-
بەغدا و هەولێر جارێکی تر گفتوگۆیان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی جەیهانی تورکیاوە دەستپێکردەوە
-
ئەنقەرە داوای دەستپێکردنەوەی هەنارەدە بە “زۆرترین توانا” دەکات و دەیەوێت بەشێک لەو نەوتەی بەم بۆرییەدا تێدەپەڕێت بچێتە پاڵاوگەکانی تورکیا.
بەغدا: حەمزە مستەفا
ئەمڕۆ ٢ی شوباتی ٢٠٢٥ وەفدێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا دەستیان بە دانوستانەکان کرد بۆ کۆتاییهێنان بە کێشەی هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بۆری جەیهانی تورکیاوە لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆی عێراقییەوە.
سەرچاوە ئاگادارە عێراقییەکان بە شەرق ئەلئەوسەتیان ڕاگەیاند، ڕۆژی یەکشەممە ٢ی شوبات شاندێکی وەزارەتی وزە و سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵ بەرپرسان لە وەزارەتی نەوتی فیدراڵی لە بەغدا ئەنجامدا بۆ چارەسەرکردنی پرسی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە کێڵگەکانی هەرێم و ئەو پرسانەی پەیوەستن بە کاری کۆمپانیاکانەوە.
سەرچاوەیەک ڕوونیکردەوە کە “بڕیاربوو ئەم کۆبوونەوەیە سێشەممەی داهاتوو ئەنجام بدرێت، بەڵام پێشهاتەکان وایکردووە بەروارەکە پێش بخرێت.
ئەمەش دوای ئەوە دێت کە وەزارەتی نەوتی عێراق، ڕۆژی شەممەی ڕابردوو، بانگهێشتی ئەو کۆمپانیا بیانییە نێودەوڵەتییانەی کە لەژێر چەتری کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان (ئاپیکۆر) کاردەکەن، هاوشان لەگەڵ کۆمپانیاکانی کە گرێبەستیان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە بۆ کۆبوونەوە، ڕۆژی سێشەممە ٤ی شوبات کرد بۆ بەغدا. وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە، گفتوگۆکان باس لە “پرسەکانی پەیوەست بە گرێبەستە ئەنجامدراوەکان دەکەن، بۆ گەیشتن بە لێکتێگەیشتنێک سەبارەت پەرەپێدانی کێڵگە نەوتییەکان بەپێی باشترین پراکتیزە نێودەوڵەتییەکان، و بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندی نیشتمانی بکات”.
وەزارەتی نەوتی عێراق ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند، بەغدا لە چەند کاتژمێری داهاتوودا دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە هەرێمی کوردستانی عێراق ڕادەگەیەنێت “سەرەتا بە ڕێژەی 185 هەزار بەرمیل، وردە وردە بڕەکەی زیاد دەکات بۆ ئەوەی بگاتە ئەو توانایەی کە لە بودجەی گشتی فیدراڵیدا دیاری کراوە”، لە ڕێگەی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی دەوڵەتەوە (سۆمۆ).
کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان کە نوێنەرایەتی لەسەدا ٦٠ی بەرهەمی هەرێم دەکات، دواتر ڕایگەیاند کە هیچ پەیوەندییەکی فەرمیان پێوەنەکراوە بۆ ڕوونکردنەوەی ڕێککەوتنە بازرگانییەکان و گەرەنتی پارەپێدانیان بۆ هەناردەکردنی ڕابردوو و داهاتوو نەکراوە. نزیکەی 8 کۆمپانیای نێودەوڵەتی نەوت کە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن، ڕایانگەیاند کە هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە دەستپێناکەنەوە، سەرەڕای ئەوەی بەغدا ڕایگەیاند کە نزیکە لە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن. پێش ئەوە، حەیان عەبدولغەنی، جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری وزە و وەزیری نەوت، سێشەممەی ڕابردوو دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانی لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە ڕاگەیاند.
پرسە هەڵپەسێردراوەکان
سەرەڕای ئەم پێشهاتانە لە پەیوەندی نێوان بەغدا و هەولێر لە کەرتی وزە، کە ئاماژەن بۆ نزیکی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت لە ڕێگەی بۆری نەوتی نێوان عێراق و تورکیا لە هەرێمەوە، هەندێک کێشە بە چارەسەرنەکراوی ماونەتەوە و هەردوولا گفتوگۆکانیان چڕتر دەکەنەوە بۆ چارەسەرکردنیان.
دیارترین گرفتەکان بریتین لە شێوازی حیسابکردنی بڕی نەوت و شێوازی پێدانی پارەکەی و پشکی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان کە نەوتیان لە هەرێمی کوردستان دەرهێناوە، ئەمە جگە لە فایلەکانی مووچە و ڕسومات و گومرگ. شاندەکانی نێوان هەردوولا هەوڵ دەدەن پێش دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی هەناردەکردن ئەم کێشانە چارەسەر بکەن.
وەزیری نەوتی عێراق هەفتەی ڕابردوو بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی لە کوردستانی عێراق ڕاگەیاند، ئەمەش هەنگاوێکە کۆتایی بە ململانێیەکی نزیکەی دوو ساڵەی عێراق و هەرێم دەهێنێت کە ڕۆژانە زیاتر لە 300 هەزار بەرمیل نەوتی لە بازاڕە جیهانییەکان بڕیوە.
جێگای سەرنجە، دوای داخستنی ئەو بۆرییەی کە نەوتی خاوی بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا لە ساڵی ٢٠٢٣دا گواستووەتەوە، بەقاچاخبردنی نەوت لە هەرێمی کوردستانی عێراقەوە بۆ ئێران زیادی کردووە.
تورکیا ‘زۆرترین وزە’ی دەوێت
بەگوێرەی ئاژانسی ئانادۆڵوی تورکیا ئەمڕۆ یەکشەممە، ئەلپ ارسلان بایراکتار، وەزیری وزەی تورکیا ڕایگەیاندووە، وڵاتەکەی دەیەوێت هێڵی بۆری نەوتی نێوان عێراق و تورکیا بە توانای تەواو کاربکات، کاتێک هەناردەی نەوت لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە دەستپێدەکاتەوە.
تورکیە لە مانگی ئازاری ساڵی 2023 بۆرییەکەی ڕاگرت، دوای ئەوەی ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی فەرمانی بە ئەنقەرە کرد کە بڕی یەک ملیار و 500 ملیۆن دۆلار بداتە بەغدا وەک قەرەبووی هەناردەکردنی ڕێگەپێنەدراو لە نێوان ساڵانی 2014 بۆ 2018.
تورکیە لە کۆتایی ساڵی 2023ەوە ڕایگەیاندووە، ئەو بۆرییە ئامادەیە بۆ دەستپێکردنەوەی گواستنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستانی عێراق. وەزیری وزەی تورکیا وتی : ئەم هێڵە ماوەی ساڵ و نیوێکە ئامادەیە. دەشڵێت: “دەمانەوێت هێڵی بۆری تورکیا-عێراق بەکاربهێنرێت، بەتایبەتی ئەو دوو بۆرییەی درێژیەکەی لە سیلۆپیەوە تا جەیهان ٦٥٠ کیلۆمەترە. ئاماژەی بەوەشکرد: دەمانەوێت بەشێک لەو نەوتەی بەم بۆرییەدا تێدەپەڕێت بچێتە پاڵاوگەی کریکالێ، هەروەها لەڕێگەی کەشتیەکانەوە لەڕێگەی بەندەری جەیهانەوە بچێتە پاڵاوگەکانی تورکیا یان بۆ پاڵاوگە جیاوازەکانی جیهان، بۆ ئەوەی توانای بۆرییەکە بتوانرێت لە زۆرترین ئاستی خۆیدا بەکاربهێنرێت”. بەیرەکتار ڕوونیشیکردەوە، پڕۆژەی ڕێڕەوی بازرگانیی پلان بۆ داڕێژراوی نێوان تورکیە و عێراق کە ناوی پڕۆژەی “رێگای گەشەپێدان”ە، بر دروستکردنی بۆرییەکی تێدایە کە دەگاتە کەنداوی عەرەبی، هەروەها گواستنەوەی نەوتی عێراق لەڕێی تورکیاوە.