لەبەرواری ١٧ شوباتی ٢٠٢١ دا لێکۆڵینەوەیەکمان بڵاوکردەوە بەناوی” وردبوونەوە لە وردبینیەکەی دیلۆیت! لێکۆڵینەوەی گرفتەکانی داهاتی نەوت لە ڕاپۆرتەکەی دیلۆیت ٣ چارەکی ساڵی ٢٠٢٠”
کۆمەڵیک کێشەمان تیادا دەستنیشان کرد .چ لە شایستەی کۆمپانیا نەوتییەکان یان کریێ گواستنەوە.
پێش ئەوەی ڕاپۆرتەکە بڵاو بکەینەوە بە چەند خاڵیک پرسیارمان ئاراستەی ئەولایەنە کرد لە حکومەت کە ڕاپۆرتەکەی بڵاوکردووەتەوە و بەرپرسە لەو مەلەفە، بەڵام وەڵاممان دەست نەکەوەت لەسەر هیچ خاڵ لەو خاڵانەی کەپرسیبومان و جێی سەرنج بوو لای ئێمەوە .
لێکۆڵینەوەکە لە زیاتر لە ١١ هەزار وشە یەو ناورۆکەکەی لە ٣٦ لاپەڕە پێکدێت. لەبەشی چارەکی یەکدا لەیەک بڕگەدا هەڵەیەکمان بەسەردا تێپەڕیوە کە سەبارەت بە تێکڕای نرخی نەوتی چارەکی یەکەمە، ئێمە لەو پەرەگرافەدا کە لە ١٤٧ وشە پێک دێت هەڵەمان کردووە، تێکڕای نرخی نەوتمان بەشێوەیەکی سادە ئەژمارکردووە ، دوای ئەوەی لە بەرواری ١ی ئازار ئەو بڕگەیەی لێکۆڵینەوەکە جارێکی تر بڵاوکرایەوە هە ر هەمان رۆژ بابەتەکەی ئێمە نێردراوە بۆکۆمپانیای دیلۆیت لەلایەن بەڕیز دکتۆر ئامانج رەحیمەوە بەخێرایی لەمەوەی چەند کاتژمێرێکی کەمدا وەڵامی ئەو بڕگەیە دراوەتەوە کە چۆن تێکڕای نرخی نەوت ئەژمار کراوە و دەردەکەوێت ئەوە شێوازەی ئێمە بەکارمان هێناوە دروست نییە . بۆیە لێرە وە داوای لێبوردن دەکەین و دان بەهەڵەی خۆماندا دەنێیین کە لەو بڕگەدا هەڵەمان کردووە. بەڵام ئەمە هیچ لە گرنگی ئەوخاڵانەی تری لێکۆڵینەوەکە ناگۆڕێت کە دەستنیشان کراوە.
بەتایبەت کە پێش بڵاوکردنەوەی لێکۆڵینەوەکە بەماوەیەکی باش و پاشتریش کە وەڵامی ئەو خاڵەی سەرەوەیان بۆ ناردین جارێکی تر پرسیارمان لەسەر ئەو خاڵانەی تری لێکۆڵینەوەکە کردووە کە بەپێی گرێبەستەکان و شیکردنەوەکانی ئێمە زیاتر لە ٥٢٤ ملیۆن نەگەڕاوەتەوە بۆ هەرێم و دراوە بەکۆمپانیا بەرهەم هێنەکانی نەوت و وەڵاممان وەرنەگرتووە.
دواکەوتنی ئەم پۆزشەمان تەنها بۆ چاوەڕییمان بوو بۆ وەڵامی حکومەت کەوەک چۆن بەخێرایی وەڵامی دیلۆیتیان پێداین لەسەر ئەوخاڵەی هەڵەمان تیاکردبوو،هەمان کات ئێمە پێمان ڕاگەیاندن بەدڵنیایی ئێمە لەسەر هەڵەی خۆمان پۆزش دەهێنینەوە بەڵام چاوەڕیی وەڵامی ئەم چەند خاڵە دەکەین کە پرسیارمان لەسەر کردووە لەسەر شایستەی کۆمپانیا بەرهەم هێنەکانی نەوت. بەڵام تائێستا وا (١٧) رۆژ بەسەر دواین نامەی ئێمەدا بۆ حکومەت تێدەپەڕێت کە لە بەرواری ٢ ی ئازار دا داوامان لێکرا کە بە ئینگلیزی پرسیارەکانمان بنێرین ، ئێمەش لە بەرەبەیانی ٣ی ئازاردا پرسیارەکانمان بە زمانی ئینگلیزی ناردو هەر هەمان کات پێمان ڕاگەیەنرا کە نێردراوە بۆ دیلۆیت بەڵام تا ئێستا هیچ ڕونکردنەوەیەکمان پێ نەگەشتووە.
بۆیە دووبارە داوای لێبوردن لەهەموو لایەک دەکەین کە هۆکاری دواکەوتنی پۆزشەکەمان بۆ ئەو خاڵە دەگەڕێتەوە.
یادگار سدیق گەڵاڵی/ فریا کاڵی