روونبین
بەنوسراوێک کە ئیمزای جێگری وەزیری نەوتی عێراق بۆ کاروباری دەرهێنان و سەرۆکی لیژنەی ئاڕاستەکردنی باڵا “کریم حطاب جعفر” لەسەرە لە بەرواری ٢٠٢٢/٦/٧ لەلیژنەی ئاڕاستەکردنی باڵا( اللجنة التوجیهیة العلیا) ی سەر بە وەزارەتی نەوت کە بۆ جێ بەجێ کردنی بڕیاری دادگای فیدراڵی ژمارە ٥٩ ئیتحادی ٢٠١٢ سەبارەت بە نادەستوری بوونی یاسای نەوت و گازی هەرێم دەرچووە، نوسراوێک ئاراستەی کۆمپانیای نیشتمانی نەوت کردووە داوا دەکات کە هەموو ئەوکۆمپانیایانە ئاگادار بکەنەوە کە گرێبەست و پرۆژە جێبەجێ دەکەن لە بواری تەکنیکی،لۆجیستی، راوێژکار و خزمەتگوزاری و بواری تر کار دەکەن لە هەموو کێڵگە نەوتییەکانی عێراق کە:
یەکەم: بەڵێننامە پێشکەش بکەن بۆ ئەنجام نەدانی کار، گرێبەست یان پرۆژە لە کەرتی نەوت و گازی هەرێمی کوردستانی عێراق، بەپێچەوانەی بڕیاری دادگای فیدراڵی سەرەوە.
دووەم: لە ئەگەری هەبوونی گرێبەست یان پڕۆژە، کۆمپانیاکان بەڵێن دەدەن لە ماوەی سێ مانگدا لە بەرواری ئاگادارکردنەوەیانەوە هەڵیانبوەشێننەوە.
سێهەم: لە ئەگەری پابەند نەبونی کۆمپانیاکان بەو شتانەی کە لە (یەکەم یان دووەم)ی سەرەوەدا هاتووە، ئەو کۆمپانیایانە دەخرێنە لیستی ڕەشەوە و مامەڵەکردن لەگەڵیان قەدەغەدەکرێت.
پاشتر بەپێی نووسراوێکی کۆمپانیای نەوتی بەسرە، کە بە ژمارە 1675 لە رۆژی 12-6-2022 دەرچووە و ئاڕاستەی کۆمپانیا سەرەکی و لاوەکییەکانی بەڵێندەرایەتی لەبارەی جێبەجێکردنی بڕیاری دادگەی باڵای فیدڕاڵیی عێراق ژمارە ٥٩ی ئیتحادی ٢٠١٢ی کردووە و پشتی بە نووسراوی ژمارە ٣٦ی لیژنەی ئاڕاستەکردن لە وەزارەتی نەوتی عێراق بەستووە، کە لە رۆژی 7-6-2022 دەرچووە. داوا دەکات بەڵێننامە پڕبکەنەوە و بەڵێنبدەن “بە هیچ شێوەیەک کار لە گرێبەست یان پڕۆژەکانی کەرتی نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستان نەکەن بەپێچەوانەی بڕیاری دادگەی باڵای فیدڕاڵیی [عێراق] بێت.”
لە نووسراوەکەدا ئەوەش هاتووە: “ئەگەر ئێستا گرێبەست یان پڕۆژەتان هەبێت کۆمپانیاکەتان و کۆمپانیا بەڵێندەرە لاوەکییەکان بەڵێن بدەن لە ماوەی سێ مانگدا لە رۆژی پێڕاگەیاندتانەوە بەم بڕیارە هەڵیانبوەشێننەوە.”
کۆمپانیای نەوتی بەسرە هۆشداری داوەتە کۆمپانیاکان ئەگەر پابەند نەبن بە خاڵی یەکەم و دووەمەوە ئەوا دەخرێنە لیستی رەشەوە و مامەڵەیان لەگەڵدا ناکرێت.