وەزارەتی نەوتی عێراق لە ٢٠٢٠/٩/١ بڕی هەناردەو داهاتی نەوتی خاوی مانگی ئابی ڕاگەیاند. بەشێوەیەکی بەردەوام وەزارەتی نەوت لە سەرەتای هەرمانگێکدا ژمێرەر سەرەتایی بۆ ئاستی هەناردەی بڕی داهات و نرخی نەوتی فرۆشراو ڕادەگەیەنێت وە لە پێش کۆتایی مانگیش ژمێرەی کۆتایی ڕادەگەیەنێت.
ئاستی هەناردەی نەوتی عێراق لە مانگی ئایار دا بە پێی ژمێرەر سەرەتایی کە لەلایەن کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراقەوە (سۆمۆ) ڕاگەیەندراوە بریتی بووە لە ٨٠ ملیۆن و ٤٩٤ هەزار و ٥٣٦ بەرمیل نەوت. تێکڕای داهاتی فرۆشی نەوت لەو ماوەیەدا بریتی بووە لە ٣ ملیار و ٥١٧ ملیۆن و ٤٥ هەزار دۆلار.
وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق عاسم جیهاد ڕای گەیاند کۆی هەناردە لە کێڵگەکانی ناوەڕاست و باشوری وڵاتەوە بریتی بووە لە ٧٧ ملیۆن و ٥٠٥ هەزار و ١٣٦ بەرمیل نەوت. هەروەها هەناردەی کێڵگەکانی کەرکوک لە ڕێی بەندەری جیهانەوە بریتی بووە لە ٢ ملیۆن و ٩٨٩ هەزار و ٤٠٠ بەرمیل نەوت .
وتەبێژی وەزارەتی نەوت ڕایگەیاند کە تێکڕا هەناردەی ڕۆژانەی عێراق لە مانگی ئابدا بریتی بووە لە ٢ ملیۆن و ٥٩٧ هەزار بەرمیل. وە لەم بڕە تێکڕا هەناردە لە ڕێی بەندەرەکانی بەسرەوە بریتی بووە لە ٢ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار بەرمیل بە ڕۆژێکدا. هەناردەی لەڕێی بەندەری جیهانی تورکیاوە بریتی بوو لە ٩٧ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا.
تێکڕای نرخی فرۆشی نەوتی عێراق لەو مانگەدا بریتی بووە لە ٤٣,٦٩٣ دۆلار کە جیاوازییەکی وای نەبووە لەگەڵ نرخی نەوتی برێنت دا لەو مانگەدا. لە کاتێکدا لە مانگی تەموز نەوت بە ٤٠,٧٦٢ دۆلار فرۆشراوە .
بەپێی ژمێرەی کۆتایی هەناردەی مانگی تەموز کۆی هەناردە لە مانگی ئابدا بڕی ٥ ملیۆن و ١٦٨ هەزار و ٧٥٤ بەرمیل کەمی کردووە، ئەمەش بۆ پابەندی زیاتری عێراق دەگەڕێتەوە بە ڕێکەوتنی هاوپەیمانێتی ئۆپیک پلەس بۆ کەم کردنەوەی بەرهەم. لەگەڵ ئەوەشدا بەهۆی بەرزی نرخی نەوتەوە داهات ٢٥ ملیۆن دۆلارێک زیاتر بووە .