روونبین
- بەپێی زانیارییەکانی روونبین هەموو ئەو کۆمپانیا نەوتیانەی لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم کار دەکەن زۆربەی کارمەندەکانیان ئیزنداوەو بەشێکی کەم لە کارمەندەکانیان ستاندباین و ژمارەیەکی زۆر کەمتریان کە کەمترین ڕێژەیە هێشتووەتەوە لە کێڵگەکاندا کاربکەن.
- بە هۆی ئەوەی بەرهەمهێنان لە زۆربەی کێڵگەکاندا وەستاوە و وەبەرهێنانیش بۆ نزمترین ئاست کەمکراوەتەوە، ئەگەر تەواو نەوەستابێت. کۆمپانیاکان بۆ کەمکردنەوەی زیانەکانیان ئەم هەنگاوەیان ناوە تاوەکو خەرجی کەمکەنەوە .
- تەنانەت ئەو کۆمپانیایانەی کە لە ئێستادا دەستیان بە بەرهەم هێنانیش کردووەتەوە زۆربەی کارمەندەکانیان جوابکردووە و بەشێکی تریش لەکارمەندەکان بۆ کاتێکی نادیار لەماڵەوەن دەبێت چاوەڕێی بانگ کردنەوەیان بکەن هەروەها چەند کارمەند و ئەندازیارێکی کەم لە کێڵگەکاندا ماونەتەوە.
- روونبین زانیویەتی تەنانەت ئەو کۆمپانیایانەی ئێستا نەوت بەرهەم دەهێنن لەماوەی رابردوودا نەوتیان بە ٣٠ بۆ ٣٥ دۆلار کەمتر لەنرخی بازاڕ دەفرۆشت بە بازاڕی ناوخۆ, بەڵام لەمانگی حوزەیرانە وە داشکاندنەکە زیاتر بووە و ئێستا بە ٤٠ دۆلار کەمتر لەنرخی بازاڕی جیهانی نەوتەکەی دەدرێت بەبازاڕی ناوخۆ .
- لە ئەنجامی وەستانی هەناردەی بەرهەم زیانێکی زۆر بە هێزی کاری نەوت کەوتووە لەگەڵ بەردەوامی ئەم بارودۆخەدا فشاری زیاتر دەکەوێتە سەر کۆمپانیا نەوتییەکان و لەئەنجامدا هێزی کار نەوتی هەرێم .
- لە دوای بڕیاری دادگای نێوبژیوانی پاریس لە ٢٥ی ئازارەوە هەناردەی نەوتی هەرێم وەستاوە و دوای ئەوەی هەرێم لە ٤/٤ ی چوارەوە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ رێکەوت بە رادەستکردنی فرۆشتنی نەوتی هەرێم بەسۆمۆ بەڵام لەو کاتەوە بەغداد هیچ هەنگاوێکی کردەیی نەناوە بەئاراستەی دەستپێکردنەوەی هەناردە یان وەرگرتنی بەرهەمی نەوتی هەرێم بۆ بەکار هێنانی ناوخۆ ، ئەمەش بە فشاری بەغدا دادەنرێت بۆ ئەوەی شکست بە پیشەسازی نەوت لەهەرێم بێنێت یاخود لانیکەم هەرێم بەتەواوەتی ئەو سێکتەرە بەناچاری رادەستی بەغداد بکات.