روونبین
بەپێی کۆپیەکی نامەیەک کە دەست روونبین کەوتووە، کۆمپانیای ئێس جی ئێس SGS بواری خزمەتگوزاری نەوت (پشکنین) کارەکانی لە هەرێم ڕادەگرێت.
کۆمپانیاکە گرێبەستی لەگەڵ هەریەک لە کۆمپانیای دی ئێن ئۆ DNO گنێل ئەنێرجی، پارکەر درێلینگ و تاقە دا هەبوو بەڵام بەپێی نامەی کۆمپانیاکە هەموو گرێبەستەکانیان تا بەرواری ٢١ی ئەیلول کۆتایی پێ دێنن و هیچ گرێبەستێکی نوێ وەرناگرن لە ترسی روبەربونەوەی سزا لە لایەن وەزارەتی نەوتی عێراقەوە.
کۆمپانیای ئێس جی ئێس لە ساڵی ٢٠١٠ ەوە لە هەرێم کار دەکات و لە وەزارەتی سامەنە سروشتیەکان و لیستی AVL تۆمارە.
دەقی نامەکەی کۆمپانیای SGS:
بەداخەوە ئاگادارتان دەکەینەوە کە لە وەزارەتی نەوتی عێراق فەرمانمان پێگەیشتووە کە سەرجەم چالاکی و خزمەتگوزارییەکانمان لە کەرتەکانی نەوت و غاز لە هەرێمی کوردستانی عێراق رابگیرێت.
ئێمە تێدەگەین کە ئەم بڕیارە کۆمپانیاکەمان و هەموو ڕکابەرەکانمان دەگرێتەوە کە لە هەرێمدا کاردەکەن.
ئەم فەرمانە لەسەر بنەمای بڕیاری ژمارە 59ی وەزارەتی نەوت/ لیژنەی باڵای راوێژكاری ژمارە 36ی حكومەتی عێراقە.
ئەوە تێگەیشتنی ئێمەیە جگە لە پابەندبوون بە فەرمانی وەرگیراو هیچ بژاردەیەکی ترمان نییە و لە ئەنجامدا هەموو چالاکیەکانی کەرتی نەوت و گاز لە کوردستان رادەگرین.
بە پابەندبوون بەم فەرمانە، ئێمە چیتر لە دۆخێکدا نین کە داواکاری بۆ خزمەتگوزارییە نوێیەکان وەربگرین یان بەشداری لە تەندەری نوێدا بکەین.
ئێمە کارەکانمان ڕادەگرین، و ئەم نامەیە وەک ئاگادارییەک کاردەکات کە، بەهۆی قوة القاهرة (Force Majeure) ، ئێمە ناتوانین بەردەوام بین لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکانی ئێستا لە دوای ماوەی ئەو سێ مانگە کە بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرێبەست و پڕۆژەکانی ئێستامان دیاری کراوە. ئەمەش دەکاتە ٢١ی ئەیلول بەپێی بەرواری وەرگرتنی نامەکە.
بەردەوامبوونی کارەکان دژی فەرمانەکە کۆمپانیاکەمان و کارمەندەکانمان دەخاتە بەردەم سزای توند.
ئێمە لەگەڵ ئێوەگفتوگۆی چونییەتی رادەستکردنی خزمەتگوزارییەکان بەباشترین شیوە بە ئێوە یان لایەنی دیاری کراو دەکەین لەماوەی راگوزەردا.