گۆڵف کیستۆن: لە کێڵگەی شێخان دەستمان بە بەرهەمهێنانی نەوت کردووە
- کۆمپانیای گۆڵف کیستۆن، یەکێکە لەو کۆمپانیایانەی بواری نەوت کە لە کێڵگەی شێخانی هەرێمی کوردستان کاردەکات، دەڵێت، لە کێڵگەی شێخان بە بڕێکی کەم لە ئێستادا دەستیان بە بەرهەمهێنانی نەوت کردووەتەوە و بە پاڵاوگەکانی نێوخۆی دەفرۆشن.
- کۆمپانیاکە دەڵێت لەگەڵ ئەوەی هیچ وادەیەکی فەرمی دیاری نەکراوە بەڵام پێیوایە هێشتا راگرتنی هەناردەی نەوتی کوردستان کاتییە.
- دەشڵێت، 151 ملیۆن دۆلاری شایستەی مانگی 10ـی پار تاوەکو مانگی سێی ئەمساڵیان لای حکومەتی هەرێمی کوردستانە.
جۆن هاریس، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای گۆڵف کیستۆن دەڵێت، “هەرچەندە هیچ وادەیەکی فەرمی دیاری نەکراوە، بەڵام هێشتا لەو بڕوایەداین کە راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ ماوەیەکی کاتی دەبێت و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش پێدانی شایستە داراییەکانی فرۆشتنی نەوت لە کاتی خۆیدا دەستپێدەکاتەوە”.
هاریس راشیگەیاندووە، “لەکاتێکدا دانوستاندنە سیاسییەکان بەردەوامن، سەرنجی ئێمە لەسەر ئەوەیە ئەوەی لەژێر کۆنترۆڵی ئێمەیە بیپارێزین لەگەڵ لایەنی نەختینەیی”.
هەروەها دەشڵێت، “خۆشحاڵین بەوەی لە مانگی تەممووزدا فرۆشتووە بە بازاڕی ناوخۆ و بەشێکی بەرهەمهێنانمان لە کێڵگەی شێخان دەستپێکردووەتەوە”. گوتیشی، “لە 19ـی تەممووزەوە و بە دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت دەستمان بە فرۆشتنی نەوت لە نێوخۆدا کردووە و تاوەکو ٣١ی تەممووز رۆژانە ٤ هەزار و ٩٠٠ بەرمیل نەوتمان فرۆشتووە. لە مانگی ئابیشەوە تائێستا بە تێكڕا رۆژانە ١١ هەزار و ٧٠٠ بەرمیل نەوتمان لە رۆژێکدا فرۆشتووە و پارەکەشمان پێشەکی وەرگرتووە بەپێی گرێبەستەکانی هاوبەشی بەرهەمهێنان”.
بەڕێوەبەرەکەی گەڵف کیستۆن دەشڵێت، “هەرچەندە نرخ و قەبارەکەی پێشبینی ناکرێت، بەڵام چالاکانە بەدوای دەرفەتی زیاتری فرۆشتنی ناوخۆیی دەگەڕێین، هەروەها دەڵێت خواست لەسەر نەوتی شێخان لە ناوخۆدا هەیە، لە هەمان کاتدا، بەردەوام دەبین لە کەمکردنەوەی خەرجییەکانمان”.
گۆڵف کیستۆن لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەیدا دەڵێت، “دوای راگرتنی هەناردەی نەوت لە رێگەی بۆریی جەیهان لە ٢٥ی ئازاری ئەمساڵ، هەناردەی نەوت لە کێڵگەی شێخان وەستاوە و لەدوای وەرگرتنی ٢٦ ملیۆن و ٩٠٠ هەزار دۆلار وەک شایستەی مانگی ئەیلوولی ساڵی رابردوو لە ٩ی ئازاری ئەمساڵەوە، هیچ شایستەیەکی داراییمان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەرنەگرتووە”.
لەبارەی بڕی شایستە داراییەکانیشی لای حکومەتی هەرێمی کوردستان باسی لەوەکردووە، “بڕی ١٥١ ملیۆن دۆلارمان لای حکومەتە کە شایستەی مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ تاوەکو ئازاری ٢٠٢٣یە”.
کۆمپانیاکە راشیگەیاندووە، پەسندکردنی بودجەی سێ ساڵی عێراق ٢٠٢٣-٢٠٢٥، بەرە ووپێشچونێکی گرنگە بە ئاراستەی دروستکردنی چوارچێوەیەک بۆ بەرهەمهێنانی نەوت لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە کە لە بەرامبەر ناردنی بەشەبودجە، لەلایەن بەغداوە دانی پێدا نراوە.
کۆمپانیاکە باسی لەوەشکردووە، لە کاتێکدا ئەگەری ئەوە هەیە کە گواستنەوەی بودجە بە شێوەیەکی بەرفراوان خەرجییەکانی مانگانەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پڕبکاتەوە، لەوانەش قەرزە بەردەوامەکانی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی بواری نەوت ، هەندێک لایەنی جێبەجێکردنی تەواوەتی بودجە و دیاریکردنی بڕی گواستنەوەی مانگانە بە ناڕوونی ماونەتەوە و بابەتی دانوستاندنە بەردەوامەکانی نێوان کوردستان و عێراقن.
بەپێی راگەیێندراوی کۆمپانیاکە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەڵف کیستۆن و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی دیکەی بواری نەوتی دڵنیاکردووەتەوە کە لە کوردستان کاردەکەن بەوەی رێز لە گرێبەستەکانی شێوازی هاوبەشیکردنی بەرهەمهێنان دەگیرێت و شایستە داراییەکانیان پێدەدرێت.
لە کۆتایی دا کۆمپانیاکە دەڵێت، لە مانگی تەممووزەوە پوختەی خەرجی مانگانە بۆ نزیکەی شەش ملیۆن دۆلار کەمکردووەتەوە کە هاوتەریبە لەگەڵ ئەو بەرنامەی کە دانراوە بۆ کێڵگەکە. هەروەها کۆمپانیاکە بەردەوامە لە گەڕان بەدوای بژاردەکاندا بۆ کەمکردنەوەی زیاتری تێچوونەکان.
گۆڵف کیستۆن دەڵێت لەم مانگەدا ئامارەکانی نیوەی یەکەمی ئەمساڵ بڵاودەکەینەوە.