روونبین
ماڵپەڕی ئەمریکی “International Policy Digest” لە ڕاپۆرتێکدا تیشکی خستووەتە سەر پەرەسەندنی ڕۆڵی ڕووسیا لە کەرتی نەوت و گاز لە عێراق و هەرێمی کوردستان، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە مۆسکۆ پێشکەوتنی ستراتیژی بەدەست دەهێنێت، لەگەڵ پەکین وەک هاوپەیمانی ستراتیجی ، بەرەو کۆنترۆڵکردنی گۆڕەپانی وزە و وەبەرهێنان لە عێراق، لە هەوڵێکدا بۆ دوورخستنەوەی بەغدا لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕۆژئاوادا لەم بوارەدا.
دوای ئەوەی ڕاپۆرتە ئەمریکییەکە، ئاماژەی بەوەدا کە پشکی ڕووسیا لە کەرتی وزەی عێراقدا دەگاتە 19 ملیار دۆلار،وەبیری هێنایەوە کە کۆمپانیای نەوتی ذی قار کە سەر بە دەوڵەتە، پلانی پەرەپێدانی یەدەگی ناوچەی 10ی پەسەند کردووە کە کەرتێکە کە تەواوی کێڵگەی ئێریدو لەخۆدەگرێت، کە گرنگترین دۆزینەوەی نەوتە لە ساڵی ٢٠٠٣دا لەسەر خاکی عێراق ، وەک خەمڵاندنەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە کێڵگەی نەوتی ئێریدو یەدەگی نێوان ٧ بۆ ١٠ ملیار بەرمیل لەخۆدەگرێت.
“لوکۆیل”ی ڕووسی
لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە کشانەوەی کۆمپانیای “ئینپێکس”ی ژاپۆنی لە پشکەکانی 40% لە ناوچەی 10 کە دۆزینەوە گەورەکەی ئێریدو لەخۆدەگرێت، ڕێگەی ئاسانکردووە بۆ کۆمپانیای “لوکۆیل”ی ڕووسی بۆ ئەوەی زاڵبوونی خۆی بەسەر ئەم ناوچە دەوڵەمەندە دا بسەپێنێت ، لە کاتێکدا دەرچوونی “ئیکسۆن مۆبیل” ” لە کێڵگەی نەوتی قوڕنەی ڕۆژئاوای پڕ قازانج لە بەسرە، ڕێگەی بە کۆمپانیا ڕووسییەکە دا کە پشکەکانی وەربگرێتەوە.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە هاریکاری سەربازی و وزەی نێوان ڕووسیا و عێراق نەخشەی پەیوەندییە قووڵەکانی هاوکاری نێوانیان دەکێشێت، ئاماژەی بەوەشکردووە، کۆمپانیایەکی وەک “لوکۆیل” نزیکەی 11 ملیار دۆلاری بۆ پارێزگاکانی باشوور تەرخانکردووە، بەتایبەتی لە دەڤەری بەسرە.
لە درێژەی ڕاپۆرتەکە دا ئاماژە بەوەکراوە، کەرتی دەریایی وەک زەمینەیەکی بەپیتیش بۆ هاریکاری ڕووسیا و عێراق دەردەکەوێت، ئاماژەی بەوەشکردووە، لەبەر ڕۆشنایی پێگەی ستراتیژی عێراق لەسەر کەناڵە دەریاییە گرنگەکان، کە ئەزموونی ڕووسیا لە پەرەپێدانی بەندەرەکان و خزمەتگوزارییە لۆجستییە دەریاییەکان تەواوکەری ئەو گرنگییە دەبێت ،کە لێکنزیکی بەرژەوەندییەکان بە شێوەیەکی روون دیارە .
لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، ئەم جۆرە پڕۆژە هاوبەشانە کە ئامانجیان پەرەپێدانی ژێرخانی بەندەرەکانی عێراق و بەرزکردنەوەی هاریکاریی دەریایی، بەشێوەیەکی بەرچاو کارایی و بەرهەمهێنانی دەروازە بازرگانییە دەریاییەکان لە عێراقدا بەرزدەکاتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی ڕاکێشانی زیادبوونی ڕەوتی وەبەرهێنان.
ستراتیژی ڕووسیا
ڕاپۆرتەکە پرسیار دەوروژێنێت سەبارەت بە پاڵنەرەکانی پشت گۆڕانکاری ستراتیژی ڕوسیا لە ناوچەکەدا، هەروەها ئایا پڕۆژە ستراتیژییەکانی ڕوسیا و چین لە عێراق و دراوسێکانیدا دەگاتە ڕاستکردنەوەی نادادپەروەرییە مێژووییەکان کە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی دوای جەنگی جیهانی یەکەم.
هەروەها ڕاپۆرتەکە کاردانەوەی سەرچاوە نەوتی و گازییەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان لەسەر تەماحە جیۆپۆلەتیکییەکانی ڕووسیا دەخاتە ژێر پرسیارەوە و دەشڵێت، “ ئەو گێڕانەوە مێژوویی و سیاسییانە چین کە ڕەنگە بوونی ڕووسیا لە ناوچەکەدا بۆ عێراق و دانیشتوانی کورد بنووسێت؟”
دوای ئەوەی لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژەی بەوە کردووە، پێویستە یاریزانانی کەرتی وزە گرنگی بەو گۆڕانکارییە بومەلەرزیانە بدەن کە لەم چەند ساڵەی دواییدا ڕوویانداوە، بەتایبەتی لەدوای سەرهەڵدانی پەتای کۆرۆنا، کە ڕەفتاری لایەنە پەیوەندیدارە پێشەنگەکانی بازاڕی نەوتی جیهان گۆڕیوە و ستراتیژییە سیاسی و دیپلۆماسییەکانی لەسەر ئاستی ناوچەکە پێناسە کردەوە، ڕاپۆرتەکە باس لەوە دەکات کە ڕووسیا دەستی بەو شتە کردووە کە ناوی ناوە “دەستکاریکردنی ستراتیژی” لە هەرێمی کوردستان.
لە ڕاپۆرتەکەدا ڕوونیکردووەتەوە کە “رۆسنەفت” و “گازپرۆم”، ئەو دوو کۆمپانیا زەبەلاحەی کە وەک درێژکراوەی دەوڵەتی ڕووسیا کاردەکەن، هەرچەندە هەوڵەکانیان ئامانجی بازرگانییان هەڵگرتووە، بەڵام خزمەت بە ڕێنماییەکانی حکومەتی ڕووسیا و دیدگای ڤلادیمێر پوتین و ژمارەیەکی زۆر لە بازرگانان کە سامانەکەیان پەیوەستە بە توانای دەستڕاگەیشتنێکی بێ پچڕان بە یەدەگی وزەی جیهانی، ئاماژە بەوە دەکەن، بۆ نموونە، کە “ڕۆزنەفت” لە ساڵی ٢٠١٨ەوە وەک قۆڵێکی بەهێزی بەرژەوەندییەکانی دەوڵەتی ڕووسیا سەریهەڵداوە، بەو پێیەی گرنگییەکەی دەرکەوتووە لە ڕێگەی وەبەرهێنانی گەورەوە لە سەرانسەری بوارە سەرەکییەکانی سیاسەتی دەرەوەی ڕووسیا، کە لە سەرانسەری جەمسەری باکوور، چین، ڤێتنام و ڤەنزوێلادا درێژدەبنەوە بۆ ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
هەرێمی کوردستان
ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بە ڕووداوێکی گرنگ کردووە کە لە مانگی حوزەیرانی 2017 ڕوویدا، شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی ئەوکات و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت و ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەکان بەشدارییان لە کۆڕبەندی ئابووریی سانت پترسبۆرگ کرد ، و کۆڕبەندەکە 130 سەرکردەی نیشتمانی و 12,000 بەشداربووی بۆ خۆی ڕاکێشا، لەگەڵ گرێبەستێکی گرنگ لەگەڵ ڕوس ئۆیل.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، لە ڕێگەی ئەو ڕێککەوتنەی کە لە نێوان هەرێمی کوردستان و ڕۆسنەفت کراوە، وەبەرهێنانێک بە بەهای یەک ملیار دۆلار تەرخانکراوە بۆ دروستکردنی بۆری غازی شل لە هەرێمەوە بۆ ئەو بازاڕانەی کە ڕۆسنەفت دەستنیشانی کردوون، ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ساڵی 2017ە وە ئەم کۆمپانیایە قەرزی بە بڕی 3.5 ملیار دۆلار بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان دابینکردووە ، وگرێبەستی پەرەپێدانی پێنج ناوچەی نەوتی واژۆ کردووە لەگەڵ هەرێمی کوردستان.
لە درێژەی راپۆرتەکە دادەڵێت، ئەم ڕێککەوتنە گرنگییەکی زیاتری بەدەستهێنا کاتێک دوو کۆمپانیا لە گرنگترین کۆمپانیاکانی وزەی ئەمریکی، ئێکسۆن مۆبیل و شیڤرۆن، لە نێوان ساڵانی ٢٠١٥ بۆ ٢٠١٦ چەند کێڵگەیەکی هەرێمی کوردستانیان چۆڵکرد.
هێمای بۆ ئەوەش کرد، لە ناوەڕاستی هێرشە سەربازییەکان بۆسەر داعش، حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا پاڵپشتی دارایی بۆ هەرێمی کوردستان ڕاگرت، لەوانەش تەرخانکردنی دارایی بۆ هێزی پێشمەرگە.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەرێم لە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی لە ساڵی ٢٠١٧، ئەوە ڕوون بوو کە واشنتۆن پشتگیری کورد ناکات لە دژی بەغدا یان پشتگیری لە هەوڵەکانیان بۆ بەدەستهێنانی سەروەری سیاسی ناکات، ئاماژەی بەوەشکرد، سەرەڕای دەنگدان بە سەربەخۆیی، ڕیفراندۆمی کورد لەکاتی خۆیدا پووچەڵکرایەوە بەهۆی فشارەکانی حکومەتی عێراق و نەبوونی پشتیوانی لە واشنتۆنەوە.
سەبارەت بە عێراق، کۆتایی مانۆڕەکانی ڕووسیا لە ڕێگەی هەژموونی کاریگەرانەی ڕووسیا بەسەر کەرتی نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستان ڕوون بووەوە، ڕوونیشیکردەوە کە هەژموونەکە لە ڕێگەی ستراتیژێکی سێ قۆڵییەوە توندتر کرایەوە.
ئەم ستراتیژە بە پێدانی پارەی پێشوەختە بە بڕی 1.5 ملیار دۆلار لە ڕێگەی فرۆشتنی نەوتەوە و پشکی 80%ی کارکردن لە پێنج بلۆکی سەرەکی نەوتی هەرێم و پێدانی پشکی 60% لەو بۆرییە گرنگەی پێشتر لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دامەزرابوو، نوێنەرایەتی دەکرا.
ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم بۆرییە کە بڕیارە کۆمپانیا روسیەکە بڕی 1.8 ملیار دۆلار وەبەرهێنانی تێدا بکات بۆ بەرزکردنەوەی توانای بۆ یەک ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، لەوکاتەوە بووەتە بەردی بناغەی کاریگەری و نفوزی ڕووسیا لە ناوچەکەدا
ڕاپۆرتەکە پێی وایە کە هەنگاوی کۆتایی لە تاکتیکی ڕووسیا لە پلانەکەیدا بریتییە لە تێکەڵکردنی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەشەکانی تری عێراق بە شێوەیەکی بێ کێشە، هەروەها ئامانجی ڕووسیا لە ساڵی 2017دا تەنیا فراوانکردنی نفوزی ڕووسیا نەبووە لە عێراق، بەڵکو زیاتر مانۆڕکردن بووە لە هەرێمی کوردستان وەک پێشەکییەک بۆ هەژموونی بەرفراوانتر بەرامبەر بە باشووری عێراق، دەشڵێت، ڕووسیا بەم شێوەیە ئامانجی شارەزابوونە لە بیرۆکەی یەکخستنی باکور و باشووری عێراق لەژێر کاریگەریی خۆیدا، ئەمەش تەماحە فراوانخوازییە درێژخایەنەکانی پشتڕاست دەکاتەوە.
مێژووی هاوبەش
لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، بەشداریکردنی ڕووسیا لە عێراق و کەرتی وزە لە هەرێمی کوردستان وەک پێشهاتێکی گرنگ لە گۆڕەپانی جیۆپۆلەتیکدا دەرکەوتووە، ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرچاوەی پەیوەندییە بازرگانی و وەبەرهێنانەکانی نێوان هەردوو ناوچەکە دەگەڕێتەوە بۆ ڕابردوویەکی ئاڵۆز.
هەروەها ئاماژەی بە ڕێگا بازرگانییەکانی سەدەکانی ناوەڕاست کرد کە بە درێژایی ڕووباری ڤۆڵگا و دەریای خەزەر درێژدەبنەوە، کە بووە هۆی دامەزراندنی پەیوەندییە دیپلۆماسییە فەرمییەکان لە ساڵی ١٩٤٤، کە بناغەی هاوپەیمانییەکی ستراتیژی دانرا و ئەم پەیوەندییە زیاتر بەهێزتر بوو کاتێک سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمێر پوتین لە ساڵی 2008دا عێراقی لە زۆرێک لە قەرزەکانی بەخشی کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی یەکێتی سۆڤیەت ، کە ڕێگەی خۆشکرد بۆ ڕێکەوتنێکی نەوتی بە بڕی ٤ ملیار دۆلار و ڕەنگدانەوەی پەیوەندی قووڵتری ئابوورییە.
لەرێژەی ڕاپۆرتەکەدا ئەوە هاتووە، کەش و هەوای سیاسی هەمیشە لەبار نەبووە بۆ گەیشتن بە پێشکەوتنی بەردەوام، لەم چوارچێوەدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە کەرکوک کە لانەی پیشەسازی نەوتی عێراقە، پشکی هەبووە بوو لە گێژاوەکەدا.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو یاداشتنامە لێکتێگەیشتنەی کە کۆمپانیای بریتانی پترۆلیۆم لە ساڵی ٢٠١٣ لەگەڵ کۆمپانیای نەوتی باکووری سەر بە وەزارەتی نەوتی عێراق واژۆی کردووە، نیشانەی پێشکەوتنێکی ئومێدبەخشە لە بواری گەڕان و لێکۆڵینەوەی مەیدانیدا.
هەروەها لەشکرکێشی داعش و دواتر کۆنترۆڵکردنی کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووک لە لایەن هێزە کوردییەکانەوە ئاستەنگی بۆ ئۆپەراسیۆنەکان دروستکرد ، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە دواجار بی پی دەربچێت و کارەکانی لە دوای خۆی بەجێبهێڵێت و گۆرانکاری لە زیادکردنی بەرهەمداروست نەبێت، ئەم جێهێشتنەش دەرگای لەبەردەم کۆمپانیاکانی ڕووسیا کردەوە بۆ بەهێزکردنی بوونی لە ناوچەکەدا.
ئەنجام
لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی ڕووسیا لە ناوچەکەدا لە پەیوەندییە ئابوورییە سادەکان تێدەپەڕێت، ڕوونیشیکردووەتەوە کە چەمکی ئۆراسیا کە بەردی بناغەی بیرکردنەوەی جیۆپۆلەتیکی ڕووسیا پێکدەهێنێت، ڕەنگدانەوەی تەماحێکە بۆ گۆڕینی سیستەمی تاک جەمسەری حوکمڕانی جیهانی.
لە درێژەی ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەکراوە کە ئەم ئامانجە بە خواستی ڕووسیا بۆ پاراستنی بوونی خۆی لە حەوزە ستراتیژییەکانی وزەدا دەردەکەوێت کە لە ڕووی مێژووییەوە زلهێزەکانی ڕۆژئاوا زاڵن.
ئاماژە بەوەش داکات، پێگەی ستراتیژی تورکیا لە دڵی ئۆراسیادا جەخت لەسەر گرنگی تورکیا دەکاتەوە لە هەر مامەڵەیەکی وزە کە لە هەرێمی کوردستان یان عێراقەوە سەرچاوە دەگرێت.
هەروەها، “کەرتی وزە لە هەرێمی کوردستان، بە ئاڵنگارییە سیاسییە ئاڵۆزەکانی و تەحەددیاتی ئاسایشی نیشتمانی، چاوەڕێی پڕۆژەیەکی ستراتیژی گشتگیرە بۆ بەرزکردنەوەی سامانە سروشتییەکانی، هەروەها دەستپێشخەرییەکی لەو شێوەیە دەکرێت ببێتە هۆی ئەوەی هەرێم گۆڕانکاریی جیۆپۆلەتیکی بەسەربێت، و “هێزی سیاسی و ئابووری و دیپلۆماسی و ئەمنی زیاد بکات”.
ڕاپۆرتە ئەمریکییەکە لە کۆتاییدا ڕایگەیاندووە، زیادبوونی دەستوەردانەکانی ڕووسیا لە کەرتەکانی وزە لە عێراق و هەرێمی کوردستان، ڕەنگدانەوەی نەخشێکی فراوانترە لە تەماحی ئابووری و پێگەی ستراتیژی، بەڵام ڕێگای پتەوکردنی ئەو پەیوەندییانە پڕە لە ئاڵانگاری، چ ناوخۆیی و چ دەرەکی.
ئاماژەی بەوەشکرد، “گرژییە جیۆپۆلیتیکییەکان، سزا نێودەوڵەتییەکان، و ژینگەیەکی ئاڵۆزی ڕێکخستنی ئاستەنگی گەورە لەبەردەم هاوکاری ئابووریدا دروستدەکات. بۆیە بەشداریکردن لە گفتوگۆی بەردەوام لەسەر ئاستی دوولایەنە و ناوچەیی بەپێویست دادەنرێت بۆ چارەسەرکردنی ئەو نیگەرانیانە و بەرەوپێشبردنی ژینگەیەکی سەقامگیر بۆ هاوکاریی ئابووری”. “
لە کۆتاییدا دەڵێت: بەهێزکردنی ژێرخانی دارایی و گەڕان بەدوای میکانیزمە بەدیلەکانی داراییدا ڕەنگە بەربەستە داراییەکان کەمبکاتەوە و ڕەوتی بازرگانی و وەبەرهێنان لە نێوان ڕووسیا و عێراقدا ئاسان بکات.
▪️لە ماڵپەڕی شەفەق نیوز وەرگیراوە و روونبین وەریگێڕاوە