لە درەو میدیا وەرگیراوە
لە دوای 2003ەوە كەرتی نەوت لە عێراقدا زۆرترین گەندەڵی تێداكراوەو زۆرینەی گرێبەستەكانی بواری نەوت لە رێگەی بەرتیلەوە دراون بە كۆمپانیای تایبەتو تائێستاش چەندین كەیسی بەرتیل وەرگرتن لێكۆڵینەوەیان لەسەر كراوە.
سایتی (مەیدان) لە راپۆتێكیدا باس سكانداڵی بەرتیلێكی گەورە دەكات كە عێراق دەهەژێنێتو تێوەگلاوەكانیش بەرپرسان و وەزیرو بەرپرسە باڵاكانی عێراقین.
كۆمپانیای لیتۆن
ڕاپۆرتە میدیاییەكان ئاشكرایان كردووە كە پۆلیسی ئوسترالی تۆمەتی گەورەیان ئاراستەی ”دەیڤید ساڤدج” ی تەمەن شەست ساڵ و بەڕێوەبەری جێبەجێكاری پێشووی كۆمپانیای لیتۆن كردووە، كە ناوبراو هەستاوە بەبڕی ٧٨ ملیۆن دۆلار بەرتیلی داوە لە بەرانبەر گرەنتی وەرگرتنی چەند گرێبەستێكی نەوتی قازانج بەخش لە عێراق، ئەمەش پاش بەدواداچونێكی بەردەوام بۆماوەی ٩ ساڵ، كە تیایدا چەند پێدانێكی پارەی ناڕاست كە كۆمپانیایەكی سەر بە كۆمپانیای لیتۆن پێشكەشی كردووە لە ساڵانی ٢٠١٠ و٢٠١١.
كۆمپانیای (نەوتی باشوور)ی عێراقی
لێكۆڵەرەوەكان دەڵێن كە ”كۆمپانیای لیتۆن ئۆفشور” كە(لقێكی نێودەوڵەتی سەر بە كۆمپانیای لیتۆن)ە, لە ڕێگەی چەند كەس ولایەنێكی بەڵێندەرەوە، لەوانەش ”یۆنا ئۆیل” بەرتیلی داوە بە مەبەستی بەدەستهێنانی دوو گرێبەست بۆ ڕاكێشانی بۆری نەوتی بەبڕی نزیكەی (١.٥) ملیار دۆلاری ئەمریكی.
پێشتریش لە ساڵی ٢٠١٩ دوو بەڕێوەبەری جێبەجێكاری پێشووی كۆمپانیای ”ئۆیل” دانیان بە پێدانی بەرتیلدا ناوە بە بەرپرسانی حكومی بێگانە بەمەبەستی بردنەوە وبەدەستهێنانی گرێبەستی نەوتی لە هەندێك وڵاتدا كە دیارترینیان ئازەربایجانو سوریاو عێراقن.
”یۆنا ئۆیل” چیە؟
كۆمپانیایەكی نەوتیی ئێرانیە خاوەندارێتیەكەی دەگەڕێتەوە بۆ ”ئیحسانی عەتا”ی ئێرانی كە بارەگاكەی لە ”مۆناكۆ”یە، ور ِۆڵی ئەم كۆمپانیایە بریتیە لە پەیوەندیكردنبە كۆمپانیا نەوتیەكانەوە لەسەرتاسەری جیهان بۆ گرەنتیكردن و زامنكردنی گرێبەست بۆیان لە كێڵگە نەوتیەكانی عێراق لەڕێگەی بەرپرسانی دیاری عێراقیەوە, ئەم كۆمپانیایە بارەگایەكی بۆ خۆی كردوەتەوە لە شاری بەسرە لە دوای هاتنی ئەمریكییەكان بۆ عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣.
زیندانیكردنی دوو بەڕێوەبەری پێشووی كۆمپانیای یۆنا ئۆیل
لە مانگی (٧-تەموز)ی پارساڵی ٢٠٢٠ دا دادگای لەندەن بڕیاری زیندانیكردنی بۆ ماوەی ٣ ساڵ بۆ ”ستیڤن وایتلی” تەمەن ٦٥ ساڵو بەڕێوەبەری جێبەجێكاری پێشووی كۆمپانیای یۆنا ئۆیل دەركرد، هەروەها بڕیاری زیندانیكردنی بۆ ماوەی ٥ ساڵ بۆ ”زیاد عەقل”ی بەریتانی بە ڕەگەز لوبنانی دەركرد، لە پای بەرتیلدان بەبڕی زیاتر لە نیو ملیۆن دۆلار بە بەرپرسێكی عێراقی لەپێناو بەدەستهێنانی ڕێكەوتنێكی نەوتی بەبڕی ٥٥ ملیۆن دۆلار لە پاش ڕوخاندنی سەدام. حسێن لە ساڵی ٢٠٠٣.
گەورەترین ئابڕووچوونی بەرتیل پێدان
ئەم كەیسە لە ساڵی ٢٠١٦ دەستی پێكرد كاتێك لێكۆڵینەوەیەكی بنكۆڵكاری كە ماوەی ٩ ساڵ بەردەوام بوو دەربارەی گەورەترین بەرتیل پێدان كە جیهان لە عێراقدا بینیویەتی، ئاشكرای بكات ولێكۆڵنەوەكە كە لە لایەن هەردوو پێگەی ”فێبرفاكس میدیا” و”هافینتگۆن پۆست”ەوە ئەنجامدراوە ئاماژەی بە ناوی چەندین بەرپرسی عێراقی داوە كە ڕاستەوخۆ لەم. ئابڕووچوونەوە تێوەگلاون، و لەناویشیاندا چەند وەزیرو بەرپرسێكی دیاری حكومی هەن جگە لە چەند كۆمپانیایەكی نەوتیی بیانی كە دیارترینیان كۆمپانیای ”لیتۆن” و”یۆنا ئۆیل”ن.
ئەڵقەی نێوەندگیری نێوان بەرپرسانو كۆمپانیاكان
باسل ئەلجەڕاح، كەسێكی عێراقی دانیشتووی دەرەوەی عێراقەو خاوەنی پەیوەندییەكی بەربڵاوە لەگەڵ ئەو كەسایەتییانەی كە دەسەڵاتیان بەدەستە لە عێراقدا لەپاش ساڵی (٢٠٠٣)ەوە، باسل ئەڵقەی نێوەندگیری نێوان بەرپرسانی عێراقی ناو وەزارەتی نەوتو كۆمپانیای ”یۆنا ئۆیل”ی ئێرانیە. لێكۆڵینەوەكان لەسەر سەدان نامەی ئەلیكترۆنی باسل دەریانخستووە كە لەم نامانەدا چەند كێڵگەیەكی نەوتی عێراقی فرۆشراون بەرانبەر بە پێدانی ملیۆنان دۆلار وەك بەرتیل.
بەرتیلی كۆمپانیاكانی دیكە بۆ كێڵگە نەوتیەكان
• باسل داوای لە كۆمپانیای ”هیۆندای” كردووە كە بڕی ٧ ملیۆن دۆلار بەرتیل بدەن بۆ بەدەستهێنانی گرێبەستێكی نەوتی بە بەهای ١٠٠ ملیۆن دۆلار.
• باسل لە ساڵانی ٢٠١٠ و٢٠١١ دا بڕی ٢٠ ملیۆن دۆلاری وەك بەرتیل داوە بە بەرپرسانی عێراقی بۆ قایل كردنیان بۆ بەخشینی پشكێك بە كۆمپانیای لیتۆنی ئاوی، لە پرۆژەی ڕاكێشانی هێڵی نەوت كە بەهای گرێبەستەكەی ٢٠٠ ملیۆن دۆلار بووە.
• لە ساڵی ٢٠١١ دا كۆمپانیا ئێرانیەكە گەورەترین بەرتیلی داوە لە مێژووی خۆیدا، كە بڕەكەی ١٦ ملیۆن دۆلار بووە بەمەبەستی بەدەستهێنانی پشتگیری بەرپرسێكی عێراقی لە گرێبەستی ڕاكێشانی هێڵی بۆری نەوتی كە بڕەكەی ٦٠٠ ملیۆن دۆلار بووە.
نوێترین ڕاپۆرتەكانی ڕێكخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی و رێكخراوی دەستپاكی نێودەوڵەتی (G.A.N) ئاماژە بەوە دەكەن كە عێراق ڕووبەڕووی چەندین كۆسپی جددی و ڕاستەقینە دەبێتەوە كە مایەی لاواز هێشتنەوەیەتی، و گەندەڵیش دیارترینی ئەو كۆسپانەیە، هەر بۆ نمونە، لە بودجەی ساڵی ٢٠١٤ دا بڕی ١٩٠ ملیار دۆلار خەرج كراوە بۆ ٦ هەزار پرۆژەی تەواو نەكراو یا وەستاو یان خەیاڵی(وەهمی)، قەبارەی گەندەڵی لە عێراقدا لە ساڵی (٢٠٠٣)ەوە بڕی ٤٠٠ ملیار دۆلاری تێپەڕاندووەو ڕێژەی هەژاریش بۆ ٣١% بەرزبوەتەوە.