ڕوونبین
دوای دوو ڕۆژ وتووێژی چڕو پڕ لە کۆتایدا بۆ جاری دووەم بە ڕێکەوتنێک کە هەموولا ڕازیبکات هاوپەیمانی ئۆپیک پلەس کۆتایی بەدانیشتنەکانی هێنا.
ڕێکخراوی ئۆپیک پلەس دوو ڕۆژە بەشێوەی بازنەی تەلەفزیۆنی( ئۆنلاین) لەوتووێژدان بۆ ڕێکەوتن لەسەر ئەوەی کە مانگی شوبات بەرهەمی نەوت زیاد بکەن یان بەم ئاستەی ئێستای بهێڵنەوە.
وڵاتی سعودییە پێداگری دەکرد لەسەر ئەوەی بەرهەم کەم بکرێتەوە تاوەکو جارێکیتر ڕوبەڕوی داڕمانی نرخی نەوت نەبنەوە، ڕووسیا وچەند وڵاتێکی تریش دەیانویست بەرهەم زیاد بکەن.
هاوپەیمانیەکە لە ڕۆژی دووەمی کۆبونەوەکەیدا بڕیاریدا کە زۆر بەی وڵاتانی ئەندام ئاستی بەرهەمیان وەکو خۆی بهێڵنەوە و هەندێک وڵات بڕێکی کەم بەرهەم زیاد بکەن، لەبەرانبەردا سعودییە بڕێکی زۆر بەرهەم کەم بکاتەوە. بەم بڕیارە سعودییە ڕوسیای قایل کرد و گەیشتنە ڕێکەوتن.
سعودییە لە مانگەکانی شوبات و ئازاردا ڕۆژانە بڕی ١ ملیۆن بەرمیل نەوت کەم دەکاتەوە هەروەکو چۆن دواجار بەهەمان شێوە لەمانگی حوزەیراندا سعودیە تاکلایەنە بڕی یەک ملیۆن بەرمیل نەوتی زیاتر لە پشکی خۆی کەم کردەوە.
هەردوو ووڵاتی ڕوسیا و کازاخستان بڕیارە لەمانگی شوبات و ئازاردا بڕی ٧٥ هەزار بەرمیل ڕۆژانە زیاد بکەن، بەڵام ووڵاتانی تر ئاستی بەرهەم یان وەک خۆی دەمێنێتەوە. بەو مانایەی ئاستی ئەونەوتەی لە لایەن هاوپەیمانیەکەوە لەمانگی داهاتوودا زۆر کەمترە لەو بڕەی کە چاوەڕواندەکرا، بگرە گەر بەو شێوەبێت ئەوا ٣٥٠ هەزار بەرمیل کەمتر دەبێت لەو بڕەی پێش سەری ساڵ بەرهەم دەهات.
بەپێی پێگەی بلومبێرگی ئەمریکی وەزیری وزەی ڕوسیا بە ئاشکرا پشتگیری هەنگاوەکەی سعودیەی کردووە ووتی “دیاری ساڵی نوێ یە” بەڵام لە کۆبونەوە داخراوەکەدا بە شازادە عبدالعزیز وەزیری نەوتی سعودیەی ڕایگەیاندووە، پێویستە ٥٠٠ هەزار بەرمیل زیاد بکەین بۆ ئەوەی نرخ لە ٥٠ دۆلاردا ڕابگرین و بتوانین پشکی خۆمان لەبازاڕ بپارێزین، ئەگینا ئەوپشکە لەلایەن نەوتی شێڵی ئەمریکاوە پڕدەکرێتەوە. بەڵام سعودییە بەوە قایل نەبووە و قورسایی کەمکردنەوەی خستووەتە سەر شانی خۆی و ڕازیبووە ڕوسیا ئەو بڕە لە بەرهەم زیاد بکات،هەرچەندە وەزیری نەوتی سعودیە ناوی لێنا پێویستی وەرزی.
داوای پێشتری هەریەک لە عێراق و نەیجیریا و ئیمارات ڕەدکرایەوە کە پشکیان لەبازاڕ زیاد بکەن.
دوای لێدوانەکەی سعودیە کاری هەڵکەندنی نەوتی بەردین زیادی کرد و پشکی کۆمپانیاکانیش بەشێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو بەرزبویەوە ، ئێکسۆن مۆبیل نزیکەی ٨٪ بەهای پشکەکانی بەرزبویەوە ، هەروەها کۆمپانیای EOG Resources Inc گەورەترین کۆمپانیای نەوتی بەردین (شێڵ ئۆیل)لە ئەمەریکا بەهای پشکەکانی لەبازاڕدا بە ڕێژەی١١٪ زیادی کرد.
بیونار تۆنهۆگن لە کۆمپانیای ڕاوێژکاری Rystad Energy A/S دەڵێت”سعودییە تەنها پشتییەکی نەرم و خۆش دابین ناکات بۆ بازاڕی نەوت، بەڵکو دەستەیەکی تەواو لە لێفە و سەرچەف و بگرە تەختەی نوستنیش دابین دەکات”. وەکو ئاماژەیەک بۆ ئەو دیارییە بەنرخەی سعودییە پێشکەشی نەوتی بەردین و ئەمەریکای کرد.
ئەم جۆرە لە ڕێکەوتن چاوەڕوان نەکراو بوو لە لایەن وەبەرهێنەکانەوە بۆیە لەدوای ئەم ڕێکەوتنەوە نرخی خاوی تەکساس بەرزبویەوە بۆ ٥٠٫٠٥ دۆلار کە بەرزترین ئاستە لە ١٠مانگی ڕابوردودا و خاوی برێنتیش گەشتە ٥٣٫٤٦دۆلار.
نوێ کراوەتەوە.