روونبين
لە لێدوانێکدا سەرۆک کۆماری ئێران حەسەن ڕۆحانی بۆ تەلە فزیۆنی ئێران ڕایگەیاند”وڵاتە زل هێزەکانی جیهان ڕازی بوون کە گەمارۆ لەسەر ئێران لابدەن، لەگەڵ ئەوەی ڕێکەوتن لەسەر وردەکارییەکانی ماوە”.
حکومەتی ئێران و ئەمەریکا لە مانگی نیسانی ڕابوردووە وە لە گفتوگۆی ناراستەوخۆدان لە ڤییەنا و بۆ هەڵگرتنی ئەو گەمارۆیە ی بەهۆی بەرنامەی ئەتۆمی ئێرانەوە لەساڵی ٢٠١٨ دا دۆناڵد ترەمپ بەسەر ئێراندا سەپاندی. بەپێی لێدوانی ئەوروپییەکانیش وتووێژەکان قۆناغی باشی بڕیوە. پێش بینی دەکرێت لە یەک دوو هەفتەی ئایندەدا ڕێکەوتن بکرێت.
بەهۆی گەمارۆکانی ئەمەریکاوە کە ئامانج لێی بریتی بوو لەوەی هەناردەی نەوتی ئێران بووەستێنێت ئابوری ئێران توشی داڕمان بووە بەڵام نەتوانرا هەناردەی ئێران بووەستێنرێت، بەڵکو لە ساڵی ٢٠٢٠ دا بەرهەمی نەوتی ئێران بەنزیکەیی ١٫٩ ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانە بووە و لە ساڵی ٢٠٢١ دا بۆ ٢٫٤ ملیۆن بەرمیل بەرزبووەتەوە لە ئەگەری ڕێکەوتندا چاوەڕێ دەکرێت ئاستی بەرهەمی بۆ ٤٫٢ ملیۆن بەرز ببێتەوە کە ئەو ئاستەی لەپێش گەمارۆکەدا هەیبووە، بەڵام گومان دەکرێت کە بەخێرایی بتوانێت بەو ئاستە بگات ، بەڵکو چاوەڕێ دەکرێت تاکۆتایی ساڵ بەرهەمی بگاتە ٣٫٢ ملیۆن و لە سەرەتای ٢٠٢٣ دا بگاتە ئاستی پێش گەمارۆکە. چین یەکێکە لە کڕیارو سەرەکییەکانی نەوتی ئێران و لەماوەی ڕابوردودا رێکەوتنێکی فرە لایەنەی لەگەڵ ئێراندا ئیمزاکرووە کە لە ناویدا پەرەپێدانی کەرتی نەوتە.
وڵاتانی ئۆپیک و دەروەی ئۆپیک ناسراو بە ئۆپیک پلەس ڕێکەوتوون ئاستی بەرهەمی نەوتیان سنوردار بکەن، هەر وڵاتە و بەڕێژەیەک پابەندکراوە بەرهەمی کەم بکاتەوە ، ئەم ڕێکەوتنە لەساڵی ٢٠١٧ بەردەوامە و لە ساڵی ٢٠٢٠ دا بەهۆی کەمی خواست لەسەر نەوت بەهۆی کۆڤید ١٩ ەوە بەڕێژەیەکی بەرچاو بەرهەمی وڵاتانی ناو هاوپیمانییەکە کەم کرایەوە تا گەشتە ١٠٪ ی بەرهەمی جیهان، ئەمەش هاوکارێکی باش بوو وە باشە بۆ گەڕاندنەوەی باڵانس بۆ بازاڕی نەوت و بەرزکردنەوەی نرخی نەوت .
ئێران ئەندامی ڕێکخراوی ئۆپیکە بەڵام بەهۆی گەمارۆکانی سەریەوە بەخشراوە لە کەمکردنەوەی بەرهەم کە ڕێکخراوەکە لەگەڵ چەند وڵاتێکی دەرەوەی ئۆپیک لەسەری ڕێککەوتووە، ئەمە بەومانایە دێت ئێران چەند لە توانایدا بێت دەتوانێت بەرهەم زیادبکات، بەڵام مەرج نییە و چاوەڕوان ناکرێت کاریگەری زۆر لەسەر دابەزینی نرخ بکات چونکە بەهۆی ڕێکەوتنەکەی ئۆپیک پلەس و ئەو شۆکەی کە توشی پیشەسازی نەوتی شێڵی ئەمریکی بوو لەساڵی ڕابوردودا و کاریگەرییەکانی کۆڤید ١٩ تا ئێستاش خستنە ڕووی نەوت لە خواست لەسەری کەمترە و ئەو زیادەی ئێران چاوەڕێ دەکرێت بیخاتە بازاڕەوە کاریگەری ئەوتۆی نابێت و گەر کاریگەریش بێت کورت خایەن دەیێت. لەگەڵ ئەوەی هێشتا هیندستان سێهەم گەورە هاوردەکەری نەوتی جیهان دەناڵێنێت بەدەست پەتای کۆرۆناوە.
خاڵێکی تر کە پشتگیری لە نرخی نەوت دەکات ئەوەیە پێکوتەی کۆرۆنا لە ئەوروپا و ئەمریکا بەشێوەیەکی فراوان بەکار دەهێنرێت و لە سەرەتای مانگی حوزەیرانەوە چاوەڕێی بوژانەوەی کەرتی گەشتیاری دەکرێت بەهۆشییەوە و زۆر بوونی گەشتی فڕۆکەوانی.
بۆیە زۆربەی پێشبینییەکان بۆئەوەدەچن کە نرخی نەوت تا کۆتایی ساڵ لە ٧٠ بۆ ٧٤ دۆلار بێت.