وەزارەتی نەوتی عێراق لە ٢٠٢٠/١٠/١ بڕی هەناردەو داهاتی نەوتی خاوی مانگی ئەیلولی ڕاگەیاند. بەشێوەیەکی بەردەوام وەزارەتی نەوت لە سەرەتای هەرمانگێکدا ژمێرەر سەرەتایی بۆ ئاستی هەناردەی بڕی داهات و نرخی نەوتی فرۆشراو ڕادەگەیەنێت وە لە پێش کۆتایی مانگیش ژمێرەی کۆتایی ڕادەگەیەنێت.
ئاستی هەناردەی نەوتی عێراق لە مانگی ئەیلولدا بە پێی ژمێرەی سەرەتایی کە لەلایەن کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراقەوە (سۆمۆ) ڕاگەیەندراوە بریتی بووە لە ٧٨ملیۆن و ٣٨٨ هەزار و ٦١٩ بەرمیل نەوت. تێکڕای داهاتی فرۆشی نەوت لەو ماوەیەدا بریتی بووە لە ٣ ملیار و ١٦٧ ملیۆن و ٤٣٤ هەزار دۆلار.
کۆی هەناردە لە کێڵگەکانی ناوەڕاست و باشوری وڵاتەوە بریتی بووە لە ٧٥ ملیۆن بەرمیل نەوت. هەروەها هەناردەی کێڵگەکانی کەرکوک لە ڕێی بەندەری جیهانەوە بریتی بووە لە ٣ملیۆن و ١٣٣ هەزار و ٨٣٤ بەرمیل نەوت و کۆی هەناردە بۆ ئوردن بریتی بووە لە ٢٥٤ هەزار ٧٨٥ بەرمیل نەوت بووە.
تێکڕا هەناردەی ڕۆژانەی عێراق لە مانگی ئەیلولدا بریتی بووە لە ٢ ملیۆن و ٦١٣ هەزار بەرمیل. وە لەم بڕە تێکڕا هەناردە لە ڕێی بەندەرەکانی بەسرەوە بریتی بووە لە ٢ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار بەرمیل بە ڕۆژێکدا. هەناردەی لەڕێی بەندەری جیهانی تورکیاوە بریتی بوو لە ١٠٤ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا وە هەناردەی بۆ ئوردن ڕۆژانە ٩ هەزار و ٥٠٠ بەرمیل نەوت بووە.
تێکڕای نرخی فرۆشی نەوتی عێراق لەو مانگەدا بریتی بووە لە ٤٠٫٤٠٧ دۆلار لە کاتێکدا لە مانگی ئابدا نەوت بە ٤٣,٦٩٣ دۆلار فرۆشراوە .
بەپێی ژمێرەی کۆتایی هەناردەی مانگی ئاب کۆی هەناردە لە مانگی ئەیلولدا بڕی ٢ ملیۆن و ١٠٥ هەزار و ٩١٧ بەرمیل کەمی کردووە، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە مانگی ئەیلولی ٣٠ ڕۆژە و ئاب ٣١ بەڵام تێکڕا هەناردەی نەوت لە مانگی ئەیلولدا ڕۆژانە ١٧ هەزار بەرمیل بەرهەم زیاتر بووە لە مانگی ئاب. لەهەمانکاتدا داهات بڕی ٣٢٤ ملیۆن و ٧٣٠ هەزار دۆلار کەمی کردووە بەهۆی نزمی نرخی نەوت بەراورد بەمانگی پێشو تر.