وەزارەتی نەوتی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە کارنامەی کۆبوونەوەکەی ئاشکرا کرد . کۆبوونەوەکە بەئامادەبوونی وەفدێکی باڵای حکومەتی هەرێم بۆ تاوتوێکردنی دۆسیەی نەوت بەڕێوەدەچێت و دوابەدوای بڕیاری دادگای فیدراڵی کە یاسای نەوت و گازی هەرێم نادەستوورییە.
لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی نەوتی فیدراڵدا هاتووە: “یەکەم کۆبوونەوەی نێوان وەزارەتی نەوتی فیدراڵ و شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕۆژی دووشەممە لە بەغدا بەڕێوەدەچێت بۆ گفتوگۆکردن لەسەر کارە جێبەجێکارەکان لە دوای بڕیاری دادگای فیدراڵی
و بۆ هەماهەنگی لەسەر میکانیزمی نوێ و ستاندارد بۆ بەڕێوەبردنی فایلی پیشەسازی نەوت لەهەرێم لەپێناو بەدەستهێنانی زۆرترین سوود و گەڕانەوەی دارایی لەبەرژەوەندیی گشتی و بەشداریکردن لە بەرزکردنەوەی و پشتیوانی ئابووری نیشتمانی و یەکخستنی پیشەسازی نەتەویی نەوت.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: “وەزارەتی نەوت لیژنەی تایبەتی لەم بوارەدا دامەزراندووە بۆ ئامادەکردنی نەخشەڕێگایەک بۆ گفتوگۆ سەبارەت بە هەموو فایلەکانی پیشەسازی نەوت لە هەرێم و کۆبوونەوەی چڕوپڕی تایبەت و وۆرکشۆپ لەگەڵ شارەزایانی ناوخۆ ونێودەڵەتی و ڕاسپاردەی راوێژکارە پسپۆڕ کان بۆ پیاچونەوە بە هەموو گرێبەستە نەوتییەکانی هەرێم و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان.
وتیشی: “ئەو شاندەی حکومەتی هەرێم کە گەیشتنە بەغدا ژمارەیەک لە بەرپرسانی حکومەت و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دەگرێتەوە کە سێ کەسایەتیان پلەی وەزیریان هەیە
میدیای کوردی ڕۆژی یەکشەممە بڵاویکردەوە کە بڕیارە ڕۆژی دووشەممە شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکات بۆ تاوتوێکردنی دۆسیەی نەوت و بڕیاری دادگای فیدراڵی سەبارەت بە نادەستووریی یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستان.
جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا وتی: “ئامانجی سەردانەکە باسکردنی پرسی وزە و چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانە”.
وتیشی: “یەکێک لە تەوەرەکانی گفتوگۆی نێوان هەردوولا بڕیارەکانی ئەم دواییەی دادگای فیدراڵییە لەسەر کەرتی نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستان”دەبێت.
وتەبێژی حکومەت وتی: “شاندەکە پێکهاتوون لە خالید شەوانی و ئومید سەباح و عەبدولحەکیم خوسرەو و ئامانج ڕەحیم.
شایانی باسە لە لە ١٥ی شوباتی ٢٠٢٢دا دادگای فیدراڵی بڕیاری دا کە یاسای نەوت و گازی حکومەتی هەرێمی کوردستان نادەستوورییە.