ڕوونبین
مامۆستایەکی زانکۆی سۆران توێژینەوەیەکی گۆڤارێکی نێودەولەتی ئیندێکس کراو لە سکۆپەس بڵاو کردووەتەوە ، بە ناونیشانی:
Legal Framework of Local Content Requirements in the Iraqi Kurdistan Region Oil and Gas Sector
(چوارچێوەی یاسایی ناوەڕۆکی ناوخۆی کەرتی نەوت و گازی هەرێمی کوردستانی عێراق).
لینکی تۆژینەوەکە بە PDF و بەزمانی ئینگلیزی
دکتۆر رضوان شریف صالح مامۆستای زانکۆ و هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرایە لە یاسا و گرێبەستە نەوت و گازییەکان.
لە توێژینەوەکەی دا؛ بە شێوەیەکی گشتی ناوەڕۆکی ناوخۆ لە کەرتی نەوت و گازدا لە دوو بەشی سەرەکی پێک دێت:
١. ئەولەویەت دان بە بەکارهێنانی کاڵا و ئامێر و خزمەتگوزاری ناوخۆیی
٢. ئەولەویەت دان بە کرێکار و دەستی کاری ناوخۆیی
چوارچێوەی یاسایی ناوەڕۆکی ناوخۆی کەرتی نەوت و گازی هەرێمی کوردستانی بە زۆری لە یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستان ژمارە ( 22 ) ی ساڵی 2007 و چەند بەندێکی گرێبەستەکانی بەشداریکردن لە بەرهەمهێنان (PSCs) رێکخستنی بۆ کراوە. یاسا و گرێبەستەکانی هەرێم بە دارشتنێکی سادە لە چەند مادە و بەندێکدا، کۆمپانیا نەوتییەکان پابەند دەکەن کە ئەولەویەت بدەن بە بەدەستهێنانی کاڵا و خزمەتگوزاری ناوخۆیی و هەروەها بە دامەزراندن و ڕاهێنان و گەشەپێدانی کارامەیی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان و بەشەکانی تری عێراق و بە گواستنەوەی تەکنەلۆجیا، بە بێ ئەوەی باس لە ڕێژەیەکی دیاریکراو یان ماوەیەکی دیاریکراو یاخۆد جۆر و شێوازی راهێنان بکەن.
ئەم توێژینەوەیە بە شێوەیەکی ڕەخنەگرانە شیکردنەوەی بۆ چوارچێوەی یاسایی داواکاریەکانی ناوەڕۆکی ناوخۆی کەرتی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان دەکات و لە پێکهاتە و تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی دەکۆلێتەوە وهەروەها دەرئەنجامەکانی جێبەجێکردنی داواکاریەکانی ناوەڕۆکی ناوخۆ لە هەرێمی کوردستان و گرفتە یاساییەکانیان دەخاتەروو.
ئەم لێکۆڵینەوەیە ڕوونی کردووەتەوە کە بەندەکانی یاسای نەوت و گاز و گرێبەستەکانی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە داواکاریەکانی ناوەڕۆکی ناوخۆ بە باشی ڕێکنەخراون و هەرێمی کوردستان یاسا یان ڕێنماییەکی تایبەت بە ناوەڕۆکی ناوخۆی نیە، بۆیە داواکاریەکانی ناوەڕۆکی ناوخۆ لە هەرێمی کوردستاندا تا ئێستا نەیانتوانیووە ستافی ناوخۆ لە ئاستی باڵادا بەشداری پێ بکەن و هەرێمی کوردستان هێشتا بەدەست خراپی کوالێتی سیستەمی راهێنانی کرێکارانی ناوخۆوە دەنالێنێت. لە کۆتاییدا توێژینەوەکە چەندین ڕاسپاردە بۆ هەرێمی کوردستان دەخاتەروو بۆ کەمکردنەوەی گرفتە یاساییەکان و ئەو مەترسیانەی کە پەیوەستن بە داواکاریەکانی ناوەڕۆکی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، لە گرنگترینیان:
١. دەرکردنی یاسایەکی روون و گشتگیر بە ناونیشانی ”یاسای ناوەڕۆکی ناوخۆی هەرێمی کوردستان-عێراق“ و دامەزراندنی دامەزراوەیەکی تایبەت بە جێبەجێکردنی بەندەکانی ئەم یاسایە و چاودێری کردنی ئاستی جێبەجێکردنی داواکاریەکانی ناوەڕۆکی ناوخۆ بە ناونیشانی” دەستەی پەرەپێدان و چاودێری کردنی ناوەڕۆکی ناوخۆی هەرێمی کوردستان“.
٢. بەندەکانی پەیوەست بە ناوەڕۆکی ناوخۆ لە گرێبەستەکانی بەشداریکردن لە بەرهەمهێنان پێداچوونەوەیان بۆ بکرێت، بە شێوەیەک کە رێژەیەکی سەدی بۆ بەکارهێنانی ستافی ناوخۆ و کاڵا و خزمەتگوزارییە ناوخۆییەکان جێگیر بکرێت لە کاتبەندکردنێکی دیاریکراودا.
٣. زۆر گرنگە کە هەرێمی کوردستان پەرە بە ستافی ئاستی باڵا بدات و کۆمپانیا نەوتییەکان پابەند بکات بە راهێنان و پەرەپێدانی دەرچووانی کورد و یارمەتیدانی زانکۆیەکانی کوردستان بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی کواڵێتی خوێندنیان لە بوارەکانی نەوت و گازدا.
بۆ خوێندنەوەی تەواوی توێژینەوەکە و بینینی داتاکان، سەردانی لینکی خوارەوە بکەن: