روونبین
لە راگەیاندراوێکدا کە بەرواری١٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١ لەسەر پێگەی فەرمی حکومەتی هەرێم بەزمانی ئینگلیزی بڵاوکراوەتەوە، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان وەڵامی کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی دەداتەوە سەبارەت بەوەی لە ١٠ی کانوونی یەکەمدا ڕای گەیاندبوو داوای قەرەبوو دەکات لە دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لەندەن لە پای کۆتای هاتنی گرێبەستی گەردوو کێڵگەی گازی بنەباوێ و میران.
وەزارەتی سامانە سرشتییەکان لە ڕاگەیانراوەکەیدا دەڵێت کە “حکومەت نیگەرانە لەوەی کە گەنێل شکستی هێناوە لە پێشکەشکردنی هەر پێشنیارێکی باوەڕپێکراو بۆ گەشەپێدانی کێڵگەی نەوتی و گازی بینا باوی و میران و تێبینی ئەوەش دەکات کە ئەم شکستە بەشێوەیەکی بەرچاو توانای حکومەتی دواخستووە بۆ پێشخستنی ئەو کێڵگانە لە کاتی خۆیدا”.
رۆژی ١٠ ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١ کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی لە پێگەی فەرمی خۆی ڕایگەیەند “لەم بارودۆخەدا بۆردی بەڕیوەبردن گەشتە ئەو دەرەنجامەی کە هیچ بژاردەیەکی کردەیی لە بەردەم دا نییە جگە لە رازی بوون بە کۆتایی هێنان بە گرێبەستی هاوبەشی لە بەرهەم وە کو دەرەنجامێک بۆ کۆتایی پێکهێنانی گرێبەستەکە لە لایەن حکومەتی هەرێمەوە، وە داوای قەرەبوو لە حکومەتی هەرێم بکات. داواکانی گەنێڵ زۆر گرنگن وپێشکەشی دادگای ناوبژیوانی لەندەن دەکرێت بەپێی ئەو پرۆسانەی بۆ چارەسەری کێشەکان لە گرێبەستی هاوبەشی کردن لە بەرهەمدا دیاری کراوە”.
ڕوونبین پەیوەندی کرد بە کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجییەوە چەند پرسیارێکی ئاراستەکردن سەبارەت بەم کێسەیە لە وەڵامدا دەڵێن “ئەمە پرۆسەیەکی یاساییە و بەردەوامە بۆیە زانیاری زۆر کەم دەتوانین زیاد بکەین بۆ ئەوەی رامان گەیاندووە”. سەبارەت بەوەی کە ئایا بۆچی لەپێگەی گەنێڵ زانیاری لەسەر کێڵگەی میران و بنەباوێ نەماوە لەوەڵامدا گەنێڵ بە روونبینی ڕاگەیاند” دەتوانم دووپاتی بکەمەوە کە گەنێڵ کۆتایی بە PSC هێناوە ( بۆ ئەو دوو کێڵگەیە) بۆیە لە پێگەکە لابراوە”. پێشتر وەکو دوو کێڵگە کە لە قۆناغی پێش بەرهەم هێناندا بوون زانیاری لەسەر پێگەی گەنێڵ دانرابوو.
هەروەها سەبارەت با کاریگەری ئەم هەنگاوەی گەنێڵ لەسەر وەبەرهێنانەکانی تریان لە هەرێم کە وەکو دەزانین لە ٤ کێڵگەی وەبەرهێنی نەوت پشکیان هەیە و لە قەرەداغیش لە قۆناغی پێش بەرهەم هێناندان و چاوەڕێ دەکرێت لە ساڵی ٢٠٢٢ ئەو کێڵگەیەش بکەوێتە بەرهەم.
گەنێڵ لەوەڵامدا پێی ڕاگەیندین” بەردەوام دەبین لە گەڵ حکومەتی هەرێم بۆ پەرەپێدانی ئەسێتەکانی ترمان ، بۆ گەشتن بە ئامانجە هاوبەشەکانمان کە خۆی لە زیادکردنی بەرهەم دەبینێتەوە لەهەرێم لە بەرژەوەندی خاوەن پشکەکان”.
لە ماوەیەکی نزیکدا چاوەڕوانی ڕاپۆرتی ڕوونبین بن سەبارەت بەم بابەتە.
دەقی وەرگێڕراوی ڕاگەیاندنەکەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بەکوردی:
لە بەرواری ١٠ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١ دا حکومەتی هەرێمی کوردستان نامەیەکی لەلایەن کۆمپانیای گەنێل ئینێرجی (“Genel”) ەوە پێگەیشت لەم نامەیەدا، گەنێل دووپاتی کردەوە کە بەنیاز نییە بەردەوام بێت لە جێبەجێکردنی پابەندییەکانی لە کێڵگەی بنەباوی و میران بەپێی گرێبەستی هاوبەشیکردن لەبەرهەم”PSC”.وە کۆتایی هێنانی گرێبەستەکە راستەوخۆ دەبێت (Emmediate effect). حکومەت ئەوەش دەزانێت کە گەنێل ئەنرجی هەمان شتی دووپاتکردووەتەوە لە بڵاوکراوەیەکی ڕۆژنامەوانی لە بەرواری ١٠ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١دا.
پاڵنەری نامەکەی گەنێل و بڵاوکراوە ڕۆژنامەوانیەکە پەیوەندی بە ئاگادرکرنەوەی کۆتاهێنانی فەرمی حکومەتەوەهەبوو لە ٥ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١ دا کە بەشێوەیەکی درووست کۆتای هێنانی گرێبەستی PSC پەیوەستە بە تەواوکردن و کۆتای هاتنی پرۆسەی چارەسەری ناکۆکیەکان کە لە گرێبەستی هاوبەشیکردن لەبەرهەمدا دەستنیشان کراوە.
گەنێل هەوڵی داوە پاساوی کۆتایی پێهێنانی PSC بداتە پاڵ پێشێلکاری حکومەت. حکومەت بە توندی ڕەتی دەکاتەوە کە پێشێلکاری گرێبەستەکەی کردبێت. گەنێل هەروەها بە هەڵە بانگەشەی ئەوەی کردووە کە حکومەت ڕایگەیاندووەک پابەندیەکانی خۆی بەپێی گرێبەستی هاوبەشیکرنی بەرهەم جێبەجێ ناکات. بە پێچەوانەوە، حکومەت هەمیشە بەپێی پابەندی خۆی بە گرێبەستی PSC وە هەڵسوکەوتی کردووە، وە بە بەردەوامی بەهەمان شێوە پەیوەندی بە گەنێلەوە کردووە.
هەرچۆنێک بێت، لە پەیوەندییەکەی گەنێل دا لە ١٠ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١ بە شێوەیەکی ئاشکرا پشتڕاستی کردەوە کە گەنێل دەستی لە گرێبەستەکە هەڵگرتووە، هەربۆیە حکومەت ئەمڕۆ بۆگەنێڵی پشتڕاست کردەوە کە گرێبەستی PSC کان بە کاریگەری ڕاستەوخۆ validly terminated کۆتایی پێ دەهێندرێن.
حکومەت نیگەرانە لەوەی کە گەنێل شکستی هێناوە لە پێشکەشکردنی هەر پێشنیارێکی باوەڕپێکراو بۆ گەشەپێدانی کێڵگەی نەوتی و گازی بنە باوی و میران و تێبینی ئەوەش دەکات کە ئەم شکستە بەشێوەیەکی بەرچاو توانای حکومەتی دواخستووە بۆ پێشخستنی ئەو کێڵگانە لە کاتی خۆیدا.
هەروەها حکومەت ئاگاداری ئەو راگەیاندنەی گەنێڵە کە داوای لە سەرحکومەت هەیە لەدادگای نێوبژیوانی نێودەوڵەتی لەسەر کۆتای پێهێنانی گرێبەستەکە. حکومەت بە توندی ڕەتی دەکاتەوە کە گەنێل مافی هەر قەرەبووکردنەوەیەکی هەبێت. حکومەت بە توندی بەرگری لە هەر داوایەک دەکات کە لەلایەن گەنێلەوە دژی کراوە، وە بەنیازە دژەداوی هەبێت بۆ قەرەبوکدنەوەی لەسەر ئەوەی کە گەنێڵ دەستی لە گرێبەستی هاوبەشیکردنی بەرهەم هەڵگرتووە .