ڕوونبین
لەیەکەم رۆژی کرانەوەی بازاڕی نەوتدا دا لە ساڵی نوێ ئەمڕۆ دوو شەممە دوای ئەوەی نرخی نەوت سەرەتا بەرزبوونەوەی بەخۆوە بینی پاشان داکشانێکی بەرچاو. دوای ئەوەی ئەندامانی هاوپەیمانی یۆپیک پلەس (کە پێک هاتوون لە ١٣ وڵاتی ئەندامی رێکخراوی ئۆپیک و ١٠ وڵاتی دەرەوەی رێکخراوەکە بەسەرۆکایەتی روسیا) نەگەشتنە ڕێکەوتن سەبارەت بەزیادکردنی بەرهەمی نەوت یان هێشتنەوەی بەم ئاستەی ئێستای.
لەگەڵ کردنەوەی بازاڕدا نەوتی خاوی برێنی بەرز بویەوە بۆ ٥٣ دۆلار و ٣٠ سەنت و خاوی تەکساس بۆ سەرو ٤٩ دۆلار ئەم بەرز بوونەوە بۆ یەکەم جارە دەگاتە ئاستی پێش دابەزینی نرخی نەوت لە مانگی ئازاردا. بەڵام ئەم بەرزبوونەوەیە زۆری نەخایاند بە چەند هۆکارێک بەخێرایی دابەزی، نەوتی برێنت بۆ ٥٠ دۆلار و ٨١ سەنت وە خاوی تەکساس بۆ ٤٧ دۆلار و ٢٩ سەنت.
لە گرنگترین هۆکارەکان :
١- ڕیکنەکەوتنی هاوپەیمانی ئۆپیک پلەس بۆ زیادکردنی بەرهەم لە مانگی شوباتدا بەڕێژەی ٥٠٠ هەزار بەرمیل. وڵاتی سوعودیە بەتوندی دژی هەرزیادکردنێکی نەوتە لەم قۆناغەدا بەمەترسی دادەنێت لەسەر نرخی نەوت ، لە بەرانبەردا روسیا دەیەوێت ئاستی بەرهەم لەمانگی شوبات و مانگەکانی دواتردا بەقۆناغبەندی زیاد بکرێت. روسیا مەبەستییەتی نرخی نەوت زۆر بەرز نەبێتەوە و پێشتریش لەزاری وەزیری وزە ئەلێکساندەر نۆڤاکەوە ڕایگەیاندووە کە نرخی نەوت لە نێوان ٤٥ دۆلار بۆ ٥٥ دۆلار نرخێکی پەسەندە.
یەکێک لەمەترسییەکانی تری روسیا بوژانەوەی نەوتی بەردینی ئەمەریکایە لەکاتی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتدا، لە ئێستاشدا هەندێک ئاماژەکانی بەدەرکەوتوون کە سەکۆ نەوتییەکان لە ئەمەریکا لەزیادبووندان. روسیا مەترسی دوبارەبوونەوەی سیناریۆی ساڵانی ٢٠١٧ بۆ ٢٠١٩ ی هەیە کە ئەمەریکا سودمەندی سەرەکی بوو لە کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت لە لایەن وڵاتانی هاوپەیمانی ئۆپیک پلەسەوە، ئاستی بەرهەمی ئەمەریکا لە ٩ ملیۆن بەرمیلی رۆژانەوە لەو ماوەدا گەشتە ١٣ ملیۆن بەرمیل کە ئاستێکی پێوانەیی بوو، هەرجەند ئێستا بارودۆخەکە جیاوازە.
٢- بڵاوبونەوەی ڤێرژنە نوێکەی ڤایرۆسی کرۆنا لە ئەوروپا و ئەمەریکا مەترسی و دڵە ڕاوکێی دروستکردووە، بەتایبەت دوای ئەوەی سەرلە ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە بەریتانیا لە زاری سەرۆک وەزیرانەوە بۆریس جۆنسن بڕیاری دا لە کاتژمێر ١٢ ی شەوە وە بچێتە قۆناغی لۆکداونی تەواو تا ناوەڕاستی مانگی شوبات، ئەڵمانیاش هەڵسەنگاندن بۆ بارودۆخەکە دەکات. هەروەها لە ئەمەریکاش لە سێ ولایەت ڤێرژنە نوێکە بڵاو بووەتەوە. مەترسی ئەم جۆرەی ڤایرۆسە ئەوەیە زۆر بەخێرایی بڵاودەبێتەوە هەرچەند مەترسییەکانی تائێستا زیاتر نییە لە جۆرە سەرەکییەکە.
سبەینێ دانیشتنەکانی ئۆپیک پلەس بەردەوام دەبێت بۆ گەشتن بە چارەسەر و گەشتن بە بڕیارێک ، پێ ناچێت وتووێژەکان وا ئاسان بێت و درێژە کێشانی ئاماژەی جیاواز و ناڕوون دەدات بە بازاڕ.