كۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان APIKUR لە راگەیاندنێکدا کە ئەمڕۆ هەینی ٢٠٢٤/٤/١٢ بڵاویانکردەوە، سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کۆشکی سپی بە دەرفەتێک بۆ بەرەوپێشچوونی کردنەوەی بۆری عێراق-تورکیا دەبینن.
-
لە بەیاننامەکەدا کۆمەڵەکە کە لە ٨ کۆمپانیای نەوت کە لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن پێکهاتووە سەردانەکەی محەمەد شیاع ئەلسودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کۆشکی سپی کە بڕیارە لە ١٥ی نیسان ئەنجام بدرێت، بە دەرفەتێکی سەرەکیی بۆ شکاندنی ئەو چەقبەستووییەی ئێستا لەسەر هەناردەکردنی بۆری لە هەرێمی کوردستانەوە هەیە دەبینن.
-
کۆمپانیاکانی ئەندامی ئەپیکور APIKUR رایانگەیاند کە پابەندن بە گرێبەستەکانیان لە هەرێمی کوردستانی عێراق و پێشوازی لەو دەستپێشخەرییانە دەکەن کە دەکرێت ببێتە هۆی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن، پێیان وایە دەتوانرێت چارەسەرێک بدۆزرێتەوە کە سوودی بۆ هەموو عێراقییەکان هەبێت.
ئەپیکور APIKUR پێیوایە کۆبوونەوەی جۆ بایدن سەرۆک کۆمار و محەممەد شیاع ئەلسودانی، سەرۆکوەزیران، لە کۆشکی سپی، دەرفەتێکە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەسەر بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بۆریی نێوان عێراق و تورکیا، بەمەش ئاستەنگێکی گەورە لەبەردەم وەبەرهێنانی ڕاستەوخۆی دەرەکیدا لە عێراق لادەبرێت.
ئەپیکور گەشبینە بەوەی کە کۆبوونەوەی نێوان ئەلسودانی و بایدن دەبێتە هۆی چارەسەرکردنی خێرای کێشەکان و دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن لە هەرێمی کوردستانی عێراقەوە.
زیاتر لە ساڵێک لەمەوبەر، هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بۆری عێراق-تورکیا (ITP) ڕاگیرا، ئەوەش دوای بڕیارێکی ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی، و بڕیاردان لە داوای نێوبژیوانی نێوان عێراق و تورکیا. هەرچەندە تورکیا لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ ڕایگەیاند کە ئامادەیە لە ڕێگەی بۆری بازرگانی نێودەوڵەتییەوە هەناردەکردن دەستپێبکاتەوە، بەڵام تا ئێستاش هێڵەکە بە داخراویی ماوەتەوە. لە ئەنجامدا بازاڕی نەوتی جیهانی ڕۆژانە نزیکەی ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی لەدەستدا، ئەمەش بەشداربووە لە بەرزبوونەوەی نرخ لەسەر ئاستی جیهان.
کۆمەڵەکە دەڵێت، ڕێکنەکەوتن بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن، بووە بەهۆی زیانی زیاتر لە ١٤.٥ ملیار دۆلار لە داهاتی هەناردەکردن، هەروەها لەدەستدانی هەلی کار و وەبەرهێنانی بەرچاو بۆ خەڵکی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی عێراق و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت (IOCs).
کۆمپانیاکانی ئەندامی ئەپیکور لە هەموو راگەیاندنەکاندا راید گەیەنن، پابەندن بە گرێبەستەکانیان لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێم و جەخت لەسەر ڕێککەوتن دەکەنەوە کە سودبە هەردوولا دەگەیەنێت و دەبێتە هۆی کردنەوەی دەستبەجێی بۆری نەوتی عێراق-تورکیا ITP.
کۆبوونەوەکان لە بەغدا لە ٧-٩ی کانوونی دووەمی پەرلەمانی ٢٠٢٤ لە نێوان نوێنەرانی حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نێودەوڵەتییە نەوتییەکان – لەنێویاندا نوێنەری چەند کۆمپانیایەکی ئەندامی ئەپیکور ئەنجامدرا. هەرچەندە لە مانگی یەکەوە تا ئێستا هیچ پێشنیارێکی فەرمی لەلایەن حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمەوە نەخراوەتەڕوو، بەڵام ئاپیکور پێشوازی لە گفتوگۆی زیاتر دەکات.
مایڵز بی کاگینز، وتەبێژی ئەپیکور دەڵێت: “کۆمپانیاکانی ئەندامی ئەپیکور حەز دەکەن دەستبەجێ بگەنە چارەسەرێک هاوبەش لەنێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێم و کۆمپانیا نێودەوڵەتییە نەوتییەکان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن لەڕێگەی بۆری عێراق-تورکیا.” هەروەها پێی وایە “بەهێزی و سەقامگیری بەردەوام لە کەرتی نەوت و غازدا دەبێتە هۆی ڕاکێشانی وەبەرهێنانی بیانی بە قازانجی تەواوی گەلی عێراق”.
ئەپیکور ئاماژە بەوە دەکات کە ئەمریکا لە ماوەی مانگی ئازاری ٢٠٢٤دا ڕۆژانە زیاتر لە ٥٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی خاو لە عێراقەوە هاوردە کردووە؛ هیچ کام لەو نەوتە لە هەرێمی کوردستان بەرهەم نەهاتووە، هەرچەندە حکومەتی ئەمریکا ڕاستەوخۆ ٣٠٠ ملیۆن دۆلاری وەبەرهێنانی بۆ پەرەپێدانی کەرتی نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستانی عێراق کردووە.
لە ٢٠٢٤/٣/٢٣دا وەزارەتی نەوتی عێراق بە ١١ خاڵ وەڵامی بەیاننامەکانی ئەم کۆمەڵەیەی دایەوە و بە دەستێوەردان لە سەروەری وڵات و پێشێلکردنی یاسابەرکارەکانی عێراق تۆمەتباریکردن.
لە خاڵی پێنجەم لە بەیاننامەکەی وەزارەتی نەوتدا دەڵێت : ئەو گرێبەستە گوماناویانەی لە نێوان کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێمدا کاردەکەن و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم بەهیچ شێوەیەک لەلایەن حکومەتی فیدراڵی و نە وەزارەتی نەوتی فیدراڵیەوە پەسەندنەکراون، چونکە بنەمایەکی دەستوری و یاسایی دروستیان نییە. زیاتر لە دە ساڵە ئەمە هەڵوێستی حکومەتە فیدراڵییە یەک لە دوای یەکەکان و وەزارەتی نەوت بووە. لەگەڵ بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی ژمارە (59/فیدراڵی/2012 و یەکگرتوو ژمارە 110/فیدراڵی/2019) لە ٢٠٢٢/٢/١٥ یەکدەگرێتەوە. دوای ئەوەی دادگای فیدراڵی بڕیاری کۆتایی خۆی دەرکرد کە پابەندکەرە بۆ هەموو دەسەڵاتەکان، جگە لە پابەندبوون بە بڕیارەکەوە، ئیتر بوار بۆ گفتوگۆ نەماوە.
کۆمەڵی پیشەسازی کوردستان APIKUR سەرەتای ساڵی ٢٠٢٣ بە ماوەیەکی کەم پێش وەستانی هەناردەی هەرێم دامەزرا وەکو خۆیان دەڵێن بەمەبەستی پارێزگاریکردن لە بەرژەوەندییەکانیان و کۆدەنگی و دروستکردنی فشار و کاریگەری لە لایەن وڵاتەکانیانەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان.