“ئێستا لە 80%ی بەنزینی بەنزینخانەكان لە گۆڕەپانەكاندا درووستدەكرێت، بەنزین لەدەرەوە هاوردە ناكرێت ئەوەی رۆژانە لە ئێرانەوە هاوردەدەكرێت مادەكانی تایبەت بە بەرزكردنەوەی ئۆكتانی بەنزینەو لە گۆڕەپانەكانی (سلێمانی و هەولێر و دهۆك) تێكەڵ بە نەفتا دەكرێت و بەنزینی لێ بەرهەم دەهێندرێت، لە باشماخەوە بۆ هەرتەنێك (60) دۆلار وەردەگیرێت بۆ كۆمپانیاكانی سەربە یەكێتی، لە حاجی ئۆمەرانەوە بۆ هەر تەنێك (150) دۆلار وەردەگیرێت بۆ كۆمپانیاكانی سەربە پارتی، ئەگەر لە سلێمانیشەوە بچێت بۆ هەولێر ئەوا (90) دۆلار بۆ هەر تەنێك وەردەگیرێت” ئەمە وتەی بازرگانێكی هاوردەی مادەكانی تایبەت بە بەرزكردنەوەی ئۆكتانی بەنزینە كە بۆ (درەو) قسەی كردووە.
بەنزینی هەرێم چۆن بەرهەمدێت؟
هەرێمی كوردستان رۆژانە پێویستی بە (6 بۆ 7) ملیۆن لیتر بەنزین هەیە، لە ئێستادا زۆرینەی لەناوخۆی هەرێمی كوردستاندا بەرهەم دەهێندرێت، كە لە نەفتای ناوخۆی هەرێم و مادەی (ئۆكتان بوستەر)ی تایبەت بە بەرزكردنەوەی كوالێتی بەنزین درووست دەكرێت و هەمووی لە ئێرانەوە دەهێندرێت.
(درەو) گفتوگۆی لەگەڵ یەكێك لە بازرگانەكانی سوتەمەنی كردووە كە مادەكانی تایبەت بە بەرزركردنەوەی كوالێتی بەنزین لە ئێرانەوە دەهێنێت، ووردەكاری هاوردەكردنی ئەو مادانە باس دەكات كە لە ئێرانەوە دەهێندرێت و لە هەرێمی كوردستان تێكەڵ بە نەفتا دەكرێت و دەخرێتە بازاڕەوە.
بە وتەی ئەو بازرگانە، هەرێمی كوردستان لە وەرزی هاویندا پێویستی بە (7.5 بۆ 8.5) ملیۆن لیتر بەنزین هەیە، بە هەرسێ جۆری (نۆرماڵ، موحەسەن، سۆپەر)، بەڵام لە وەرزی زستاندا هەرێمی كوردستان پێویستی بە (6 بۆ7) ملیۆن لیتر بەنزین هەیە، ئەو بەنزینانەی لە ناوخۆی هەرێمی كوردستان بەرهەم دەهێندرێت دوو جۆرە:
یەكەم بەرهەمی پاڵاوگە گەورەكان:
ژمارەیەكی پاڵاوگەی گەورە هەیە لە هەرێمی كوردستان كە توانای بەرهەمهێنانی بەنزینیان هەیە لەوانە:
• باڵاوگەی بازیان رۆژانە ملیۆنێك لیتر بەنزین بەرهەم دەهێنێت و بۆ عێراقی دەپاڵێوێت.
• پاڵاوگەی كار رۆژانە دووملیۆن و 500 هەزار لیتر بەرهەم دەهێنێت و بەشێكی زۆری بۆ عێراقە.
• پاڵاوگەی لاناز رۆژانە ملیۆنێك لیتر بەنزین بەرهەم دەهێنێت بەشێكی دەخرێتە بازاڕەوە.
بە هەرسێ پاڵاوگەكە رۆژانە بڕی (4.5) ملیۆن لیتر بەنزین بەرهەمدەهێنن، ئەوەی دەمێنێتەوە لە ئێران یان لە ئیمارات یان لە رووسیا، دەهێندرێت، بەڵام زیاتر لە دوو ساڵ دەبێت بەنزین نەهاتووە لەو وڵاتانەوە، تەنیا (ئۆكتان بووستەر) لە ئێرانەوە دێت، بەتایبەت ئەو مادانەی كە تایبەتن بە بەرزكردنەوەی كوالێتی و ئۆكتانی بەنزین.
دووەم: بەرهەمهێنانی بەنزین لە گۆڕەپانەكان
ئێستا بەشی زۆری نزیكەی (80%)ی بەنزینی بەنزینخانەكانی هەرێمی كوردستان لە گۆڕەپانەكانی (هەولێر ، سلێمانی، دهۆك) بەرهەم دەهێندرێت، ئەو بەنزینەی بەرهەم دەهێندرێت لە (نەفتا) و (ئۆكتان بوستەر) بەرهەم دەهێندرێت.
بە وتەی ئەو بازرگانەی سوتەمەنی كە خۆی ئەو مادانە لە ئێرانەوە دەهێنێت بەم شێوەیە باس لە بەرهەم هێنانی بەنزین دەكات لە گۆڕەپانەكاندا.
رۆژانە هەزار تا دوو هەزار تەنكەر ئەو مادانە لە ئێرانەوە دەهێندرێت، مادەكان جۆراو جۆرن هیچی بەنزین نین، بەڵكو ئەو مادانەن كە بۆ بەرزكردنەوەی كوالێتی بەنزین بەكار دێت.
ئەو مادانەی لە ئێرانەوە دێت ئێمە لە بازاڕدا بە (ئۆكتان بوستەر) ناوی دەبەین كە مادەیەكە بۆ بەهێزكردن و زیادكردنی ئۆكتانی بەنزینە ئەویش جەند جۆرێكی هەیە لەوانە:
• (میتانۆڵ) بەنزینی نورماڵی لێدرووستی دەكرێت كوالێتی باش نیە، بۆنی دێت .
• (ئێن تی بی) مادەیەكی ترە بۆ درووستكردنی بەنزینی موحەسەن.
• (ریفۆرمێنت) و (ئارۆ) چاكسازی لە بەنزیندا دەكات .
سەرجەمی ئەو مادانە تێكەڵی نەفتاكەی كێڵگەی نەوتی كۆرمۆر لە قادر كەرەم دەكرێت كە كۆندیسەیتیشی پێدەوترێت، لە ئێستادا رۆژانە (20) هەزار بەرمیلەو لە گۆڕەپانەكان تێكەڵ دەكرێت.
چۆن تێكەڵ دەكرێت؟
بە وتەی ئەو بازرگانەی سوتەمەنی كە لە ئێرانەوە مادەكانی تایبەت بە بەرزركردنەوەی كوالێتی بەنزین دەهێنێت دەڵێت:
ئەو مادانە لە ئێرانەوە دەهێندرێن و لە گۆڕەپانەكانی (تانجەڕۆی سلێمانی، ناوچەی گوێری هەولێرو لە گۆڕەپانەكانی دهۆك) تێكەڵ دەكرێن.
پرۆسەی تێكەڵكردنی ئۆكتان بوستەر و نەفتا بەم شێوەیەیە.
• ئەگەر بتەوێت بەنزینی نۆرماڵ درووست بكەیت پێویست دەكات یەك تانكەر نەفتا بە یەك تانكەر و نیو ئۆكتان بوستەر تێكەڵ بكەیت، ئینجا ئۆكتانی نۆرماڵ دەبێتە (93).
• ئەگەر بتەوێت بەنزینی موحەسەن درووست بكەیت پێویست دەكات یەك تانكەر نەفتا بە دوو تانكەر ئۆكتان بوستەر تێكەڵ بكەیت ئەوكات ئۆكتانەكەی دەبێتە (95).
• ئەگەر بتەوێت بەنزینی سوپەر درووست بكەیت پێویست دەكات یەك تانكەر نەفتا بە سێ تانكەر ئۆكتان بوستەر تێكەڵ بكەیت ئەوكات ئۆكتانەكەی دەبێتە (98).
بەڵام ئەو ئۆكتانانەی لە بەنزینخانەكاندا هەیە هیچی راستەقینە نین، چونكە ئامێرەكان باش نین و راستی ناخوێننەوە، بۆ نمونە من بە ستانداردی جیهانی بەنزینم كڕیوە ئۆكتانەكەی (87) بووە لە كوردستان جارێكی تر بە ئامێرەكانی ئێرە پیواومە ئۆكتانەكەی (93)ی خوێندووەتەوە، واتا ئامێرەكانی تایبەت بە خوێندنەوەی ئۆكتان لێرە (5 بۆ 6) پلە زیاتر دەخوێندرێتەوە.
ئەو نەفتایەی لەگەڵ ئۆكتان بوستەر تێكەڵ دەكرێت و دەكرێت بە بەنزین بەشی زۆری لە كێڵگەی كۆرمۆرەوە دەهێندرێت و بەشێكی كەمیشی هی پاڵاوگە بچووكەكانن.
نزیكەی (300) پاڵاوگەی بچوك هەیە لە هەرێمی كوردستان كە رەنگە تەنیا (20) دانەیان مۆڵەتی رەسمیان هەبێت. ئەوانە پاڵاوگە نین هەر ناویان پاڵاوگەیە، بەغداد مۆڵەت بە هیچ پاڵاوگەیەك نادات ئەگەر لە (50) هەزار بەرمیل كەمتر بپاڵێوێت. ئەوانە رۆژانە رەنگە (100 بۆ 200) تەن بپاڵێون، بۆیە ئەوانە ئەگەر نەوتی خاو هەبێت، ئەوا نەفتا و نەوتی رەش و گازوایل بەرهەم دەهێنن بەڵام هەمووی بە كوالێتی خراپ، ئەو پاڵاوگە بچوكانە ئەگەر نەوتی خاو هەبێت بۆ ناوخۆ كار دەكەن ئەگەر نەوتی خاو نەبێت كارناكەن.
مادەكان چۆن لە ئێرانەوە دەهێندرێن؟
ئەو بازرگانەی سوتەمەنی شێوازی كڕین و هاوردەركردنی مادەكانی (ئۆكتان بوستەر) بۆ (درەو) روون دەكاتەوە:
ئەو مادانە لە شارەكانی ئێران بە موزایەدەی ئاشكرا دەفرۆشرێت و تەندەرین دەكرێت، لەوێ ئێمەی بازرگاكانی كورد بەشداری لە تەندەرەكاندا دەكەین، تەنیا هەر ئێمە نین ئەفغانی و پاكستانیش بەشداری دەكەن، هەموو هەفتەیەك تەندەر هەیە، ئەوەی تەندەرەكەی بۆ دەردەچێت لە دوبەی پارەكە بە درهەم تەسلیم دەكات، بەكاش وەری دەگرن، دواتر نوسراو پیشان دەدەین كە پارەكەمان رادەستكردووە، پاشان پرۆسەی باركردنی مادەكان دەست پێدەكات، لە بەشێك لە شارەكانی ئێران ئەو تەندەرانە دەكرێت، لە شاری ئاراك لە بەندەر ئیمام، لە ئابادان، تاران، بار دەكەین.
جاران هەرچەند مادەمان بویستایە هەبوو، بەڵام ئێستا كەمە
جاری وا هەبووە (110) هەزار تەنمان كڕیوە جاری وا هەبووە (200) تەنمان بۆ دەرچووە، سەبارەت بە نرخەكەشی بۆ نمونە ئێستا ئەمڕۆ تەنێكی (ئۆكتان بوستەر) لە ئێران لە نێوان (700 بۆ 800) دۆلاردایە رۆژانە لانی كەم (هەزار) تەن دێت بۆ هەرێمی كوردستان، دوای باركردن لە ئێران راستەوخۆ لە رێگای باشماخ و حاجی ئۆمەرانەوە هاوردەی هەرێمی كوردستان دەكرێت.
ئەگەر پاڵاوگە گەورەكان بەنزینەكە بدەنە بەغداد ئەوا لە گۆڕەپانەكاندا (7.5) ملیۆن لیتر بەنزین بەرهەمدەهێندرێت و ئەگەر ئەوانیش بەنزینەكەیان بخەنە بازاڕەوە ئەوا نزیكەی (3.5 بۆ 4) ملیۆن لیتر بەرهەمدەهێندرێت.
بەرزی نرخی بەنزین لە بازاڕەكاندا پەیوەندی بە بۆرسەی جیهانیەوە هەیە، بۆ نمونە بەنزین كە لە ئێرانەوە دەهێنرێت بۆ لیترێك بەنزینی موحەسەن، هەزار دینار دەكەوێت لە گۆڕەپانەكاندا (50) دیناری دەخرێتە سەرو لە بەنزینخانەكانیشدا (100) دیناری دەخرێتە سەر، هێنانی بەنزین و بەرهەمهێنان و تێكەڵكردنی بۆ هەر لیترێك بڕێك پارە دەكەوێت بەم شێوەیە:
• نۆرماڵ: 850 دینار دەكەوێت
• موحەسەن: هەزار دینار دەكەوێت
• سوپەر: 1200 دینار دەكەوێت
چۆن هاوردە دەكرێت؟
بە وتەی ئەو بازرگانەی سوتەمەنی هەركەسێك بیەوێت باری مەواد (ئۆكتان بوستەر) بهێنێت لە ئێرانەوە دەتوانێت، بەڵام دەبێت پارەكە بداتە كۆمپانیای دیاریكراو كە ئەو كۆمپانیایە مۆڵەتی هاتنە ناوەوەی هەیە، لە سلێمانی كۆمپانیایەكی تایبەت بە یەكێتی مۆڵەتەكە دەدات و پارەكە وەردەگرێت لە هەولێریش كۆمپانیاییەكی تایبەتی پارتی پارەكە وەردەگرێت و مۆڵەتەكە دەدات.
هەرچی مۆڵەتی هەناردەو هاوردەیە هەموو مۆنۆپۆڵی یەكێتی و پارتیە، واتا مۆڵەتی هێنانی مەواد و مۆڵەتی بردنی هەر موشتەقاتێكی نەوتی هی كۆمپانیاكانی حزبەو كۆمپانیاكانی تر لەوانی دەكڕنەوە، ئێمە وەك خاوەنی كۆمپانیاكان و بازرگانیەكە خۆمان دەیهێنێن، بەڵام مۆڵەتەكە بەناوی كۆمپانیاكانی حزبەوەیە لە هەولێرو سلێمانیش هاوردەو هەناردەی دەكەین.
ئەگەر مادەكان لە رێگای باشماخەوە هاوردە بكرێن ئەوا (60) دۆلار بۆ هەر تەنێك وەردەگیرێت و پارەكە بۆ كۆمپانیاكەی یەكێتیە، ئەگەر لە رێگای دەروازەی حاجی ئۆمەرانەوە هاوردە بكرێت ئەوا (150) دۆلار وەردەگیرێت و بۆ كۆمپانیاكەی پارتی دەبێت، خۆ ئەگەر لە سلێمانیەوە بچێتەوە بۆ هەولێر ئەوا (90) دۆلاری بۆ هەر تەنێك لێوەردەگیرێت لەبەر ئەوەی یەكسانی بكەنەوە بە (150) دۆلارەكەی حاجی ئۆمەران، واتا (90 دۆلار + 60)دۆلاری باشماخ دەكاتە (150) دۆلار.
لەو (60) دۆلارەی بۆ كۆمپانیا حزبیەكان دەچێت نزیكەی (20) هەزار دیناری دەدرێتە حكومەت بۆ گومرگ و باج، ئەوەی دیكەی بۆ كۆمپانیاكانی حزبە.
دوای هاوردەكردنی لە دەروازەكانەوە دەبرێنە گۆڕەپانەكانی (تانجەڕۆی سلێمانی و گوێری هەولێر) لەوێ هەر ئۆتۆمبێلی (100) دۆلاری لێوەردەگیرێت، كە ئەوانیش هی كۆمپانیاكانی حزبە لە سلێمانی بۆ یەكێتی و لە هەولێر بۆ پارتی.
لە پرۆسەیەكدا چەندین لایەن سودمەند دەبن، پشكی زیاتر بۆ كۆمپانیاكانی حزبە دواتر بازرگاكانان بەشێكی كەمیشی بۆ حكومەتە:
• ئێمە لە حكومەتی ئێرانی دەكڕین و ئەوان سودمەند دەبن
• كۆمپانیای گواستنەوە بۆمان دەگوازێتەوە سود مەند دەبێت.
• كۆمپانیای كارگوزاری بۆمان دەكڕێت سودمەند دەبێت.
• بازارگانان بازرگانی پێوە دەكەن و هاوردەی دەكەن سودمەند دەبن لێی
• خاوەن گۆڕەپانەكان لێی سودمەند دەبن
• خاوەن بەنزینخانە لێی سودمەند دەبن
• خاوەن مۆڵەت كە بۆ كۆمپانیاكانی حزبە لێی سودمەند دەبن.
ریسكی تەندروستی ئەو مادانە
ئەو مادانەی كە لە ئێرانەوە دەهێندرێن بۆ بەرزكردنەوەی كوالێتی بەنزین و تێكەڵكردنی بە نەفتا ریسكی تەندروستی هەیە رێژەی كیبریتەكەی بە(PPF) دەپێورێت لێرە رێژەی كبریتەكە بەرزە لەبەر ئەوەی نەفتای قادر كەرەم و نەفتای گۆڕەپانەكان لە سەدا 90% دەبێت (دیستۆڵەیشن) دڵۆپەكردن و توانەوەی نەوت بكرێت بۆ ئەوەیە كە غازەكەی لێبگیرێت و كیبریتەكەی لێبگیرێت بەڵام ئەو پرۆسەیە ناكرێت یەكسەر تێكەڵ دەكرێت بۆیە (PPF)یەكەی (200 بۆ 300)ە بەڵام لە ئەوروپا(PPF)كەی (10)یە بۆیە زۆر جیاوازە، بەرزی رێژەی كبریت زۆر كێشەیە، ستانداردی جیهانی (10)، (PPF)ە بەڵام لە هەرێمی كوردستان (200 بۆ 300)، (PPF)ە، ئەمەش مەترسی تەندروستی زۆر دەكات.
قاچاغچێتی بەنزین لە كفری
پێش روخانی بەعس لە 2003، هاوڵاتیان قاچاغی هێنانی بەنزین لە كفری ببوە دیاردەیەك كە چەندین كوژراویان هەبوو لەو رێگایە، دوای زیاتر لە 20 ساڵ ئێستا جارێكی تر قاچاغچێتی بەنزین لە رێگای كفریەوە دەستی پێكردووەتەوە.
حكومەتی عێراق بە (425) دینار لیتری بەنزین دەداتە بەنزینخانەكان و ئەوانیش دەیدەن بە (450) دینار، ئەو بەنزینخانانە بەنزینی زۆر وەردەگرن كە لێیان زیاد دەبێت بە تەنكەر و دوو تەنكەر دەیفرۆشن و كەسانی دیكەش بە قاچاغ دەیهێنن بۆ هەرێمی كوردستان، زۆربەی ئەو تەنكەرانە لە سنوری كفرییەوە بە قاچاغ داخل دەبن بەڵام زۆرنیە رەنگە رۆژانە ( 10 بۆ 20) تانكەر بەنزین بە قاچاغ بێت، چونكە دەسناكەوێت حكومەتی عێراقی چاودێری لەسەر داناوە.
– راپۆرتی دامەزراوەی میدیایی درەو