روونبین
رۆژی پێنجسەممە ٢٠٢٥/٠١/٢٣ رێکخراوی روونبین بۆ شەفافییەت لە پرۆسەکانی نەوت بەشداریکرد لە کۆبونەوەیەکی فراوانی سەرۆکی فەرمانگەی ریکخراوە ناحکومییەکانی هەرێم لە تەلاری پارێزگای سلێمانی.
بە ئامانجی خستنەڕووی دواین گۆڕانکاری و ئاسانکارییەکان لەماوەی شەش مانگی ڕابردوو ، سەرۆکایەتی فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومیەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەیەکی بەرفراوان بەئامادەبوونی نزیکەی ٢٥٠ ڕێکخراوی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی سنوری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، وە هەروەها هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین و گەرمیان کۆبوونەوەیەکی ئەنجامدا.
لە کۆبوونەوەکەدا کە ژمارەیەکی بەرچاوی ڕێکخراوەکان ئامادەبوون، هەر یەک لە فەلاح حەسەن، سەرۆکی فەرمانگە و هەردی ئەحمەد، جێگری سەرۆکی فەرمانگە گرنگترین ئەو گۆڕانکاری و ئاسانکارییانەی فەرمانگەیان بۆ ئامادەبووان ڕوونکردەوە کە لەماوەی شەش مانگی ڕابردوودا کاریان لەسەر کراوە.
وە هەروەها پلان و بەرنامەی ئایندەش بۆ ئامادەبووان ڕوونکرایەوە.
بەشێکی کۆبوونەوەکەش تەرخانکرا بۆ گوێگرتن لە ڕاو، سەرنج، تێبینی، ڕەخنە و پێشنیاری گشت ڕێکخراوە ناحکومییەکانی ئامادەبوو سەبارەت بە کۆی گشتی بارودۆخی ڕێکخراوەکان و خستنەڕووی گرنگترین ئەو ئاستەنگ و ئالنگارییانەی کە ڕووبەرووی کاری ڕێکخراوەیی لەو ناوچانەدا دەبێتەوە.
سەرۆکی فەرمانگە بەڵێنی دا کە تەواوی توانای فەرمانگە بخاتەگەڕ بۆ ڕەخساندنی کەشێکی لەبار بۆ ئەوەی ڕێکخراوەکان بتوانن باشترین خزمەتگوزاری پێشکەش بکەن بۆ خزمەتی مرۆڤایەتی و نیشتیمان.