ڕونکردنەوەی جۆرەکانی سیستەمیی مالی نەوت و دابەشکاریەکانی کە لە راپۆرتی یەکەمی روونبین وەرگیراوە
سیستەمی دارایی نەوتی (Petroleum Fiscal System)
سیستەمی دارایی نەوت خۆی لە گرێبەستە نەوتییەکاندا دەبینێتەوە وە دابەش دەبێت بە سەر دوو جۆر سیستەمی جیادا:
١-سیستەمی مالی ئیمتیاز Concession System
٢– سیستەمی تەعاقدی Contractual System
١-سیستەمی مالی ئیمتیاز Concession System
کە بە سیستەمی موڵکانە یان باج یش ناسراوە، بەپێی ئەم جۆرە لە سیستەم وڵاتی خانەخوێ یان حکومەت مافی بەکارهێنانی تەواو EXCLUSIVE RIGHT و گرەنتی مۆڵەت یان ئیمتیازی ناوچەی مۆڵەت بە کۆمپانیای وەبەرهێن (IOC) دەدات بۆماەیەکی دیاری کراو و لەناوچەیەکی دیاری کراو، وەلەکاتی بەرهەمی نەوت یان گاز خاوەندارێتی(تایتڵ) ە کە بۆ کۆمپانیا دەگوێزرێتەوە. لەبەرانبەردا وڵاتی خانەخوێ پاداشتی ئیمزاکردنی مۆڵەت وەردەگرێت (شیرینی مۆڵەت) وە کە بەرهەم دەستی پێکرد موڵکانە و باجیش وەردەگرێت. سیستەمی ئیمتیاز یان موڵکانە نزیکەی نیوەی وڵاتانی جیهان پەیرەوی دەکەن، لەوانە( شانشینی یەکگرتوو، وڵاتەیەکگرتووەکانی ئەمەریکا، فەرەنسا، نەرویج وروسیاو زۆر وڵاتی تریش.
٢– سیستەمی تەعاقدی Contractual System ئەمەش دوو جۆری هەیە
آ- گرێبەستی هاوبەشی کردن لە بەرهەم (Production Sharing Contract PSC)
بەپێی ئەم گرێبەستە خاوەنداریتی نابەخشیتە کۆمپانیای وەبەرهێنەر، بە پێچەوانەوە حکومەت خۆی خاوەنداریتی کێڵگەکان دەکات، ئەم جۆرە گرێبەستە دوو قۆناغە، قۆناغی یەکەم گەڕان و پشکنینە، کۆمپانیای نێودەوڵەتی نەوت (IOC) مافی گەڕان و پشکنینی هەیە بۆماوەیەکی دیاری کراو لەناوچەیەکی دیاری کراودا کە ناوچەی گرێبەستەکەیە، ماوەی گەران و پشکنین لە گرێبەستەکانی هەرێمدا بە پێنج ساڵ دیاریکراوە و دەتوانرێت دوو ساڵی تر درێژ بکرێتەوە. بەپێی ئەم جۆرە لە گرێبەست کۆمپانیا مەترسی گەڕان و پشکنین وخەرجی لەئەستۆ دەگرێت لەبەرانبەر بەشێك لەو نەوتە یان گازەی کە بەرهەمدێت لەناوچەی گرێبەستەکەدا گەر نەوت یان گاز دۆزرایەوە و بەرهەمهات. بەڵام گەر نەدۆزرایەوە ئەوا حکومەت هیچ خەرجییەك ناداتەوە بە کۆمپانیا، کاتێك نەوت بەرهەم دێت لە کێڵگەیەکدا ئەوکات دەچێتە قۆناغی دووەمەوە کە قۆناغی بەرهەم هێنانە و ماوەکەی لە نێوان ٢٠ بۆ ٢٥ ساڵدایە. لەکاتی بەرهەم هێناندا کۆمپانیا پشکی دەبێت لە قازانجی نەوتەکە. لەم جۆرە گرێبەستانەدا بەهەمان شێوەی ئیمتیاز باداشتی ئیمزاکردنی گرێبەست هەیە (شیرینی گرێبەست) وەهەندێ جار بەپێی گرێبەستەکە دەکرێت پاداشتی بەرهەم هێنانیش هەبێت.کۆنترۆڵی نەوت و گاز لە دەست حکومەتدا دەبێت و کۆمپانیای نیشتمانیش بەشدار دەبێت. حکومەت موڵکانە وەردەگرێت وە هەروەها باجیش لە کۆمپانیا وەردەگرێت لەو قازانجەی دەیکات. لەبەرانبەردا کۆمپانیا ئەوخەرجییانەی لەوماوەیەدا کردوویەتی دوای دەرکردنی موڵکانە وەری دەگرێتەوە ، بەپێێ گرێبەستەکان بری ئەوپارەی وەری دەگرێتەوە دەگۆرێت، هەیە دیاری کردووە بە ٤٠% تێکرای داهات وەئەوەی دەمێنێتەوە بۆ مانگ یان ساڵی داهاتوو ئەژمار دەکرێت(حساب) بەپێی گرێبەستەکە، هەشە زیاتر تا ١٠٠٪ی بەرهەم خەرجییەکانی وەردەگرێتەوە. پاشان ئەو برەی دەمێنێتەوە قازانجی نەوت یان گازە بەپێی فۆرمۆلەیەکی ماتماتیکی دابەشدەکرێت لەنێوان حکومەت و کۆمپانیادا وە کۆمپانیا باج لەو قازانجە دەدات بەوڵاتی خاوەن خوێ. بەپێچەوانەی ئمتیاز لەم جۆرە گرێبەستەدا کۆمپانیا خاوەندارێتی تەنها پشکەکەی خۆی لە شوێنی هەناردە وەردەگرێت. مێژووی گرێبەستی هاوبەشیکردن لە بەرهەمهێنان دەگەڕێتەوە بۆ ولاتی ئەندەنوسیا کە لە ساڵی ١٩٦٦ بۆ یەکەم جار پەیڕەو کرا. گرێبەستی هاوبەشیکردن لە بەرهەمهێنان لە زۆر وڵاتی جیهاندا پەیرەودەکرێت لەنێوانیاندا چین، هیندستان، وڵاتانی یەکێتی سۆڤیەتی جاران، جەزائیر، نەجیرا،مالیزیا هەروەها کوردستانیش بەپێی یاسای نەوت وگازی ساڵی ٢٠٠٧ ی ئەم سیستەمە پەیرەودەکات. شایانی باسە حکومەتی هەرێم کۆمپانیاکانی لە دانی باج بەخشیوە.
ب- گرێبەستی خزمەت گوزاری (Service Contracts) ئەم جۆرەش لە گرێبەست دوو جۆرن:
١-تەنها گرێبەستی خزمەت گوزاری Pure Service Contract
بەپێی ئەم گرێبەستە حکومەت کۆمپانیایەك بەکرێ دەگرێت بۆماوەیەکی دیاری کراو لە ناوچەیەکی دیاری کراودا، کە کرداری گەران وپشکنین/ بەرهەم هێنان بکات، لەبەرانبەر ئەوخزمەتگوازارییە کۆمپانیا بڕە پارەیەکی دیاری کراو یان گۆراو وەر دەگرێت. حکومەت خاوەنداری نەوت وگازەکەی بەتەواوەتی لەدەستە. کۆمپانیا خاوەنداریی هیچ بڕێك لەنەوتەکەی نییە تەنها لە کاتێکدا نەبێت کە لەجیاتی پارە نەوت یان گاز وەربگرێت، یان رێك بکەون کە بڕیك لە نەوتەکە لە حکومەت بکڕیتەوە.
ئەم جۆرە لەگرێبەست زۆر بڵاو نییە لە هەندێ وڵاتی ڕۆژهەڵاتی ناوەرسات هەیە، بەتایبەت ئەو وڵاتانەی کە دەوڵەمەندن بەڵام توانای تەکنیکییان لاوازە وەکو سعودیە، کوەیت ،فلیپین وە ئێرانیش جۆرێکە لەمە کە بە (Buy – Backs) ناسراوە.
٢- گرێبەستی خزمەت گوزاری مەترسیدار Risk Service Contract
بەپێی ئەم جۆرە لەگرێبەستە ئەو کۆمپانیای گرێبەستەکەی بۆ دەرچووە هەڵدەستێت بە دابینکردی هەمو خەرجی گەڕان وپشکنین و پەرەپێدانی ناوچەی گرێبەستەکە، وە مەترسی گەڕان و پشکنینەکەی لەئەستۆدایە ،وئەگەر سەرکەوتوو بوو ئەوکات لەو نەوتە یان گازەی دەفرۆشرێت خەرجییەکانی وەردەگرێتەوە، هەروەها کرێیەکیش بەپێی ڕێژەیەك وەردەگرێت. زۆرجار لە داهاتە کەشی باج دەدات.
کورتەیەك لە سەر وەزارەتی سامانە سرووشتێكان
وەکو لە پێگەی وزارەتی سامانە سرووشتیەکاندا هاتووە، وەزارەتی سامانە سروشتیەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرپرسە لە پەرەپێدانی سامانە سروشتیەکان لە هەرێمدا بەپێی ماددەکانی ١١١ و١١٢ و ١١٥ و ١٢١ی دەستوری عێراق، لەژێر سەرپەرشتی ئەنجومەنی هەرێمایەتی نەوت و غاز لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەپێی یاسای نەوت و غازی کوردستان (یاسای ژمارە ٢٢ی ساڵی٢٠٠٧)، کە لە ٩ی ئابی ٢٠٠٧دا کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
وەزارەتی سامانە سروشتیەکان تاکە شوێنی رێپێدراوە بۆ ئیمزاکردن لەسەر گرێبەستەکانی بەرهەمهێنانی هاوبەش لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانەی کە ئارەزوو دەکەن لە بواری گەڕان بە دوای هێدرۆکاربۆناتەکان و سەرچاوەکانی کانزا لە هەرێمدا وەبەرهێنان ئەنجام بدەن. هەروەها وەزارەت دەسەڵاتی پێدانی مۆڵەتی هەیە بۆ بوارەکانی گواستنەوە و ژێرخانی ئەمبارکردن و پرۆسەی بەرهەمهێنانی هێدرۆکاربۆناتەکان و کانزاکان و هەروەها پاڵاوتن و پێترۆکیمیاویەکان و چالاکیەکانی تاکفرۆشی (retail) .
د. ئاشتی هەورامی لە ئایاری ٢٠٠٦ەوە وەك وەزیری سامانە سروشتیەکان دەستنیشانکراوە و لە ٢٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٠٩دا لە کابینەی شەشەم دەستنیشانکراوەتەوە کە بە دوای هەڵبژاردنەکانی تەمموزی ٢٠٠٩ی پەرلەمانی کوردستاندا هات. هەروەها لە حەوتەم وهەشتەم کابینەی حکومەت دانرایەوە تا ساڵێ ٢٠١٩. ئێستاش یاریدەدەری سەرۆکی حکومەتە بۆکارو باری وزە. تا ئێستاش دوای تێپەڕبوونی یەک ساڵ بەسەر پێکهێنانی حکومەت دا ئەو وەزارەتە بێ وەزیرە و هو موو حیزبەکانی پێکهێنەری حکومەت و دەرەوەی حکومەت لێی بێدەنگن!!