ڕوونبین
بەپێی زانیارییەکانی ڕوونبین کۆمپانیا بەرهەم هێنەکانی نەوت لەهەرێمی کوردستان تاوەکو ئەمڕۆ ٨ ی ئازاری ٢٠٢١ شایستەی دارایی مانگی کانوونی دووەمیان وەرنەگرتووە.
بەپێی میکانیزمێک کە لەمانگی نیسانی ساڵی ڕابوردودا حکومەتی هەرێم بۆ وەرگرتنی شایستە داراییەکانی کۆمپانیا نەوتییەکان دایناوە، بڕیارە لە ١٥ ی هەرمانگێکدا حکومەتی هەرێم شایستەی دارایی مانگی پێشو بدات بەکۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێم. لەو کاتەوە هەرێم مانگانە بەشێوەیەکی بەردەوام لە نێوان ١٥ بۆ ٣٠ مانگدا شایستەی مانگی پێشوی کۆمپانیاکانی داوە، ١٠ مانگ بەبێ دواکەوتن، تاوەکو مانگی کانوونی دووەم کە دەبوایە لە شوباتدا بدرایە بە ڵام ئێستا تەنها هەفتەیەک ماوە بۆ وادەی وەرگرتنی شایستەی مانگی شوبات هێشتا شایستەی مانگی کانوونی دووەم وەرنەگیراوە لە لایەن کۆمپانیاکانەوە.
ڕوونبین زانیویەتی میکانیزمی دانەوەی شایستەکان هیچ گۆڕانێکی بەسەردا نەهاتووە. ئەی دەبێت هۆکاری دواکەوتنە کە چی بێت؟ لەکاتێکدا نرخی نەوت نزم بوو هەرێم بێ دواکەوتن شایستەکانی داوە بەڵام ماوەی چەند مانگێکە نرخی نەوت بەرزە کەچی شایستەکان دواکەوتووە!
هەرێم بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە لەمانگی نیساندا بڕیاری دا شایستەی مانگەکانی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ تا شوباتی٢٠٢٠ دوابخات بۆ ٩ مانگ یاخود تاوەکو نرخی نەوت دەگاتە ٥٠ دۆلار. پاشتر لەمانگی کانونی یەکەمدا هەرێم بەکۆمپانیا نەوتییەکانی ڕاگەیاندووە کە کاتێک نرخی نەوتی برێنت دەگاتە سەرو ٥٠ دۆلار لە هەر سەنتێک زیادە نیو سەنتی بۆ کۆمپانیاکان بۆ وەرگرتنەوەی شایستە دواخراوەکانیان دەبێت و نیوەکەی تری بۆ حکومەت.
تەنها یەک کۆمپانیا ڕایگەیاندووە هەندێک لە شایستە دواکەوتووەکانی ساڵی ٢٠١٩ ی وەرگرتووەتەوە، ئەویش کۆمپانیای HKN ئەمریکییە، دەڵێت لەمانگی کانوونی دووەمدا لەگەڵ شایستەی مانگی کانونی یەکەمدا بڕی ١٦.٣ ملیۆن دۆلاری شایستەی دواخراوی تشرینی دووەمی ٢٠١٩ی وەرگرتووەتەوە. کۆمپانیاکانی تر دەڵێن لە وتوێژداین لەگەڵ هەرێم بۆ وەرگرتنەوەی شایستە دواخراوەکانیان.