جێگری سەرۆک وەزیر و وەزیری وزەی رۆسیا ئەلێکساندەر نۆڤاک رۆژی هەینی ڕایگەیاند کەوا پێشبینی دەکات لەمانگی شوباتی ٢٠٢١ دا بە بڕی ٥٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە بەرهەمی هاوپەیمانێتی ئۆپیک پلەس زیادبکات.
ئەمە لەکاتێکدایە کە ماوەی هەفتەیەکە بە هۆی بڵاوبوونەوەی ڤێرژنێکی نوێ لە ڤایرۆسی کۆرۆنا کە زۆر خێراتر لە ڤێرژنە ئەسڵییەکە بڵاودەبێتەوە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت وەستاوە و ئێستا نرخی نەوت لە سەرو ٥٠ دۆلارەوە جێگیر بووە،
نۆڤاک پێی وایە کە نرخی نەوت لە نێوان ٤٥ بۆ ٥٥ دۆلار زۆر گونجاوە بۆ بوژانەوەی بەرهەمی نەوتی ووڵاتەکەی، کە بەهۆی کەمبوونەوەی خواست و پابەندی بە ڕێکەوتنەکەی هاوپەیمانی ئۆپیک پلەسەوە لە ماوەی ٩مانگی ڕابووردودا بەڕێژەیەکی زۆر کەمی کردووە.
هاوپەیمانێتی ئۆپیک پلەس بڕیاری داوە بە قۆناغ بەندی و لەسەر خۆ ئاستی بەرهەم زیاد بکات. بڕیار بوو لەسەرەتای ساڵی نوێ وە بڕی ٢ ملیۆن بەرمیل بەرهەم لەلایەن هاوپەیمانییەتییەکەوە زیاد بکرێت ، بەڵام ئەم بڕیارە لە سەرەتای مانگی کانوونی یەکەمەوە گۆڕا بۆ ٥٠٠ هەزار بەرمیل بۆ مانگی کانوونی دووەم ،وە بڕیارە کۆبونەوەی مانگانە بکرێت بۆ بڕیاردان لەسەر مانگەکانی دواتر بەپێی بارودۆخی بازاڕ و خواست لەسەر نەوت.
بڕیارە ٤ی کانوونی دووەمی ئایندە جارێکی تر هاوپەیمانیەکە کۆ ببێتەوە بۆ بڕیاردان لەسەر بەرهەمی مانگی شوبات. روسیا لەسەر زاری ئەلێکساندەر نۆڤاکەوە ڕایگەیاند ئەگەر هەموو شتەکان سەقامگیر و ئاسایی بێت ئەوا ئێمە پشتگیری ئەو بۆچونە دەکەین بڕی ٥٠٠ هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم زیادبکرێت، وە پێستریش ڕایگەیاندبوو زیادکردنی مانگانەی نەوت دەمانگەیەنێتە ئەو قۆناغەی لە مانگی نیساندا ئەو بڕەی کە بڕیار بوو لە کانوونی دووەمدا زیاد بکرێت بەتەواوەتی زیاد بکرێت.