● کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان ئەیپیکور و بەرپرسانی حکومەتی عێراق لە دوبەی کۆبونەوە
● کۆمپانیای APIKUR جەختیان کردەوە لەسەر ئەوەی کە بتوانرێت بە خێرایی هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بۆری نەوتی عێراق-تورکیا ITP دەستپێبکاتەوە لە ڕێگەی پێشنیارێکەوە بۆ کۆمپانیا ئەندامەکان بە فرۆشتنی پشکیان لە نەوت بە وەزارەتی نەوت/سۆمۆ
نوێنەرانی کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان ئەپیکۆر لە ٨ی ئەم مانگە لە دوبەی لەگەڵ نوێنەرانی حکومەتی عێراق لە وەزارەتی نەوت و کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ) و کۆمپانیای نەوتی باکوور لە دوبەی کۆبونەوە. بەپێی راگەیاندراوی کۆمەڵەکە ئەمە یەکەم کۆبوونەوەی نێوان ئەو دوو گروپە بوو.
لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە، نوێنەرانی کۆمپانیای ئەیپیکور و حکومەتی عێراق جەختیان لەسەر پێویستی بەپەلەی دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت بە تەواوی بۆ بازاڕەکانی وزەی جیهانی بەپێی مەرجە بازرگانییە پەسەندکراوەکانی هەردوولا کردەوە، وەک خێراترین ڕێگا بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن لە ڕێگەی بۆری عێراق-تورکیا (ITP). ئەیپیکور پێشنیاری کرد کە کۆمپانیای سۆمۆ دانوستان لەسەر گرێبەستی کڕین/فرۆشتنی نەوتی خاو لەگەڵ ئەندامانی ئەیپیکور بکات.
بەپێی گرێبەستی هاوبەشیکردن لە بەرهەمهێنان (PSCs)، کۆمپانیاکانی ئەندامی ئەیپیکور مافی ئەوەیان هەیە پشکی خۆیان لە بەرهەمهێنانی نەوت بفرۆشن، هەروەها لایەنەکان باسیان لەوە کرد کە چۆن کۆمپانیاکانی ئەندامی ئەیپیکور دەتوانن نەوتەکە بفرۆشن بە وەزارەتی نەوت/سۆمۆ بۆ گواستنەوەی لەڕێگەی ITP و دواتر فرۆشتنی بۆ بازاڕە نێودەوڵەتییەکان.
نوێنەرانی ئەیپیکور APIKUR ئاماژەیان بەوە کرد دەتوانن بە تەواوی دەست بە بەرهەمهێنانی نەوت بکەنەوە کاتێک ڕێککەوتنێکی ڕوون و باش دیاریکراو و پابەندکەری یاسایی هەبێت لەسەر فرۆشتنی نەوت و مەرجەکانی هەناردەکردن، لەوانەش وەرگرتنی شایستەی دارایی بۆ فرۆشتنی نەوتی ڕابردوو و داهاتوو.
وەفدەکەی حکومەتی عێراق دانیان بەوەدا نا کە دەبێت ڕێز لە قەرزەکانی پێشوو بگیرێت و ڕێکخستنەکانی گرێبەستیش دەبێت جێگەی قبوڵکردنی هەموو لایەنەکان بێت بە حکومەتی هەرێمی کوردستانیشەوە.
نوێنەرانی APIKUR دووپاتیان کردەوە کە مەرجە بازرگانییەکانی ئێستا دەبێ بە کارایی بمێننەوە، و گرێبەستەکانی هاوبەشی کردنی بەرهەمی ئێستا کاری پێبکرێت.
راگەیەندراوەکە دەڵێت: خەڵکی عێراق – بەتایبەتی هەرێمی کوردستان- بەردەوامن لەزیانی ئابووری بەهۆی داخستنی هێڵی بۆری نەوتی عێراق-تورکیا و نەبوونی ڕێککەوتنێکی بازرگانی کە پارێزگاری لە وەبەرهێنانە نێودەوڵەتییەکان بکات و هانی وەبەرهێنانی بیانی بدات لە داهاتوودا. ئەندامانی ئەیپیکور بەردەوام دەبن لە کارکردن لەگەڵ حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان و دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنانی تەواو و هەناردەکردن لە ڕێگەی بۆری عێراق-تورکیا بۆ بەرژەوەندی هەموو عێراقییەکان.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەکۆبوونەوەکان ڕایگەیاند تا ئێستا هیچ ڕێککەوتنێک نەکراوە.
مایڵز کاگینز، وتەبێژی APIKUR لە بەیاننامەیەکدا بۆ ڕۆیتەرز وتی: “ئەم کۆبوونەوەیە هەنگاوێکی سەرەتایی بوو، پێشبینی کۆبوونەوەی تر دەکەین لە ئایندەدا لەگەڵ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان.”
- کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان APIKUR کۆمپانیایەکی سنووردارە کە پێک هاتووە لە هەریەک لە DNO، Genel Energy ، Gulf Keystone
Hunt Oil ، HKN Energy و ShaMaran Petroleum کە بەپێی یاسای ئینگلیزی لە ساڵی ٢٠٢٣ لەلایەن ئەو کۆمپانیا نێودەوڵەتیانەی نەوت و غاز کە لە هەرێمی کوردستانی عێراق چالاکن دامەزراوە.