یادگار سدیق گەڵاڵی
یەکێک لە بچوکترین کۆمپانیاکانی نەوت لە یەکێک لە بچوکترین کێڵگەکان دا ١٧ ملیۆن دۆلار شایستەی دارایی دواخراو وەردەگرێتەوە لەکاتێکدا بە هەموو ئەو کۆمپانیایەنەی کە ٥٠٪ی نەوتی هەرێم بەرهەم دەهێنن ئەوەندە وەرناگرنە وە!
پێشەکییەک
بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت لەسەرەتای ساڵی ٢٠٢٠ دا حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مانگی ئازاردا بڕیاری دا شایستەی چوار مانگی کۆمپانیا نەوتییەکان دوابخات بۆ ماوەی ٩ مانگ یاخود کاتێک نرخی نەوت بگاتە سەروە ٥٠ دۆلار. نۆ مانگەکە واتە مانگی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٠، و ئەم دواخستنە هیچ سودێکی ناچێتە سەر. لە مانگی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٠ دا کۆمپانیا نەوتییەکان ڕایانگەیاند کە حکومەتی هەرێم میکانیزمی دانەوەی شایستە دواخراوەکانی دیاری کردووە بۆیان ئەویش بەمە شێوەیە کاتێک نرخی نەوتی خاوی برێنت بگاتە سەرو ٥٠ دۆلارەوە حکومەت لەبری هەر سەنتێکی سەرو ٥٠ دۆلار نیو سەنت دەداتەوە بە قەرزی شایستە دواخراوەکان. کۆمپانیا نەوتییەکان لە بەرواری ٢٠٢٠١/٣/٩ دا ڕایان گەیاند کە بۆ یەکەم جار بڕێک لە و شایستە دواخراوانەیان وەرگرتووەتەوە، بەپێی میکانیزمەکەی حکومەت.
بڕی شایستەی کۆمپانیاکان بۆ ئەو ماوەیەی دواخراوە بەتەواوەتی نەزانراوە بە بەڵام مەزندە دەکرێت لە نێوان ٨٥٠ ملیۆن بۆ ١ ملیار دۆلار. ئێمە لە ڕێکخراوی ڕوونبین لە ئەیلولی ٢٠٢٠ دا ڕاپۆرتێکمان لە سەر بڕی شایستەی دواخراوی ٦ کێڵگە بڵاو کردەوە لەکۆی ٨ کێڵگەی بەرهەم هێنی نەوت کە تەنها لە و ٦ کێڵگە هەرێم ٧٠٩ ملیۆن دۆلاری ئەو چوار مانگەی لایە. زانیاری تەنها لەسەر قەرزی کۆمپانیای کار لە کێڵگەی خورمەڵە و گازپرۆم و وێستێرن زاگرۆس لە گەرمیان نییە. (سەیری http://www.roonbeen.org/2020/09/19/ڕێکخراوی-ڕوونبین-ئاست-و-بە بکە ).
فۆرزا پەترۆلیۆم
کۆمپانیای فۆرزا پەترۆلیۆم یەکێکە لە و کۆمپانیا بچوکانەی نەوت کە لە هەرێمی کوردستان و لە کێڵگەی هەولێر کاردەکات. لە ڕاپۆرتێکدا ئاستی یەدەگی نەوت و سەرچاوەکان و چالاکییەکانی تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٠ ڕاگەیاند. لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژەی بەوەرگرتنی شایستە داراییەکان و وەرگرتنەوەی بەشێکی زۆر لەو قەرزانەی لای حکومەتی هەرێم بوویانە کردووە.
لە بەشێکی ڕاپۆرتەکەی فۆرزادا هاتووە:
- یەدەگی نەوتی سەلمێندرا و موحتەمەل Proved plus probable oil reserves کەمی کردووە بۆ ٦٢ ملیۆن بەرمیل لە ١٠٣ ملیۆن بەرمیل.
- تێکڕای بەرهەمی ڕۆژانەی کێڵگەکە لە مانگی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٠ دا بریتی بووە لە ١٢٫١٠٠ بەرمیل نەوت، وە لە کانوونی دووەمی ٢٠٢١ دا بریتی بووە لە ١١٫٦٠٠ بەرمیل نەوت.
- کۆمپانیاکە شایستە داراییەکانی وەرگرتووە بۆ هەموو ئەونەوتەی کە گواستراوەتەوە لەکێڵگەکەوە بۆ ناو بۆری نەوتی هەرێم لە مانگی کانوونی دوومی ٢٠٢١ دا بە پێی گرێبەستی هاوبەشی کردن لە بەرهەم، جگە لەو بالانسەی کۆمپانیاکە هەیەتی لای حکومەت بۆ ئەو شایستە داراییانەی حکومەتی هەرێم دوای خستووە بۆ مانگەکانی تشرینی دووەمی ٢٠١٩ تا شوباتی ٢٠٢٠.
- لیستی شایستەی دارایی کۆمپانیاکە invoice بۆ مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢١ بریتی بووە لە نزیکەی ٩٠٠ هەزار دۆلار.
- دوای وەرگرتنی ئەو بڕە پارەی سەرەوە و ڕێککەوتن لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان، باڵانسی شایستە دواخراوەکانی مانگەکانی تشرینی دووەمی ٢٠١٩ تا شوباتی ٢٠٢٠ کەم بووەتەوە بۆ ٢٢ ملیۆن دۆلار.
لەکاتێکدا ئەم باڵانسە لە ڕاپۆرتی چارەکی سێهەمی کۆمپانیاکەدا کە لە بەرواری ٢٠٢٠/١١/١٣ دا بڵاو کراوەتەوە بریتی بووە لە ٣٩ ملیۆن دۆلار، واتە لەو بەروارەوە بڕی ١٧ ملیۆن دۆلار دراوەتەوە بەکۆمپانیاکە لەبری شایستە دواخراوەکانیان. ئەم بڕە بەراورد بە کۆمپانیاکانی تری نەوت زۆر زۆرە. تەنها کۆمپانیایەکی تر کە لە مانگی کانوونی یەکەمدا شایستەی دواخراوی وەر گرتبێتە کۆمپانیای ئێچ کەی ئێن HKNە لە کێڵگەی سەرسەنگ بەپێی راگەیەندراوی کۆمپانیاکە بڕی ١٦٫٣ ملیۆن دۆلاری وەرگرتووە تەوە کە یەکسانە بە هەمان ئەندازەی شایستەی ئەومانگە کە ١٦٫٤ ملیۆن دۆلار بووە . بەڵام کۆمپانیاکانی تر تەنها لە کانوونی دووەمی ٢٠٢١ دا بڕێکی کەم و دیاری کراو یان وەرگرتووەتەوە، بەپێی ڕێکەوتنێک لەگەڵ حکومەتی هەرێم( بۆ هەر سەنتێکی زیادە کاتێک نرخی نەوت لەسەرووی ٥٠ دۆلارەوە دەبێت نیو سەنت بۆ شایستە دواخراوەکان وەردەگرنەوە).
بۆنمونە کۆمپانیای دی ئێن ئۆ DNO کە لە کێڵگەی تاوکی کار دەکات و دووەم گەورەترین کێڵگەی بەرهەم هێنی هەرێمە دوایڵخورمەڵە و بەرهەمی ڕۆژانەی لە ١١٠ هەزار بەرمیل زیاترە بەڵام تەنها ٦٫٢ ملیۆنی وەرگرتووە و کۆمپانیای گۆڵف کیستۆن کە لە کێڵگەی شێخان کار دەکات و بەرهەمی کێڵگەکە لە ٤٤ هەزار بەرمیل زیاترە، بەڵام کۆمپانیاکە تەنها ٧٠٠ هەزار دۆلاری شایستە دواخراوەکانی وەر گرتووەتەوە.
لێرەدا دەگەینە ئەو دەرئەنجامەی بەلایەنی کەمەوە ئەو دوو کۆمپانیایە جیاواز مامەڵەیان لەگەڵا کراوە، بۆ ؟ بە چ میکانیزمێک و لە سەر چ بنەمایەک ئەم هەموو پارەیە دراوەتەوە کۆمپانیای فۆرزا لە کاتێکدا شایستەی فرۆشی نەوتی لە ملیۆنێک دۆلار کەمترە واتە ئەو قەرزانەی دراوەتەوە بە کۆمپانیاکە چەند بەرانبەری داهاتەکەی بووە. ئەگەر بە یەک مانگیش ئەوبڕە پارە نەدرابێتەوە و دایبنێین بە ٢ مانگ دراوە (بەپێی ڕاگەیەندراوی کۆمپانیاکن لە مناگی ١٢ وە دەست دەکرێتەوە بە دانەوەی ئەو شایستانە) ئەوا هێشتا مانگی٨,٥ ملیۆنی وەرگرتووە ئەوە بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ بەرهەمی کێڵگەکە و داهاتی یەکناگرێتەوە.
کۆمپانیای فۆرزا لە کێڵگەی هەولێر کار دەکات و یەکێکە لە بچوکترین کێڵگە بەرهەم هێنەکانی نەوتی هەرێم و بەرهەمی تەنها ١١٫٦ هەزار بەرمیلە ١٧ ملیۆنی وەرگرتووە! لەکاتێکدا هەموو ئەو کۆمپانیایەنەی کە دەڵێن شایستە دواخراوەکانیان وەرگرتووە لە کانوونی دووەم دا کەمتر لە ١٦ ملیۆن دۆلاریان وەرگرتووە بەڵام بەیەکەوە بەرهەمیان ٢٤٣ هەزار بەرمیلە جگە لە HKN و فۆرزا!
فۆرزا پێترۆلیۆم ( Forza Petroleum Limited)
ڕۆژی ٨ ی کانوونی یەکەم ٢٠٢٠ کۆمپانیای کۆمپانیای ئۆرێکس پێترۆلیۆم (Oryx Petroleum Corporation Limited) رایگەیاند کە بەفەرمی ناوی کۆمپانیاکەیان گۆڕیوە بۆ فۆرزا پێترۆلیۆم ( Forza Petroleum Limited).
کۆمپانیای ئۆرێکس پەترۆلێۆم Oryx Petroleum لە مانگی ئەیلولی ٢٠١٠ دا دروست بووە و لەساڵی ٢٠١١ دا پشکی ٦٥٪ ناوچەی مۆڵەتی هەولێری هەیە و هەرێمی کوردستانیش ٣٥٪ کەی تر.ناوچەی مۆڵەتی هەولێر ١٫٥٣٢ کم٢ ڕوبەرەکەیەتی. ئێستا لەژێر ناوی فۆرزا پەترۆلیۆم دا کارەکانی دەکات .
لەساڵی ٢٠١٤ دا بۆ یەکەم جار دەستکرا بە بەرهەم هێنانی بازرگانی لە کێڵگەی دەمری داغ لە ناوچەی مۆڵەتی هەولێر. وە لە ساڵی ٢٠١٥ وە بەرهەمی بلۆکی هەولێر بەستراوەتەوە بە هێڵی بۆری کوردستانەوە.
ناوچەی هەولێر پێکدێت لە هەریەک لە کێڵگەی دەمری داغ، بەنان، عەین ئەلسەفرە و زێی گەورە .
بەرهەمی کێڵگەکە لە کۆتایی ساڵی٢٠١٩ دا گەشتووەتە ١٤ هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا و لە مانگی نیسانی٢٠٢٠ دا بۆ ٤ هەزار دابەزیوە و لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢١ دا تێکرای بەرهەمی ڕۆژانە بریتی بووە لە ١١٫٦٠٠.
بۆ زانیاری زیاتر لەسەر شایستەی یەک بەیەک کۆمپانیاکان سەردانی ئەم لینکە بکە: http://www.roonbeen.org/2021/03/10/