وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێم بە وەكالەت دەڵێ ئێمە بۆ بەرهەمهێنانو گواستنەوەی یەک بەرمیل نەوت پێویستمان بە ٣١ دۆلارە، وەزارەتی نەوتی عێراق ٦ دۆلاری بۆ تەرخانكردوین، بۆیە كۆمپانیاكانی نەوت پێیان وتوین ئێمە ناتوانین بەو پارەیە نەوت بەرهەم بهێنین.
كەمال محەمەد وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان بەوەكالەت ئەمڕۆ لەگەڵ وەفدی دانوستانكاری حكومەتی هەرێم بەشداری كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی كرد.
لە كۆنگرەكەدا، كەمال محەمەد رایگەیاند، بڕیاری دادگای ناوبژیوانی پاریس لە پێنج تانە پێكهاتووە كە دژی دۆسیەی نەوتی هەرێم تۆماركراوە، خۆشەبەختانە چوار دۆسیەی لەبەرژەوەندی هەرێم شكاوەتەوە كە برتین لە دۆسیەكانی (ئیدارەدان- بەرهەمهێنان- گواستنەوە- عەمباركردن)و دادگاكە لەم بوارانەدا مافی بە هەرێم داوە، بەڵام لە بابەتی (فرۆشتنی نەوت)دا حەقی بە هەرێم نەداو دەبێت لەڕێگەی كۆمپانیای “سۆموە” بێت.
وەزیری سامانە سرووشتییەکان بەوەكالەت ئاماژەی بەوەكرد” لە ٢٥ی ئازارەوە هەناردەی نەوتی هەرێم راگیراوە، بەڵام تاوەكو بەر لە راگرتنی هەناردە، بە داهاتی نەوت شایستەی كۆمپانیاكانو مانگانەش موچە دابین كراوە”.
“راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم لەبەرژەوەندی عێراقدا نییە، چونكە راگرتنی ٤٠٠ هەزار بەرمیل ئەگەر بۆ هەر بەرمیلێكیش (٧٠ دۆلار) ئەژمار بكەین، واتا مانگانە (٨٥٠ ملیۆن) دۆلار زیان لە داهاتی عێراق دەكەوێت” كەمال محەمەد وای وت.
وەزیری ئاسمانە سروشتییەكان هەرێم ئاشكرایكرد” لە ٢٥ی حوزەیران وەزارەتی نەوتی عێراق داوایكردووە ئێمە لە ٥٠ هەزارەوە دەستپێبكەین تا ١٤٠ هەزار بەرمیل رادەستبكەین، ئێمە لە ٢٥ی حوزەیراندا ئەو نەوتەمان رادەستی پاڵاوگەی (كار) كرد كە بۆ عێراق كار دەكات، ئێستا رۆژانە بە تێكڕا (٨٥ هەزار) بەرمیل نەوت بە عێراق دەدەین، بەڵام لەوكاتەوە یەك دینارو یەك دۆلار بۆ بەرهەمهێنان خەرج نەكراوە، ئەمەش بەبەهانەی ئەوەی دەڵێن بۆ كرێی بەرهەمهێنانو گواستنەوە هەر بەرمیلێك ٦ دۆلار حساب دەكەین”.
لەبارەی ناكۆكییەكان سەبارەت بە نرخی بەرهەمهێنانو گواستنەوەی نەوت لەنێوان هەرێمو بەغداد، ئاماژەی بەوەكرد” گرێبەستەكانی ئێمە وەكو هەرێمی كوردستان جیاوازە لە گرێبەستەكانی عێراق، چونكە عێراق كۆمپانیای نیشتمانی بەرهەمهێنانی نەوتی خۆی هەیە، بەڵام ئێمە لەرێگەی كۆمپانیاوە دەیكەین. لە ٢٤ی ئابدا لەگەڵ كۆمپانیاكان كۆبوینەوە كە نرخی دیاریكراو بۆ بەرهەمهێنانو گواستنەوەی نەوت لەلایەن وەزارەتی نەوتی عێراقەوە بە (٦ دۆلار) دیاریكراوەو ئەوە لە بودجەدا پەسەندكراوە، كۆمپانیاكان هەموویان بە فەرمی وەڵامی ئێمەیان دایەوەو وتیان ئێمە ناتوانین بەو (٦ دۆلار) بەردەوام بین لەسەر بەرهەمهێنانی نەوت”.
وەزیری سامانە سروشتییەكان داوای لە وەزارەتی نەوتو حكومەتی عێراق كرد پێداوچوونەوەیەك بە بابەتی نرخی بەرهەمهێنانو گواستنەوەدا بكەن، بۆ ئەمەش نمونەی بەوە هێنایەوە كە “لە عێراق چەندین كێڵگە هەن تێچووی بەرهەمهێنانیان تێیاندا زیاتر لە ٣٠ دۆلارە”.
لەبارەی نرخی بەرهەمهێنانو گواستنەوەی نەوت بە تێكڕا لە هەرێمی كوردستان، ئاشكرایكرد” ئێمە بۆ وەبەرهێنانی هەر بەرمیلێك نەوت پێویستمان بە ٢٤ دۆلارەو بۆ گواستنەوەش پێویستمان بە (٧ دۆلار)ە، واتا تێكڕای خەرجی بەرهەمهێنانو گواستنەوەی نەوت لە هەرێم (٣١ دۆلار)ەو بەو (٦ دۆلار)ەی دیاریكراوە كۆمپانیاكانی هەرێم ناتوانن نەوت بەرهەم بهێنن”.تەواوی کۆنفرانس رۆژنامەوانییەکەی وەزیری دارایی، سامانە سرووشتیەکان بەوەکالەت، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران سەبارەت بە گفتوگۆکانی نێوان هەرێم و بەغداد لەم لینکەیە خوارەوەیە :