ڕوونبین
لەگەڵ دەستپێکردنی ساڵی نوێدا کۆی بەرهەمی نەوتی کێڵگەی ئەتروش بڕی ٤٠ ملیۆن بەرمیلی تێپەڕاند.
بەپێی لێدوانی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری لە کۆمپانیای شامارانی کەنەدی دکتۆر عادل چاوش، لەماوەی ٣ ساڵ و نیودا کۆمپانیاکە توانیویەتی کۆی بەرهەمی کێڵگەکە بگەیەنێتە زیاتر لە ٤٠ ملیۆن بەرمیل نەوت. بەڕێوەبەری کۆمپانیاکە ئەم بەرهەمە بۆ توانای کێڵگەی ئەتروش دەگەڕێنێتەوە کە دەتوانێت بەرهەمی بەشێوەیەکی سەقامگیر هەبێت، بەتایبەت دوای ئەوەی لەماوەی ساڵی ڕابوردودا پیشەسازی نەوت لە هەرێم بە قۆناغێکی سەختدا تێپەڕی.
کێڵگەی ئەتروش دەکەوێتە پارێزگای دهۆک و ٨٥ کیلۆمەتر لە باکوری ڕۆژئاوای هەولێرەوەیە. سێهەم گەورەترین کێڵگەی بەرهەمهێنی نەوتە لە دوای خورمەڵە و تاوکی. بەپێی ئەو بەڵگانەی لەبەر دەستی ڕوونبینە و بەپێی دواین زانیارییەکان تێکڕای بەرهەمی ڕۆژانەی ئەم کێڵگەیە بریتییە لە ٤٦هەزار و ١٠٠ بەرمیل. کێڵگەکە بۆ یەکەمجار لە ساڵی ٢٠١١ دا دۆزرایەوە و مانگی تەموزی ٢٠١٤ دەستکرا بە بەرهەم هێنانی نەوت لێی.
نەوتی ئەتروش ئێستا لە ساڵی چوارەمیدایە و هەموو نەوتە بەرهەم هێنراوەکە دەفرۆشرێت بە هەرێمی کوردستان بە نرخی بازاڕی نێودەوڵەتی نەوت، دوای داشکاندنی جۆری (کوالێتی) نەوت و تێچوی گواستنەوە. کۆمپانیای شاماران ٢٧٫٦٪ ی پشکی کێڵگەکەی هەیە و پشکی کۆمپانیای تاقە ی ئیمارەتی ٤٧٫٤٪ ە و هەرێمیش ٢٠٪.