- ئەو کاتەی ئەمریکا دەچێتە دەرەوەی بازنە…..
بڵێسەی کێڵگەی گازی سروشتی (دوڕا)….تیشکی ڕووناکی و گەشەی ئابووری، یان پشکۆی ئاگر و مەرگەسات….
د. هاوڕێ عەزیز مەنسور بەگ
کێڵگەی گازی سروشتی دوڕا (ئێرانییەکان بە ئاراش ناوی دەبەن) بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٦٧دا لە کەنداوی عەرەبی/فارسی، لە سنوورە ئاوییە جێناکۆکەکانی نێوان کوەیت و سعودیا و ئێراندا دۆزرایەوە. یەکێکە لە گەورەترین کێڵگە دەریاییکان لە جیهاندا و یەدەگەکەی بە ١١ تریلیۆن پێ سێجا دەخەمڵێندرێت. دەیان ساڵە چەقی مشتومڕ و ناتەبایی نێوان هەر سێ وڵاتی کوەیت و سعودیا و ئێرانە، هەر یەک لەو وڵاتانە جاڕی ئەوە دەدات کە کێڵگەکە کەوتۆتە ناو سنوورە دەریاییەکانی ئەو. سنوورە دەریاییەکانی ئەو ناوچەیە جارێ نەکێشراوە، وا بە ساناییش لە ئایندەیەکی نزیکیشدا یەکلایی ناکرێتەوە. لە هەنگاوێکی کتوپڕدا، کە هەم وڵاتانی ناوچەکە، وە هەم کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی شۆک کرد، ئێران بڕیاری تاکلایەنەی خۆی بۆ دەستپێکردنی کارکردن لە دوڕا لە ساڵی ٢٠٢٣دا ڕاگەیاند.
ئەم بڕیارە ناڕەزایی توندی کوەیت و سعودیای بەدوای خۆیدا هێنا و ڕایانگەیاند کە هەنگاوەکانی ئێران، پێشێلکردنێکی ئاشکرای مافە هاوبەشەکانیانە لەم کێڵگە ستراتیجییەدا.
بابەتەکە بە خێرایی پەرەی سەند و پەیوەندییە جیۆپۆلەتیکییەکانی ناوچەکەی لە کەنداودا گرژتر و ئاڵۆزتر کرد.
لەگەڵ بەتینبوونی شەڕی ڕاگەیاندن و لێڵبوونی ئاسۆی چارەسەرێکی گونجاو بۆ ئەو کێشە مەترسیدارە، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە دڵەڕاوکێوە لە کاریگەری کێشەکە لە سەر بازاڕی وزەی جیهاندا دەڕوانێت لە ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی کێڵگە زەبەلاحەکەی دوڕا…..
کێڵگەی گازی سروشتی دوڕا کە هێمای سەقامگیری و سامان و خۆشگوزەرانی بوو بۆ کوەیت و سعودیا، بۆتە بۆمبێکی تەوقیتکراو کە هەڕەشەی تێکدانی هاوسەنگی ناسکی هێز لە کەنداودا دەکات، هاوکات لەگەڵ لاسەنگبوونی بازاڕی وزە، بەهۆی جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا، بە دوور نازاندرێت کە لە ئەگەری بەرپابوونی هەر ڕووبەڕووبوونەوەیەکدا، بازاڕی وزەی جیهان بەتەواوی دووچاری نەهامەتی و وێرانکاری ببێتەوە.
سعودیا نزیکبوونەوەی هەڵبژارد لە ئێران و بە سپۆنسەری چین خۆی لە پروشکەی ئاگری حووسییەکانی یەمەن پاراست. هەنگاوەکانی سعوودیا عاقڵانی بوون، بەڵام یەک درزی سەرەکی هەیە کە ڕێککەوتنەکەی لەرزۆک کردووە و دوور نییە هەر ئەو درزەش ڕێککەوتنەکە دووچاری داڕمان بکاتەوە…..درزی ڕێککەوتنی نێوان ڕیاز و تاران ئەوەیە کە ئەمریکا لە ڕێککەوتنەکەدا لە دەرەوەی بازنەدایە….
ئیدی کۆهین ڕۆژمامەنووس و چاودێری سیاسی ئیسرائیلی بە تەنزەوە دەڵێت: وەزیری بەرگری سعودیا هانای بۆ پێنتاگۆن بردوە کە فریایان بکەون لە پلانی داگیرکاری ئێران” کۆهین دەڵێت وەڵامی پێنتاگۆن ئەوە بووە: با دەڵاڵی ڕێککەوتنەکەتان چین بە هاناتان بێت!
هیچ دوور نییە ڕێگاخۆشکردن بۆ ئێران کە دەستتێوەردان بکات و کێڵگەی گازی سروشتی دوڕا داگیر بکات، تۆڵەی ئەمریکا نەبێت لە سعودیا، کە لە پشتسەری واشینگتۆنەوە بە سپۆنسەری چین، ڕێککەوتنی لەگەڵ تاران کردووە.
سەد ساڵ بەر لە ئێستا، (کالۆست گولبەنکیان)ی ئەرمەنی، ئامۆژگارییەکی ئەڵماسی پێشکەش بە بەریتانیا و فەرەنسا کرد و گوتی: “بۆ ئەجێندا و پرۆژەکانتان، هەمیشە وا باشە ئەمریکا لە ناو بازنەتاندا بێت”. ئەمریکا لە دەرەوەی بازنەدا بێت، خۆتان بۆ پێشهاتەی شۆکهێنەر ئامادە بکەن…..
تێبینی:
- عێراقیش پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە لە کێڵگەی گازی دوڕەدا مافی هەیە. بەشێک لە دەنگە ناڕازییەکانی عێراق لەوە دوورتر دەڕۆن و جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئەو کێڵگەیە بە تەنها موڵکی عێراقە. لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، چەند پەرلەمانتارێک داوایان لە حکومەتی عێراق کردووە کە یاداشت پێشکەش بە ئەنجومەنی ئاسایش بکات سەبارەت بە هەر دانوستانێکی نێوان کوەیت، سعودیە و ئێران سەبارەت بە دیاریکردنی سنوورە دەریاییەکان، داواش دەکەن عێراق لایەنێک بێت لە هەر دانوستانێکی لەو جۆرە. بەشێک لە چاودێران پێیان وایە هێنانە ناوەی عێراق بۆ ناو باسەکە، بۆ پتر ئاڵۆزکردنی ڕەوشەکەیە و دەستی ئێرانی لە پشتە.