سەرلەبەیانی رۆژی ٢٠٢٠/٨/٢١ کاتژمێر ١٠:٣٠ بەکاتی لەندەن دادبینیی کەیسی کۆمپانیایەکی خۆماڵی بواری نەوت لەهەرێمی کوردستان بەناوی دیناسیتی دژی ئاشتی هەورامی وەزیری پێشوی سامانە سروشتییەکان و ڕاوێژکاری سەرۆکی حکومەت بۆ کاروباری وزە بەڕێوە دەچێت.
داواکە لە ٢٠١٩/٨/١٤ دا لە دادگای بازرگانی لەندەن تۆمارکراوە، بەپێی زانیارییەکانی روونبین دادوەر جەستس فۆکستنMr Justice Foxton تەمەن ٥٤ ساڵ کە ئەندامی دادگای باڵایە High Court ئەمڕۆ دادبینیەکە بەڕێوە دەبات. کۆمپانیای پرێسکڵ Preiskel & co LLP بۆ پارێزەرایەتی نوێنەری دیناسیتیە کە نوسینگەکەیان لە لەندەنە.
لەماوەی ساڵی ڕابوردودا چەندجارێک ڕوونبین پەیوەندی کردووە بە کۆمپانیای بریکاری دیناسیتیەوە، کۆمپانیای پارێزەرییەکە پشتڕاستی ئەوەی کردووە کە بەڵێ دیناسیتی بریگرتەیانە وە بڕیاربوو وەڵامی پرسیارەکانی ڕوونبین بدەنەوە کە لەسەر داوای پارێزەری کەیسەکە بە ئیمەیل بۆمان ناردبوون بەڵام هیچ وەڵامێکمان دەست نەکەوت، وە لەڕێگەی پەیوەندی تەلەفونییەوە پێیان ڕاگەیاندین کە بریگرتەکەیان ڕازی نییە بەدانی هیچ زانیارییەک وە ئەوانیش پابەندی پاراستنی نهێنی کەیسە کە دەبن.
کورتەیەک لەسەر داواکە
کۆمپانیایەکی نەوتی سکاڵا لەسەر وەزیری سامانە سروشتییەکان تۆمار دەکات
کۆمپانیایەکی نەوتی سکاڵایەکی یاسایی لە دادگەی باڵای لەندەن لە دژی ئاشتی هەورامی وەزیری پێشووی سامانە سروشتییەکان تۆمار دەکات و داوای بڕی یەک ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار دەکات وەک قەرەبووکردنەوەی ئەو زیانانەی پێیان گەیشتووە.
سکاڵایەکە لەلایەن کۆمپانیای (Dynasty)ی تایبەت بە نەوت و گاز و بازرگانی سنووردار تۆمار کراوە بە پاساوی دەستێوەردانی نایاسایی و ڕێگریی نایاسایی لە دەستبەکاربوونیان لە دوو کێڵگەی نەوتی کە پێشتر پشکەکانیان لە کۆمپانیایەکی ئیسپانی کڕیوە.
کۆمپانیای ناوبراو کۆمپانیایەکی خۆماڵییە و لە سلێمانی دامەزراوە.
کۆمپانیاکە پێشتر پشکەکانی دوو بلۆکی نەوتی (کەی ٣٩) و (کەی ٤٤)ی لە کۆمپانیای دیکە کڕیوەتەوە، کە یەکەمیان دەکەوێتە کێڵگەی نەوتی تۆپخانە و دووەمیان دەکەوێتە کێڵگەی نەوتی کوردەمیرەوە و ڕێککەوتنەکەیان بەگوێرەی گرێبەستی هاوبەش لە بەرهەم بووە. بەپێی بانگەشەکانی کۆمپانیای (Dynasty) ئەوان پشکەکانیان بە چەندین ملیۆن دۆلار لە کۆمپانیای ڕیپسۆڵ کڕیوە. کۆمپانیایەکە بانگەشەی ئەوە دەکات کە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بەشێوەی نایاسایی ڕێگری کردووە لە دەستبەکاربوونیان و بەو هۆیەوە زیانیان بەرکەوتووە. لەکاتێکدا بەپێی بانگەشەکان ئاشتی هەورامی داوای ڕێژەی ٢٠ تا ٣٠٪ی بەهای مامەڵەکەی کردووە و کۆمپانیایەکە بەوە ڕازی نەبووە و بەو شێوەیە کێشەکە دروستبووە.
پاش ئەوەی کۆمپانیایەکە سکاڵا یاساییەکەی تۆمار کردووە، لەلایەن بەرپرسانی حکوومەتی هەرێم و بەتایبەت لە راپۆرتەکەدا ناوی قوباد تاڵەبانی هاتووە؛ پەیوەندی بە بەڕێوەبەری کۆمپانیایەکەوە کراوە بەناوی هیوا ئاوات عەلی بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو گرێبەستەی لەگەڵ ریپسۆڵ کردوویانە. هەروەها بەپێی راپۆرتەکە بێ، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێم فشاری بۆ سەر کۆمپانیایەکە دەست پێکردووە بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکە. لەکاتێکدا بەپێی زانیارییەکانی راپۆرتەکە لەو کاتەدا دادگەی ناوبراو ماوەی سێ هەفتە (٢١) ڕۆژی دەستنیشان کردووە بۆ دیاریکردنی هەڵویستی وەزیر یان وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، واتە بۆ ئامادەبوون لە بەردەم دادگە.
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هەینی ٢٠٢٠/٨/٢١ دوای ساڵێک و هەفتەیەک لە تۆمارکردنی داواکە یەکەم دادبینیی کەیسەکە دەست پێ دەکات.