لە درەو میدیا وەرگیراوە
ئیمێڵێكی كۆمپانیای گازپرۆمی روسی، شڵەژانی دروستكردو هەناردەی گەورەترین كێڵگەی نەوتی سنوری یەكێتی بۆناو بۆری هەناردەی نەوتی كوردستانى راگرت.
لە بەیانی ئەمڕۆوە هەناردەی نەوتی كێلگەی “حەسیرە”ی ناوچەی گەرمیان بۆ بۆری نەوتی كوردستان راوەستاوە.
“حەسیرە” گەورەترین كێلگەی نەوتی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەكێتییە، كە رۆژانە (٣١ بۆ ٣٣) هەزار بەرمیل نەوتی تێدا بەرهەم دەهێنرێتو ئەم نەوتە لەرێگەی تانكەرەوە دەگوازرێتەوە بۆ كێڵگەی (خورمەڵە) لە نزیك هەولێرو لەوێوە دەكرێتە ناو بۆری نەوتی هەرێمی كوردستانو هەناردەی بەندەری جیهان دەكرێت لە توركیا.
كۆمپانیای (گازپرۆم)ی روسی لە كێڵگەی “حەسیرە” كاردەكات، ئەو نەوتەی كە بەرهەمی دەهێنێت دەیدات بە كۆمپانیاكانی گوستنەوەی نەوت، كۆمپانیا لەرێگەی تانكەرەوە نەوتەكە دەگوازێتەوە، لەسەر وەرگرتنی تەندەری گواستنەوەی ئەم نەوتە كێشە دروستبووە.
كۆتاییەكانی ساڵی رابردوو، كۆمپانیا (گازپرۆم) تەندەرینی كرد بۆ پێدانی كاری گواستنەوەی نەوتەكە بە كۆمپانیایەك، (١٥) كۆمپانیا بەشدارییان لە پرۆسەی تەندەرینەكەدا كرد، سەرەتای مانگی شوباتی ئەمساڵ كۆمپانیا روسییەكە رایگەیاند، كاری گواستنەوەی نەوتەكە بۆ كۆمپانیایەك دەرچووە بەناوی (جهانگیر)و ئەم كۆمپانیایە هەر تەنێك لە نەوتەكە بەبڕی (١٦) دۆلار دەگوازێتەوە بۆ كێڵگەی (خورمەڵە)، ئەمەش كەمترین نرخ بوو كە تائێستا لەو كێڵگەیە تۆماركرابێت.
دوێنێ كۆمپانیای گازپرۆم ئیمێڵێكی بۆ كۆمپانیا بەشداربووەكانی تەندەرینەكەی كۆتایی ساڵی رابردوو نارد، ئەم ئیمێڵە دۆخەكەی شڵەژاند، لە ئیمێڵەكەدا نوسرابوو، كۆمپانیای (جهانیگر) ناتوانێت كارەكە بكات، بۆیە گواستنەوەی نەوتەكە جارێكی تر دەدەنەوە بە كۆمپانیای (بلاك پوڵ).
ماوەی چوار ساڵە، كۆمپانیای (بلاك پۆڵ) گرێبەستی گواستنەوەی نەوتی حەسیرەی پێدەدرێت، خاوەنی ئەم كۆمپانیایە پیاوێكی سەرمایەدارە بەناوی (دانای حاجی ساڵح)، كۆمپانیای گازپرۆم بۆ ماوەی دوو ساڵی تر كاری گواستنەوەی نەوتەكەی داوەتەوە بە كۆمپانیاكەی ئەم پیاوە.
كۆمپانیای (بلاك پۆڵ) پێشتر تەنیا گرێبەستی گواستنەوەی نەوتەكەی وەرگرتووە، بەڵام خۆی جێبەجێی نەكردووەو بەشێكی پارەی گرێبەستەكەی داوە بە كۆمپانیای (كیپ ئۆف ئۆیل) بۆ ئەوەی نەوتەكە بگوازێتەوە.
كۆمپانیای (كیپ ئۆف ئۆیل) خاوەنی تانكەرەكانی نەوتە لە كێڵگەی حەسیرە، چەند ساڵە بە دەستی دوو كاری گواستنەوەی نەوت بۆ كۆمپانیای (بلاك پوڵ) كردووەو تائێستاش بەردەوامە، بەڵام ئێستا ئیتر ئەزمونی پەیدا كردووەو نایەوێت چیتر بە دەستی دوو كارەكە بكات، بۆیە لە تەندەرینەكەی كۆتایی ساڵی رابردوودا بەناوی دوو كۆمپانیاوە بەشداریكردووە كە بریتین لە كۆمپانیاكانی (كیپ ئۆف ئۆیل)و (سروشتی هاكاری)، بەڵام تەندەرەكەی بۆ دەرنەچووە.
لە بەیانی ئەمڕۆوە شۆفێری تانكەرەكانی نەوتی “حەسیرە” مانگترنیان راگەیاندووەو هیچ بڕە نەوتێكی سنوری یەكێتییان بۆ بۆری نەوتی كوردستان نەگواستوەتەوە.
ئازاد عەبدولقادر خاوەنی كۆمپانیای (كیپ ئۆق ئۆیل) كە خاوەنی تانكەرەكانی گواستنەوەی نەوتە لە لێدوانێكدا بۆ (درەو) رایگەیاند، كۆمپانیای (بلاك پوڵ) گرێبەستی گواستنەوەی نەوتی حەسیرە قۆرخ كردووەو پشتیوانی سیاسی هەیەو لەڕێگەی ئەو پشتیوانییەوە فشار دەكات بۆ ئەوەی هەموو جارێك تەندەرەكەی پێبدرێتەوە.
ئازاد عەبدولقادر وتی:” ئێمە مانگرتنمان راگەیاندووەو كارناكەین، ئیمزای شۆفێری تانكەرەكانمان كۆكردوەتەوەو دەیبەین بۆ ئیدارەی گەرمیان، رازی نین جارێكی تر تەندەرەكە بدرێتەوە بە كۆمپانیای بلاك پوڵ، دەبێت گازپرۆم كارەكە بدات بە كۆمپانیایەكی تر، یاخود جارێكی تر تەندەرین بكاتەوە”.
بۆ زانیاری زیاتر لەسەر ئەم كێشەیە، كلیك لەم لینكەی خوارەوە بكە: