لە هەنگاوێکی گەورەدا بەمەبەستی بوژانەوەی بەرهەمی نەوت لە لیبیا کۆمپانیای نیشتمانی نەوتی ئەو وڵاتە بڕیاریدا بە دەستکردنەوە بە بەرهەم هێنانی نەوت لە گەورەترین کێڵگەی وڵاتەکەی، بەمەش کێشەی گەورە بۆ ڕێکخراوی ئۆپیک دروست دەبێت کە لە مانگی ئایارە وە بەرهەم کەم دەکاتەوە لە پێناو گەڕانەوەی بالانس بۆ بازاڕی نەوت.
كۆمپانیای نەوتی نیشتمانی باری نائاسایی کە بە force majeure ( القوة القاهرة) ناسراوە هەڵگرت ، ئەم بارە نائاساییە بارودۆخێکی یاساییە کە لایەنی گرێبەستەکە دەپارێزێت لە کاتێکدا کە نەتوانێت پابەندبێت بە ڕێکەوتنەکەی بە هۆکارێک کە لەدەرەوەی ئیرادەی ئەو بێت.
کۆمپانیای نیشتمانی لیبیا داوای لەو کۆمپانیایانە کردووە کە لە کێڵگەی شەرارە کار دەکەن دەست بکەنەوە بە بەرهەم هێنانی نەوت. سەرەتا بە ٤٠ هەزار نەوت دەست پێ دەکەن و دواتر لەماوەی ١٠ ڕۆژدا چاوەڕێ دەکرێت بەرهەم بۆ ٣٠٠ هەزار بەرمیل لەو کێڵگەیە بەرزببێتەوە.
وڵاتی لیبیا لەو ڕێکەوتنەی لەمانگی ئایاردا کرا بۆ کەم کردنەوەی بەرهەمی نەوت لە لایەن ئۆپیک و هاوپەیمانەکانیەوە بەخشرا لە پابەندی بەکەم کردنەوەی بەرهەم، هۆکارەکەی ئەوەبوو ئەو وڵاتە ماوەیەکی زۆرە لە جەنگی ناوخۆوە گلاوە و بەرهەمی لە مانگی کانونی ئەمساڵەوە ڕۆژانە لە ١ ملیۆن و ٦٠٠ هەزار بەرمیلەوە بۆ ٧٠ تا ٩٠ هەزار بەرمیل ڕۆژانە دابەزی بوو. بە کەوتنەوە کاری کێڵگەی شەرارە بەرهەم نزیک دەبێتەوە لە ٦٠٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا.
ئەم زیادکردنی بەرهەمە سەر ئێشە بۆ ئۆپیک دروست دەکات بە تایبەت کە بڕیارە لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢١ وە بڕی ٢ ملیۆن بەرمیل زیاد بکەن بۆ بازاڕ بەپێی ڕێکەوتنەکەی ئۆپیک پلەس، لە کاتێکدا بڵاو بونەوەی کۆڤید ١٩ لە ئەوروپا و ئەمریکا و هندستان لە هەڵکشاندایە و نا ئارامی دروستکردووە لە بازاڕی نەوتی جیهانیدا.
ئایا کاتێک کۆتایی مانگی تشرینی دووەم و سەرەتای کانونی یەکەم وڵاتانی ئۆپیک پلەس کە کۆدەبنەوە هەر سور دەبن لەسەر ڕێکەوتنە بنەڕەتییە کە یاخود پیا چونەوەی بۆدەکەن و دوای دەخەن بە پێی بارودۆخی ئەوکاتی بازاڕ؟ تائێستا لە چەند بۆنەیەکدا ڕوسیا کەیەکێکە لە پێکهێنەرە سەرەکییەکانی ئۆپیک پلەس ڕایگەیاندووە کە دەیەوێت ڕێکەوتنەکە وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت و پێویست بە گۆڕین ناکات.