یادگار سدیق گەڵا ڵی
شیکردنەوەی داهاتی کێڵگەی شێخان و پشکی حکومەتی هەرێم و کۆمپاکان لە داهاتی کێڵگەکە لەسەر بنەمای (ڕاپۆرتەکانی چالاکی کۆمپانیای گۆڵف کیستۆن و گرێبەستە نەوتییەکان و دوا ڕاپۆرتی کۆمپانیاکە) کە ڕۆژی سێ شەممە بەرواری ٢٠٢١/٥/١٨ بڵاوی کردووەتەوە. لەم شیکردنەوەیەدا بڕی ئەو پارەیەی کۆمپانیاکان داویانە بە حکومەت و ئەو بڕەشی کە بۆ خۆیان ماوەتەوە لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٠ دا لە کێڵگەی شێخان ئاشکرا دەکەین.
سەبارەت بە ڕاپۆرتەکە:
ڕاپۆرتی کۆمپانیاکی گۆڵف کیستۆن سەبارەت بەو پارانەی کۆمپانیاکەیە کە لە داهاتی فرۆشی نەوت داوێتی بە حکومەت لە ساڵی ٢٠٢٠ دا و لە پێشەکییەکەیدا دەڵێت:
ئەم ڕاپۆرتە وردەکاری ئەو پارانە ڕوون دەکاتەوە کە دراوە بە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەلایەن کۆمپانیای گۆڵف کیستۆن و ئەو کۆمپانیایانەی سەر بەون بۆ ساڵێ ٢٠٢٠، کە بەپێی بنەما(قاعدە) ئاشکراکردن و ڕوونی ٤،٣ A کە لەلایەن دەزگای مامەڵەی دارایی لە شانشینی یەکگرتوو دەرچووە( DTR 4.3A) وە بە پێی لائیحەی راپۆرتی دانی پارە بەحکومەت ٢٠١٤ (Reports on Payments to Governments Regulations ( هەموارکراو لە ٢٠١٥) ( یاسای شانشینی یەکگرتوو ) وە تەفسیری ئێمە بۆ ڕێنماییەکانی پیشەسازی لە بەریتانیا کە دەرچووە لە لایەن دەزگای نێودەوڵەتی بەرهەمهێنەرانی نەوت و گاز. بە پێی یاسای (DTR 4.3A) داواکراوە لەو کۆمپانیایانەی کە تۆمارکراون لە بازاڕە داراییەکان و لە شانشینی یەکگرتوو کار دەکەن لە پیشەسازییە دەرهاتووەکاندا ، دەبێت کۆمپانیاکان ئەو پارانەی دەیدەن بە حکومەتەکان لەو وڵاتانەی کە گەڕان و پشکنین، دۆزینە و پەرەپێدانی نەوت و گازی تێدا دەکەن ئاشکرابکەن و ڕایبگەیەنن.
واتە بەپێی یاسا ناچارن کە داهاتاکانیان ئاشکرابکەن. ئێمە لە هەرێمی کوردستان پێویستمان بە دەرکردنی ئاوها یاسایەک هەیە تاوەکو کۆمپانیاکان ناچاربکات هەموو داهات و قازانجیان ئاشکرابکەن،یاسایەکی لەو شێوە خزمەتی روونی و شەفافییەت دەکات.
هەروەها کۆمپانیاکە بنەمای ئامادەکاریی ئەم ڕاپۆرتەی دیاری کردووە بەوەی: لەم ڕاپۆرتەدا ئەو بڕە پارانەی کە ڕێژەکەی لە ٨٦ هەزار پاوەندی ستەرلینی کەمتر بێت داخڵ نەکراوە ، بەپێی ڕێنماییەکانی شانشینی یەکگرتوو ڕێگە پێدراوە.
هەموو ئەو پارانای پەیوەستە بە گرێبەستی هاوبەشیکردن لە بەرهەم بۆ کێڵگەی شیخان لە لایەن گۆڵف کیستۆنەوە دراوە بە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم.
- پێناسە و ڕوونکردنەوە بۆ هەندێ پێکهاتە و عنصری ڕاپۆرتەکە کە لەهەمانکاتدا بەشێکی گرنگی هەر گرێبەستێکی نەوتین:
شایستەی بەرهەم هێنان: بریتییە لە پشکی حکومەتی خانەخوێ لە بەرهەم لەو ماوەی کە ڕاپۆرتەکە دەیگرێتەوە ،لە کێڵگەی شێخان کە لەلایەن گۆڵف کیستۆنەوە بەڕێوە دەبرێت. ژمارەکان لە سەر بنەمای پشکە. پشکی بەرهەمی نەوت دراوە بەشێوەی عەینی( بە نەوت) وە بەهای نرخەکەش ئاشکرا دەکەین وەرگیرەاوە لە سەربنەمای حساباتی خەمڵاندنی داهات. خەرجی بەڕیوەبردنی لێدەرکراوە.
موڵکانە: مۆڵکانە بەشێوەی عەینی دەدرێت (بە نەوت) بە حکومەت لەماوەی ساڵەکەدا لەبری دەرهێنانی نەوت. بڕی مۆڵکانە بەپێی گرێبەستی هاوبەشیکردن لەبەرهەمی کێڵگەی شیخان دەدرێت. موڵکانەش بەهەمان شیوەی شایستەی بەرهەم حساب کراوە. ڕێژەی موڵکانە بریتییە لە ١٠٪ی کۆی بەرهەمی کێڵگەکە.
کرێی مۆڵەت و پەرەپێدان و بونیادنانی تواناکان: بریتین لە کرێی مۆڵەت، کرێی زەوی،بەکرێگرتن و ئاسایش و پارێزگاری و پێدانی خەرجی پەرەپێدانی تواناکان و خەرجی تر پەیوەست بە مۆڵەت یان ئیمتیاز دەگرێتەوە.
پارەدان بۆ چاککردنی ژێرخان: بریتیە لە پێدان بۆ باشکردنی ژێرخان چ بەپێی گرێبەست یان بەشێوەی تر وەک چاککردنی رێگاکان. چاوەڕی دەکرێت تایبەتبێت بە چاککردنی ژێرخانی ناوچەی گرێبەستەکە لە ماوەی گرێبەستەکەدا.
لە ڕاپۆرتەکەدا کۆمپانیا باسی ئەوە دەکات کە بەپێی گرێبەستی هاوبەشیکردن لەبەرهەمدا، حکومەت بەرهەمی کێڵگەکە وەردەگرێت وە لەلایەن یان لەبری حکومەت دەفرۆشرێت و داهاتەکەی وەردەگرێت، وە لە و داهاتە پشکی کۆمپانیای گۆڵف کیستۆن لە خەرجی و قازانج دەدرێت . واتە لە بری ئەوەی کۆمپانیا پارە بدات بە حکومەت، حکومەتی هەرێم لە دوای فرۆشی نەوتەکە پارەی پشکی کۆمپانیاکە دەدات. (ئەمە بۆ هەموو کۆمپانیاکانی نەوت ڕاستە). بۆیە کۆمپانیاکە دەڵێت لە بەرئەوەی داواکاری ڕاپۆرتەکەیە بەپێی یاسای بەریتانی بۆیە لەسەرمانە پشکی بەرهەمی هەرێم دیاری بکەین و ئاشکرای بکەین (ئەو پارەیەی کە حکومەتی هەرێم لە بازاڕ وەری دەگرێت).
گرنگی یاسایەکی هاوشێوەی “یاسای ئاشکراکردن و روونی بەریتانیا” لەوەدایە رێڕەوی دارایی کۆمپانیاکان ئاشکرادەکات و داهات و قازانجی کۆمپانیاکان ئاشکرا دەکات بۆ حکومەت و هاووڵاتی. ئاشکراکردنی سەرچاوەکانی داهات و شێوازی خەرجکردنی لە پێداویستییە سەرەکییەکانی حوکومڕانی دروستە و یەکێکە لەبنەماکانی لێپرسینەوە و بەرپرسیارێتی، جگە لەوەی یەکێکە لە داخوازییە هەنوکەییەکانی هاوڵاتیش. دەستکەوتنی زانیاری بۆ هاووڵاتی بشێکە لە مافی مرۆڤ و پێشێلکردنی یان شاردنەوەی زانیاری پێشێلکردنی مافی مرۆڤە . بە پێی بنەمای ئازادی دەستخستنی زانیاری کە هەر لە سەرەتای دروست بوونی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە و لەساڵی ١٩٤٨دا دانی پیادا نراوە بە بڕیار ١/٥٩ کە دەڵێ ” ئازادی گەشتن بە زانیاری مافێکی سەرەکی مرۆڤە” هەروەها مادەی ١٩ لە جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤیش دا جەختی لەسەر کراوەتەوە. پەرلەمانی هەرێمی کوردستانیش یاسای ژمارە ١١ ی ساڵی ٢٠١٣ دەرکردووە یاسای “یاسای مافی دەسکەوتنی زانیاری” وە بەتایبەت لە مادەی پێنج دا دەڵێت:
” هەموو کەسێک مافی ئەوەی هەیە کە داوا بۆ بەدەستهێنانی زانیاری پێشکەشبکات،ئەگەر ئەو بەڵگە نامەیەی کە زانیارییە داواکراوەکانی تێدایە لای ئەمدامو دەزگایەبێتکە داواکەی ئاراستە کراوە ئەوا پێویستە دانەیەک لەو بەڵگە نامەیەی پێ بدرێت” شایانی باسە تا ئێستا و دوای تێپەڕبوونی ٨ ساڵ بەسەریدا هێشتا ئەو یاسایە کارا نییە.
لە کێڵگەی شێخان کۆمپانیای کۆڵف کیستۆنی بەریتانی پشکی ٨٠٪ ی هەیە لە کێڵگەکە و کۆمپانیای MOL ی هەنگاری ٢٠٪ ی پشکەکان وە حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بەپێی گرێبەستەکان سەرەتا ١٠٪ ی کۆی بەرهەمی کێڵگەکە وەکو موڵکانە وەردەگرێت و پاشان کۆمپانیاکان رێژەیەک لە خەرجییەکانیان وەردەگرنەوە و ئەو نەوتەی دەمێنێتەوە قازانجی نەوتەکەیە، دوای لێ دەرکردنی خارجی و بەپێی هاوکێشەیەک لە نێوان هەرێم و هەردوو کۆمپانیاکەدا دابەش دەکرێت، پاشان لە قازانجی کۆمپانیاکان بڕێک پارە دەدرێت بۆ پەرەرپێدانی تواناکان و چاککردنی ژێرخانی ناوچەی گرێبەستەکە. لێرەدا ئێمە لەسەر بنەمای ئەم ڕاپۆرتەو ڕاپۆرتەکانی تری کۆمپانیای گۆڵف کیستۆن و گرێبەستە نەوتییەکان بەرهەمی ڕۆژانە و کۆی بەرهەمی ساڵی ٢٠٢٠ و نرخی فرۆشی نەوتی شێخان و کۆی داهاتی فرۆشی کێڵگەکە لەماوەی ساڵەکەدا لەگەڵ پشکی هەر دوو کۆمپانیاکە (گۆڵف کیستۆن و ئێم ئۆ ئێڵ MOL) و حکومەتی هەرێم لە داهاتی کێڵگەکە لەماوەی ساڵی ٢٠٢٠ دا بڵاو دەکەینەوە.
تێکڕای بەرهەمی ڕۆژانەی کێڵگەی شێخان بریتی بووە لە ٣٦,٦٢٥ بەرمیل نەوت کە لەماوەی ساڵی ٢٠٢٠ دا کۆی ١٣,٤٠٤,٧٥٠ بەرمیل بووە و ئەوکات نزیکەی ٨٪ ی هەموو بەرهەمی هەرێمی پێک دەهێنا. لە بەر ئەوەی جۆری نەوتی شێخان بریتییە لە نەوتێکی قورس و بە داشکاندنی ٢١ دۆلار لە ژێر نەوتی برێنتەوە دەفرۆشرێت بۆیە تێکڕا نرخی بەرمیلێک نەوتی کێڵگەکە بە ٢٠.٨٧٩ دۆلار فرۆشراوە کە تێکڕای داهاتی کێڵگەکە بریتی بووە لە ٢٧٩ ملیۆن و ٨٧٤ هەزار دۆلار و ئەم داهاتەش بەم شێوەیە دابەشکراوە:
حکومەتی هەرێم: چوار جۆر شایستەی وەرگرتووە کە بریتین لە :
١- موڵکانە: ڕێژەی موڵکانە بەپێێ گرێبەستەکان ١٠% کۆی بەرهەمی هەرکێڵگەیەکە، حکومەت کۆی ١ ملیۆن و ٣٤٠ هەزار و ٤٨٠ بەرمیل نەوتی وەکو مۆڵکانە وەرگرتووە کە کردویەتییە ٢٧ ملیۆن و ٩٨٦ هەزار دۆلار و هەریەک لە کۆمپانیاکان بەم شێوەیە موڵکانەیان داوە:
آ- گۆڵف کیستۆن: ١ ملیۆن و ٦١ هەزار بەرمیل نەوت کردویەتییە ٢٢ ملیۆن و ١٥١ هەزار دۆلار.
ب- ئێم ئۆ ئێڵ MOL:: ٢٧٩ هەزار و ٤٨٠ بەرمیل نەوت کردویەتییە ٥ ملیۆن و ٨٣٥ هەزار دۆلار.
٢- پشکی حکومەت لەبەرهەم: هەرێم بڕی ٥ ملیۆن و ٥٠١ هەزار بەرمیل نەوتی لە کۆمپانیا نەوتییەکان وەکو پشکی هەرێم وەرگرتووە کە کردوویەتییە ١١٤ ملیۆن و ٨٥٤ هەزار دۆلار. هەریەک لە کۆمپانیاکان بەم شێوەیە بەشداربوون لە پێدانی پشکی نەوت بە هەرێم لە کێڵگەکە:
آ- گۆڵف کیستۆن: بڕی ٤ ملیۆن و ٣٥٤هەزار بەرمیل نەوت کە کردویەتییە ٩٠ ملیۆن و ٩٠٦ هەزار دۆلار.
ب- ئێم ئۆ ئێڵ MOL : بڕی ١ ملیۆن و ١٤٧ هەزار بەرمی کە کردوویەتییە ٢٣ ملیۆن و ٩٤٨ هەزار دۆلار.
٣- کرێی مۆڵەت و پەرەپێدان و بونیادنانی تواناکان: هەرێم تێکڕا ٩ ملیۆن و ١٩٦ هەزار دۆلاری وەرکرتووە بۆکرێی مۆڵەت، کرێی زەوی،بەکرێگرتن و ئاسایش و پارێزگاری پێدانی خەرجی پەرەپێدانی تواناکان بەم شێوەیە :
آ- گۆڵف کیستۆن: بڕی ٧ ملیۆن و ٣٥٧ هەزار دۆلار.
ب- ئێم ئۆ ئێڵ MOL: بڕی ١ملیۆن و ٨٣٩ هەزار دۆلار.
٤- پارەدان بۆ باشککردنی ژێرخان: بریتیە لە پێدان بۆ باشکردنی ژێرخان چ بەپێی گرێبەست یان بەشێوەی تر کە خۆی لە لێدانی بیری ئاو، بنیادنانی دابینکردنی تۆڕی ئاو و دروستکردنی ڕێگای گوندەکان دا دەبینێتەوە، بۆ ئەومەبەستە حکومەت بڕی ٢٥٣ ملیۆنی وەرگرتووە بەم شێوەیە:
آ- گۆڵف کیستۆن: ٢٠٢ هەزار دۆلار
ب- ئێـم ئۆ ئێڵ MOL: ٥١ هەزار دۆلار
تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٠ هەرێم بڕی ٦ ملیۆن و ٨٤١ هەزار بەرمیل نەوتی وەرگرتووە لە کێڵگەی شێخان و بڕی ١٥٢ ملیۆن و ٢٧٨ هەزار دۆلار پشکی هەرێم بووە.
داهاتی کۆمپانیاکان لە کێڵگەی شیخان:
هەریەک لە کۆمپانیای گۆڵف کیستۆن بە خەرجی و قازانجەوە بڕی ١٠٠ ملیۆن و ٩٠٠ هەزار دۆلاری وەرگرتووە و کۆمپانیای ئێم ئۆ ئێڵ بڕی ٢٦ ملیۆن و ٦٨٠ دۆلار. بەمانایەکی تر هەرێم لە داهاتی کێڵگەکە ٥٤٪ ی بۆ ماوەتەوە و هەردوو کۆمپانیاکەش ٤٦٪. ئەم داهاتە خەرجی گواستنەوەی بۆری هەرێم و تورکیای تیا نییە.
کێڵگەی شێخان دەکەوێتە پارێزگای دهۆکەوە، ٦٠ کیلۆمەتر لە باکوری رۆژئاوای هەولێر. کۆمپانیای گۆڵف کیستۆن کە کۆمپانیایەکی بەریتانییە پشکی ٨٠% کێڵگەکەی هەیە و کۆمپانیای MOL هەنگاری ٢٠% پشکەکانی هەیە. نەوت لەم کێڵگەیەدا سالی ٢٠٠٩ دۆزرایەوە ، لەساڵێ ٢٠١٣ وە بەرهەم هێنان دەستی پێکردووە. تا ئێستا زیاتر لە ٧٠ ملیۆن بەرمیل نەوت لەم کێڵگەیە بەرهەم هاتووە. جۆری نەوتی ئەم کێڵگەیە نەوتی قورسە و بە کەمترلە ٢١ دۆلار لەژێر نرخی برێنتەوە دەفرۆشرێت. تێچوی بەرهەمهێنان Opex بۆبەرمیلێک نەوت لەم کێڵگەیە، بەپێی زانیاریەکانی گۆڵف کیستۆن بریتییە لە ٢.٦ دۆلار . تێكڕای بەرهەمی ڕۆژانەی ئەم کێڵگەیە بریتیە لە ٣٦ هەزار و ٦٢٥ بەرمیل بووە و لە ئێستادا ئاستی بەرهەمی کێڵگەکە رۆژانە بریتییە لە ٤٣,١٩٠ بەرمیل.
کۆی بەرهەمی ڕۆژانەی کێڵگەی شێخان (٠٠٠ بەرمیل ڕۆژانە)