روونبین
بڕیارە ڕۆژی ٢٠٢١/٣/٤ دانیشتنی وەزیرانی وڵاتانی هاوپەیمانی ئۆپیک پلەس بکرێت، بۆ پێداچونەوە وە هەڵسەنگاندنی بەرهەم و خواستی جیهان لەسەر نەوت، بوژانەوەی ئابوری و ئاراستەی بازاڕی نەوت.
کۆبونەوەکە لە کاتێکدایە کەنرخی نەوت لە بەرزترین ئاستی ١٢ مانگی ڕابوردوودایە، بازاڕی ئاسیا گەڕاوەتەوە قۆناغی پێش بڵاو بوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەتایبەت لە چین و هیندستان و ژاپۆن.
هیندستان هۆشداری دا کە گەر بە وریایی مامە لە لەگەڵ بازاڕی نەوت و بەرهەمی نەوت نەکرێت دور نییە جارێکی تر کێشەی گەورە دروست ببێتەوە.
لەگەڵ بەکارهێنانی زیاتری ڤاکسینی کۆڤید ١٩ و کەم کردنەوەی بەرچاوی بەرهەمی نەوت لە لایەن هاوپەیمانی ئۆپیک پلەس و کەم کردنەوەی خۆبەخشانەی یەک ملیۆن بەرمیل نەوتی ڕۆژانە لەلایەن سعودیەوە هەروەها ماوەی مانگێکە شەپۆلێکی سەرمای بەهێز بەشێکی ئەمەریکای گرتووەتەوە و بووەتە هۆی کەمبونەوەی بەرهەم هێنانی نەوت و پەک کەوتنی بەشێک لە پاڵاوگەکان، ئەمانە هەمووی بەسەر یەکەوە هۆکاری بەرزی نرخی نەوتن.
لەماوەی چەند ساڵی ڕابوردودا وڵاتانی ڕێکخراوی ئۆپیک بەسەرۆکایەتی سعودیە و دەرەوەی ڕێکخراوەکە بەسەرۆکایەتی ڕوسیا هاوپەیمانیەکیان پێکهێنا لە ٢٣ وڵات پێک دێن بەناوی هاوپەیمانی ئۆپیک پلەس، بۆئەوەی بتوانن لە ڕێیەوە هاوسەنگی بۆ بازاڕی نەوت بگەڕێننەوە کە لە ساڵی ٢٠١٤ دا توشی کێشە بوو بوو نرخی نەوت هەرەسی هێنا بوو. جارێکی تر لە مانگی نیشانی ٢٠٢٠دا هاوپەیمانییەکە توانی لە ڕێی کەمکردنەوەی بەرهەم هێنانی نەوتەوە هاوسەنگی بۆ بازاڕ بگەڕێنێتەوە و کاریگەری خۆی بسەلمێنێت لە سەرئاستی جیهان.
ئێستا بەهۆی کەم کردنەوەی زیاتر لە ٧ ملیۆن بەرمیل و ڕێژەی ٧٪ ی بەرهەمی جیهان بازاڕی نەوت لە کورتهێنانی بەردەوامدایە و خواست زیاترە لە خستنە ڕوو، ئەمەش لە پێناو کەم کردنەوەی ئەو بڕە نەوتە زۆرەی کە لە ساڵی ڕابوردودا بەهۆی دابەزینی نرخ و کەمی خواست لەسەری کەڵەکە بوبوو. بۆیە ئێستا کۆگاکان بەشێوەیەکی خێرا لە ڕەوینەوەدان و بەتایبەت شەپۆلی چاوەڕوان نەکراوی سەرمای ئەمەریکاش خێراتریکرد.
لەم هەلومەرجەدا لێرەو لەوێ گوێبیستی ئەوە دەبین ، پێویست دەکات ئۆپیک پلەس بەرهەمی زیاد بکات بەتایبەت ڕوسیا زیاتر جەخت لەسەر ئەم خاڵە دەکاتەوە. شارەزایان وایدەبینن کە ئۆپیک زۆر بەئاسانی دەتوانێت بڕی ٥٠٠ هەزار بەرمیلی ڕۆژانە زیاد بکات و بازاڕ توانای هەڵ مژینی ئەو بڕەی هەیە و هەندێکیش بۆ ١ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار بەرمیل دەڕۆن. لەبەرانبەردا سعودییە داوادەکات کە بە هۆشیارییەوە مامەڵە لەگەڵ بەرهەمی نەوت بکرێت.
تائێستا ڕوون نییە ئوپیک و سعودییە لەکۆبونەوەی پێنج شەممە چ بڕیارێک دەدات، ئایا سعودییە بەردەوام دەبێت لە سەر کەم کرنەوەی خۆبەخشانەی یەک ملیۆن یاخود کەمی دەکاتەوە بۆ ٥٠٠ هەزار یان زیاتر.
ئەگەر هەیە بڕیار بدرێت بەڕێژەیەک هەندێک وڵاتی ناو هاوپەیمانییەکە بەرهەمیان زیاد بکەن لە مانگی نیساندا تاوەکو ئەو کورتهێنانە بە نەوتی شێڵی ئەمەریکا پڕدەکرێتەوە.