وریا عەبدولخالق
بەپێی ڕاپۆرتەکانی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق “سۆمۆ” لە هەشت مانگی ڕابردووی ئەمساڵ حکومەتی عێراق ٨۰۱ ملیۆن و ۷٨٥ هەزار بەرمیل نەوتی فرۆشتووە ٨۲ ملیار و ۲۲۰ ملیۆن دۆلار داهاتی هەبووە .
لەبەرامبەردا هەرێمی کوردستان لەو هەشت مانگەدا ۹٨ ملیۆن و ۲ هەزار بەرمیل نەوتی فرۆشتووە و داهاتەکەی ۹ ملیار و ۱۹٥ ملیۆن دۆلار بووە .
کۆمپانیای سۆمۆ تێکڕا هەربەرمیلێک نەوتی بە ۱۰۲ دۆلار و ٥٤ سەنت فرۆشتووە و لەبەرامبەردا حکومەتی هەرێم هەر بەرمیلێکی بەتێکڕا بە ۹۳ دۆلار و٨۲ سەنت فرۆشتووە و نەوتی هەرێم بۆ هەر بەرمیلێک ٨ دۆلار و ۷۲ سەنت کەمتر لەنەوتی عێراق فرۆشراوەو بە بەراورد بە فرۆشتنی نەوتی عێراق لە جیاوازی نرخدا هەرێمی کوردستان بڕی ٨٥٤ ملیۆن دۆلاری لەدەستداوە کە ئەو بڕە هێندەی کۆی مووچەی مانگ و نیوێکی فەرمانبەرانی هەرێمە.
ئەگەر نەوتی هەرێم لەلایەن سۆمۆوە بفرۆشرایە هاوشێوەی نەوتی عێراق داهاتەکەی دەبووە ۱۰ ملیار و ٤۹ ملیۆن دۆلار .
لە کۆی ۹ملیار و ۱۹٥ ملیۆن دۆلاری داهاتی نەوتی هەرێم بڕی ٤۳ تا ٤۷ لەسەدی بۆ حکومەتی هەرێم دەگەڕێتەوە لەباشترین حاڵەت داهاتی گەڕاوە بۆ حکومەت گەیشتوەتە ٤ ملیار و ۳۰۰ ملیۆن دۆلار و بۆ هەر مانگێک دەکاتە کەمتر لە ٥٤۰ ملیۆن دۆلار.
لەبەرامبەردا حکومەتی عێراق تێکڕا مانگانە ۱۰ ملیار و ۲۷۷ ملیۆن دۆلاری بۆ گەڕاوەتەوە .
نەوتی فرۆشراوی هەرێم دەکاتە ۱۲,۲۲ لەسەدی نەوتی فرۆشراوی عێراق بەڵام داهاتی گەڕاوەی نەوتی هەرێم لەچاو داهاتی عێراق دەکاتە دەکاتە ٥,۲ لەسەدی داهاتی نەوتی عێراق .
لە خراپترین حاڵەت پێش فرۆشتنی نەوت لەلایەن هەرێمەوە بڕی پتر لەسەدا ۱۰ی داهاتی عێراق وەکو بودجە ڕەوانەی هەرێم کراوە لەوحاڵەتەدا پشکی هەرێم لە داهاتی نەوتی ئەو هەشت مانگە پتر لە ٨ ملیار و ٥۰۰ ملیۆن دۆلار دەبوو واتە دوو هێندەی ئەو پارەیەی هەرێم لەنەوتەوە دەستی دەکەوێت.
حکومەتی هەرێم بەهۆی جیاوازی نرخی فرۆشتن و شایستەی کۆمپانیاکان و کرێی بۆڕی و گومرگی تورکیا و ئەمبارکردنەوە لەچاو فرۆشتنی نەوتی عێراق بڕی ٥ ملیار و ۷٥۰ ملیۆن دۆلاری لەدەستداوە و تەنها ٤ ملیار و ۳۰۰ ملیۆن دۆلاری بۆ گەڕاوەتەوە .