پرسیارێکی ئاراستەکردن سەبارەت بەم کێشەیە لە وەڵامدا دەڵێن “ئەمە پرۆسەیەکی یاساییە و بەردەوامە بۆیە زانیاری زۆر کەم دەتوانین زیاد بکەین بۆ ئەوەی رامان گەیاندووە”. سەبارەت بەوەی کە ئایا بۆچی لەپێگەی گەنێڵ زانیاری لەسەر کێڵگەی میران و بنەباوێ نەماوە لەوەڵامدا گەنێڵ بە روونبینی ڕاگەیاند” دەتوانم دووپاتی بکەمەوە کە گەنێڵ کۆتایی بە گرێبەستی PSC هێناوە ( بۆ ئەو دوو کێڵگەیە) بۆیە لە پێگەکە لابراوە”. پێشتر وەکو دوو کێڵگە کە لە قۆناغی پێش بەرهەم هێناندا بوون زانیاری لەسەر پێگەی گەنێڵ دانرابوو.
هەروەها سەبارەت با کاریگەری ئەم هەنگاوەی گەنێڵ لەسەر وەبەرهێنانەکانی تریان لە هەرێم کە وەکو دەزانین لە ٤ کێڵگەی وەبەرهێنی نەوت پشکیان هەیە و لە قەرەداغیش لە قۆناغی پێش بەرهەم هێناندان و چاوەڕێ دەکرێت لە ساڵی ٢٠٢٢دا ئەو کێڵگەیەش بکەوێتە بەرهەم.
گەنێڵ لەوەڵامدا پێی ڕاگەیندین” بەردەوام دەبین لە گەڵ حکومەتی هەرێم بۆ پەرەپێدانی ئەسێتەکانی ترمان ، بۆ گەشتن بە ئامانجە هاوبەشەکانمان کە خۆی لە زیادکردنی بەرهەم دەبینێتەوە لەهەرێم لە بەرژەوەندی خاوەن پشکەکان”.
حکومەتی هەرێم لە رابوردوودا چەند جارێک لەدادگای نێوبژیوانی لەندەن London Courts of International Arbitration شکاتی لێکراوە دیارترینیان کێشەی دانا گاز بوو( پێرێڵ کۆنستریۆم ) لەگەڵ هەرێم کاتێک کۆمپانیاکە لە ٢٠١٣/١٠/٢١ کێشەکانی لەگەڵ هەرێم دەباتە دادگاکە, دوای ئەوەی حکومەت زانی داواکە دەدۆڕێنێت لە دادگا لە ئابی ٢٠١٧ دا لەگەڵ پێرڵ لەدەرەوەی دادگا رێکەوت کە قەرەبووی کۆمپانیاکە بکاتەوە بە ٢ ملیار و ٢٣٠ ملیۆن دۆلار و درێژکرنەوەی ماوی گرێبەستەکە تا ساڵی ٢٠٤٩ واتە ١٧ ساڵ گرێبەستەکە درێژکرایەو و فراوانکردنی ناوچەی گرێبەستەکە بە خستنە سەری هەردوو بلۆکی ١٩ و٢٠ بۆ ناوچەی گرێبەستی چەمچەماڵ و کۆرمۆر هەروەها چەنین خاڵی تر لە بەرژەوەندی پێرێڵ.
ساڵی ٢٠١٩ش کۆمپانیای دینا ستی کە کۆمپانیایەکی خۆماڵی بوو شکاتی دژی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و وەزیری پێشوتری سامانە سروشتییەکان پێشکەش دادگای بازرگانی لەندەن کرد و داوای قەرەبووی ١.٦ ملیار دۆلار دەکات بەهۆی رێگەنەدانیان بەکار کردن لەهەرێم بەڵام دادگا لە مانگی نیسانی ٢٠٢١ بریاری دا کە دەستەڵاتی دادوەری نییە. بریارەکە لەبەرژەوەندی دیناستی نەبوو.
کێڵگەی بنەباوێ و میران دوو کێڵگەی گازین و ١٠٠٪ ی پشکەکانی ئەم دوکێڵگەیە هی کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی بووە.
- کێڵگەی بنەباوێ ٣٠٠ کم لەسنووری تورکیاوە دورە وە ٦٠ کم لە هەولێرە وە . یەکەم گرێبەست لەساڵی ٢٠٠٦ کراوە. یەدەگی نەوتی بنەباوێ مەزەندەکراوە بە ٣٤ ملیۆن بەرمیل نەوت لە جۆری زۆر سوك API 45 و هەروەها یەدەگی گازیش بە ٨٫٢ ترلیۆن مەتر سێجا مەزەندەکراوە.و لەساڵی دا ٢٠٠٧ یەکەم بیر لێدراوە و تا ساڵی ٢٠١٤ شەش بیر لێدراوە و تەواو بووە ، هەر لەو ساڵەدا ڕاگەیەنرا کە بەرهەمی نەوتی کێڵگەکە کەمە بەڵام گازێکی زۆری هەیە. بنەباوێ بەرهەمی گازی چاوەڕێدەکرێت بەدوو قۆناغ لە ٣٥٠بۆ ٧٠٠ ملیۆن پێ سێجا ڕۆژانە بێت. یەکەم ماوەی بنیات نان و دووەمیش ماوەی سەقامگیری بەرهەم کە پێدەوترێ (Plateau period). پاشتر بەپێی گرێبەستی کرین Lifting Agreement کە لە مانگی شوباتی ٢٠١٧ دا ئیمزاکراوە، حکومەتی هەرێم گازی بنەباوێ دەکرێت بەنرخی ١,٢$ بۆ هەر هەزار پێ سێ جایەك. بەپێی رێکەوتنەکە پەرەپێدان بە دوقۆناغ دەکرێت، قۆناغی بنیات نان کە دوساڵە و قۆناغی دوەم ١٠ ساڵ دەبێت.
- کێڵگەی گازی میران دەکەوێتە ڕۆژئاوای شاری سلێمانییەوە، ڕووبەری گرێبەستی میران 293 میل چوارگۆشەیە و یەدەگی گازی سروشتی مەزەندە دەکرێت بە ٦.٨ بۆ ٩.١ تریلیۆن پێ سێجا (نزیکەی لە نێوان ١٩٢ بۆ ٢٥٧ ملیار مەتر سێجا) غازی سروشتی و 95 ملیۆن بەرمیل نەوتی تێدایە.