لیژنەیەکی هاوبەش لە چاودێری حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق، بە مەبەستی وردبینی لە داتا و ژمارەکان، ماوەی سێ رۆژە لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانن، بەڕێوەبەری گشتی کاروباری ئابووری و گرێبەستەکان لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان دەڵێت: وردبینییەکەیان دەیسەلمێنێ کە هەموو داتاکانی ئێمە راست و دروستن.
د. خەزال عەبدوڵڵا بەڕێوەبەری گشتی کاروباری ئابووری و گرێبەستەکان لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، بە کوردستان24ی راگەیاند: “لەسەر راسپاردەی ئەنجومەنی وەزیران، لیژنەیەکی هاوبەش لە دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان و دیوانی چاودێری دارایی عێراق، ماوەی سێ رۆژە هاتوونەتە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، بۆ ئەوەی وردبینی لە داهات و ژمارەکان بکەن، کە ئێمە لەنێو پێداچوونەوە بە بودجە نووسیومانە”.
گوتیشی: “وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان پێداچوونەوەی بودجەی شەش مانگی 2023ی ئاراستەی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە”.
د. خەزال، راشیگەیاند: “ئێمە هاوکاری لیژنەکانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان و چاودێری دارایی عێراق دەبین لە وردبینیکردن لە هەر داتا و ژمارەیەک کە پێویستە تەواوی داتاکان دەخەینە بەردەستیان، چونکە شەفافیەت ئامانجی سەرەکی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانە”.
ئاماژەی بەوەشکرد: “لە ساڵی 2017وە کۆمپانیای دیلۆیت کە یەکێکە لە ناودارترین کۆمپانیاکان، چاودێری و وردبینی لە تەواوی وەبەرهێنان و فرۆشتنی و داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکات، هەموو راپۆرتەکانی لەوبارەوە بە وردەکارییەوە بۆ رای گشتیی بڵاوکردووەتەوە، بەڵام ئەوەی ئێستاش چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان بۆ وردبینی لە داهات و ژمارەکان دەکەن بە هەنگاوی باشی دەزانین، بۆ ئەوەی خەڵک دڵنیا بێت لەو داتایانەی کە پێشتر بڵاوکراونەتەوە داتای راست و دروستن، کە هەندێک جار لێدوان و تەفسیری دیکەی بۆ کراوە، بەڵام چاودێری دارایی دەیسلەمێنێ کە داتاکانی رابردووشمان زۆر راستن، بەتایبەتی لە کابینەی نۆیەم”.
سەبارەت بە گفتوگۆکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق لەبارەی یاسای نەوت و گاز، د. خەزال گوتی: “لە هەردوولا لیژنەی شارەزا و تایبەتمەند دیارییکراون و گفتوگۆکانمان لەگەڵ حکومەتی عێراق بەردەوامن، لە ئایندەیەکی نزیکدا لیژنەی حکومەتی هەرێم جارێکی دیکە بۆ ئەو مەبەستە سەردانی بەغدا دەکاتەوە”.