ئەمڕۆ سێ شەممە ١٤ ی تەموز ٢٠٢٠ لە میانەی کردنەوەی یەکە یەکی ویستگەی هەڵمیی ١٥٠ میگاواتی خەبات لە پارێزگای هەولێر وەزیری کارەبای هەرێم ڕایگەیاند هەفتەی ئایندە تیمێکی تەکنیکی کۆریای باشور دێت بۆ کار پێکردنی ویستگەی دووەمی هەڵمیی ١٥٠ میگاواتی کە بەیەکەوە لە گەڵ ئەم ویستگەی ئەمڕۆدا تێکڕا ٣٠٠ میگاوات بەرهەم زیاد دەبێت بۆ بەرهەمی هەرێم کە دەکاتە ١٠٪ ی بەرهەمی کارەبای هەرێم کە زیاتر لە ٣٠٠٠ میگاوات دەبێت. ئەم بەرهەمە داخڵی تۆڕی هەرێم دەبێت و سودی بۆ هەموو هەرێمە نەک ناوچەیەکی دیاری کراو.
وێستگەکە لەسەر بنەمانی گرێبەستێکی نەوت کە ساڵی 2008 لە نێوان وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیای نەوتی نیشتمانی کۆریای باشوور (KNOC)دا واژۆکراوە دروستکرا، تەواوی تێچووی ئەو وێستگەیە لەلایەن ئەم کۆمپانیا کۆرییەوە دابیندەکرێت. بەپێی گرێبەستە نەوتییەکە، کۆمپانیای (KNOC)ی کۆریای باشوور لە قۆناخی یەکەمدا پرۆسەی پشکنین و گەڕان بە دوای نەوتدا لە هەرێمی کوردستاندا دەکات، لە قۆناخی دووەمیشدا پشتگیری له پڕۆژەکانی بونیادنانی ژێرخانی هەرێمی کوردستان دەکات، دابینکردنی تێچووی دامەزراندنی ئەم وێستگەیەش لە چوارچێوەی قۆناخی دووەمی گرێبەستە نەوتییەکەدا بووە.
وەزیری کارەبای هەرێم ووتی تێچوی پرۆژەکە بریتی بووە لە ٥٦٤ ملیۆن و ٤٨٣ هەزار دۆلار ، پێکدێت لە دوو یەکەی ١٥٠ میگا واتی. پرۆژەکە بە نەوتی ڕەش Heavy Fuel Oil کار دەکات، پرۆزەیەکی دۆستی ژینگەیە.
ئەم پرۆژەیە نزیکە لە زێی گەورە و پاڵاوگەی کەورگۆس و ناوچەکەش سەرچاوەی بەردی کلسی Limestone ی هەیە. لەڕێگەی بۆرییەوە نەوتی ڕەش کە پاشماوەی پاڵاوگەی کەورگۆسکە لە لایەن کۆمپانیای کارەوە خاوەنداری دەکرێت دەگوازرێتەوە بۆ ویستگەکە، درێژێ بۆرییەکە نزیکەی پێنج کیلۆمەترە،هەروەها لە ڕێگەی تورومپاوە ئاو دەگوازرێتەوە بۆ تانکیەکی ئەمبارکردن ئاوەکە دوای جیاکردنەوەی کانزاکان داخڵی بۆیلەرەکان دەکرێت.
بەردی کلسی (Limestone) ورد دەکرێت و شێدار دەکرێت بۆ ئەوەی ئەو گازە زیانبەخشانە هەڵبمژێت و نەچێتە ژینگەوە و پاش ئەوەی بەپرۆسەیکدا دەڕوات بەرهەمێکی تری لێ دەر دەچێت کە پێی دەوترێت جبسۆم کە بەکاردێت لە پیشەسازی و کەرەستەی بیناسازی دا.
ویستگەی هەڵمی خەبات پێک هاتووە لە دوو یەکەی ١٥٠ میگاوات کە لەلایەن کۆمپانیای نیشتمانی نەوتی کۆریای باشورەوە دروستکراوە (KNOC) وەکو بەشێک لە گرێبەستی نەوت و پشتگیری پرۆژەکانی بونیادنانی ژێرخانی هەرێم بووە.