ڕوونبین
بە پێی هەواڵەکان کۆمپانیای نەوتی ژین هوا ZhinHua ی حکومەتی چین لە قۆناغەکانی کۆتایی ڕێکەوتندایە لە گەڵ کۆمپانیای بەبازاڕ کردنی نەوتی عێراق ( سۆمۆ) بۆ ڕێکەوتنێکی چەند ملیار دۆلاری ، بە پێێ ئەم ڕێکەوتنە کۆمپانیای ژین هوا ڕەزامەندی پیشاندەدات مانگانە بڕی ٤ ملیۆن بەرمیل نەوتی عێراق بکڕێت بۆ ماوەی پێنج ساڵ، کۆمپانیاکە بەنیازە بڕی ٢ ملیار دۆلار وەکو پێشەکی بدات بە کۆمانیای سۆمۆ. ئەم هەنگاوە هاوکاردەبێت بۆ پڕکردنەوەی بەشێک لەو کورتهێنانەی کە لەبوجەی ٢٠٢١ هەیە بە تایبەت کە عێراق زیاتر لە ٩٠% پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت.
تائێستا ڕێکەوتنە کە لە قۆناغی گفتوگۆدایە و دەبێت سەرۆک وەزیر ڕەزامەندی لەسەر بدات ، بەڵام ئەگەر رێکەوتن لەگەڵ ژین هوا ZhinHua بکرێت یان نا ، ئەوا هەموو کۆمپانیا ڕکەبەرەکانی تریش کە داوایان پێشکەشکردووە بۆ ئەوەی نەوت بە پارەی پێشەکی بکڕن کۆمپانیای چینی سەر بەحکومەتن، هەمویان سیولەی نەختییان لەبەردەستە کە بەشێکە لەمەرجەکانی رێکەوتن. ڕێکەوتنێکی لەمشێوە و لەم کاتەدا پەیوەندییەکانی عێراق و چین زیاتر دەباتە پێشەوە.
بەهۆی بڵاو بونەوەی ڤایرۆسی کورۆناو دابەزینی نرخی نەوتەوە ئابوری عێرق زەبرێکی گەورەی بەرکەوت و رێژەی ١٢% پاشەکشەی کرووە زیاتر لە هەر وڵاتێکی تری ئەندامی ڕێکخراوی ئۆپیک.
لە گەڵ ئەوەی جین پلانی هەیە بە کارهێنانی کاربۆن تا ساڵی ٢٠٦٠نەهێڵێت لەگەڵ ئەوەشدا تا ئێستا چین گەورەترین هاوردەکاری نەوتە لەجیهاندا، بە بڕی ٢٣٨,٧ ملیار نەوت هاوردە دەکات، یاخود لەساڵی ٢٠١٩ وە رێژەی ٢٢,٦% ی هاوردەی نەوتی خاوی هەبووە .
ئەمە یەکەم جار نییە کۆمپانیای ژین هوا لە گەڵ سۆمۆ هاوکاری فراوان دەکات. لە١٧ ی کانوونی دووەمدا ئەنجومەنی وەزیران رەزامەندی نیشانداوە بۆ تازەکردنەوەی گرێبەستی ژین هوا بۆ لێدانی سێ بیری نەوتی نوێی ئاراستە کراو لە کێڵگەی نەوتی ڕۆژهەڵاتی بەغداد. چینیش لە بوارەکانی چیمەنتۆ، نەوت، ویستگەی کارەبا و چارەسەری تۆڕەکانی ئاو لەعێراق بوونی هەیە.
کۆمپانیای ژین هوا ١١ پرۆژەی گەڕان و پشکنین و بەرهەم هێنانی نەوتی هەیە لە شەش ووڵاتی جیهاندا. بەشێوەیەکی کارا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کار دەکات و رێژەی ٤% ی پشکی کۆمپانیای نەوتی ئەبوزەبی (ئەدنۆک) هەیە.
کۆمپانیای ژین هوا لەساڵی ٢٠٠٣ دا وەکو کۆمپانیایەکی سەر بە بەڵێندەرایەتی بەرگری چین دامەزراوە. بەشێوەیەکی ناراستەوخۆ ١٠٠% خاوەنداری دەکرێت لەلایەن کۆمیسیۆنی چاودێریکردنی بەڕێوەبردن و سەرمایە (SASAC) کە سەدەها کۆمپانیای حکومی بەڕێوە دەبات (COEc) و ساڵانە داهاتی ٣,٦ ترلیۆن دۆلارە.
چین یەکەم جاری نیە لەم جۆرە قەرزانە بدات، بۆ نمونە هەریەک لە ئەنگۆلا و و ڤەنزویلا لە کاتی بەرزی نرخی نەوتدا بڕێکی زۆر پارەیان لە بانکەکانی چین قەرز کرد ، کە ئەوکات بە کارێکی باشیان دەزانی بەڵام بەدابەزینی نرخی نەوت ئێستا ئەو دوو وڵاتە کەوتونەتە داوی قەرزەکانی چینەوە کە ناتوانن بیدەنەوە ، هەریەکەیان بەزیاتر لە ٢٠ ملیار دۆلار قەرزاری چینن. چاودێران جیاوازی دەبینن لە گەڵ ئەم جۆرە لە مامەڵەی عێراق بەراورد بە هەریەک لە ئەنگۆلا و ڤەنزوێلا ئەویش لەڕوی مەرجەکانەوە کە لەمەی عێراقدا هەندی بانکی بازرگانی مامەڵەی لەگەڵ دەکەن نەک پارەی فیدراڵی.
بەڵام پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە ئەم قەرزە چەندە خزمەت بە ژێرخانی ئابووری عێراق دەکات؟ لە کاتێکدا چاوەڕێدەکرێت ئە و بڕە پارە و ئەو قەرزانەی تریش زۆربەی بۆ پڕکردنەوەی ئەوکورتهێنانە بێت کە لەموچەی موچەخۆراندا هەیە و لە وەبەرهێناندا سودێکی وای لێ نەبینرێت.
ئەو پارەیەی کە تەرخاندەکرا بۆ مووچەخۆرانی کەرتی گشتی لە ساڵی ٢٠٠٣ تا ٢٠١٨ نۆ هێندە زیادی کردووە. لە کاتێکدا فەرمانبەرانی عێراق بەتێکڕا ١٧ خولەک لە ٨ کاتژمێرکارکردندا دا کاردەکەن. کورتهێنان لە بوجەی ٢٠٢١ دا بە ٤٥ ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت، بەڕەچاوکردنی ئەوەی زۆربەی داهاتی عێراق لە نەوتەوەیەوە زۆربەشی بۆ مووچە خەرج دەکرێت بۆیە ئەگەر زۆرەئەم هەنگاوەی چین زیاتر نەوت بە ئاگری گەندەڵیدا بکات لەبری ئەوەی هاوکاری بوژاندەنوەی ئابووری بێت.
لە مانگی تشرینی دەەومی ٢٠٢٠ دا کۆمپانیای سۆمۆ ڕایگەیاند کە دەست دەکات بە فرۆشتنی نەوت و بەشێوەی پێشەکی پارەکەی وەردەگرێت. بەمەرجێک بڕی ئەو نەوتە لە ٥% ی هەموو ئەو بەرهەمەی هەناردە دەکرێت زیاتر نەبێت. و بەڕێژەی ٤ ملیۆن بەرمیل لە مانگێکدا و بۆ ماوەی پێنج ساڵ وە دەبێت لەماوەی ٣٠ رۆژدا لە کاتی گرێبەستەکەوە هەموو پارەکەی بدرێت. دیاریکردنی نرخی سەرەتایی لەسەر بنەمای تێکڕای نرخی نەوتی برێنت بۆ مانگی پێشو یان تێکڕای نرخی ساڵەکە دەبێت، پاشان لە کاتی بارکردندا نرخی کۆتایی دیاری دەکرێت بەو نرخەی کە سۆمۆ لە کاتی بارکردندا بە فەرمی بۆ نەوتی عێراقی دیاری دەکات بۆ ئەو ناوچەیە یان ئەو شوێنەی نەوتەکەی بۆ دەڕوات ، هەروەها لەکاتی بارکردنەکەدا جیاوازی نرخەکە دەدرێت لەگەڵ ڕەچاوکردنی ئەو جیاوازییە لەنرخ کە کۆمپانیا کە لەکاتی کێبڕکی دا ڕازی بووە بیدات.
هەرێمی کوردستان زیاد لە شەش ساڵە پەنای بۆ ئەم جۆرە لەمامەڵە بردووە ، هەرچەندە شێواز و مەرجەکانی مامەڵەکانی هەرێم نازانرێت بەڵام دەرئەنجام هەرێم لەبری دەستکەوت ٢٨ ملیار دۆلار قەرزارە. سەبارەت بەم مامەڵەی سۆمۆ دەبێت چاوەڕێ بکەین بزانین مەرجەکان وەکو خۆی جێ بەجێ دەکرێت یان نا چونکە شاراوە نییە وەزارەتی نەوتی عێراق و سۆمۆش بەدەر نین لە گەندەڵی. لە ڕوکەشدا سۆمۆ لەگەڵ نێوەندگیر و دەڵاڵ مامەڵە ناکات بەڵام بەکردەیی لە رێێ دەڵاڵەوە نەبێت و پشکی تایبەت بۆ هەندێ لایەن نەبێت هیچ مامەڵەیەک ناکرێت.